لە 24 سەعاتی رابردوودا زیاتر لە 20 كەشتی گەرووی هورمزیان تێپەڕاندووە

عیراق 02:17 PM - 2026/04/15

هەرچەندە سێنتكۆم دەڵێت لەو كاتەوەی گەمارۆیی دەریایی  دۆناڵد ترەمپ بۆ سەر بەندەرەكانی ئێران چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە ، رێگە بە تێپەڕ بوونی هیچ كەشتییەك نەدراوە ، بەڵام میدیاكانی ئەمریكا لە زاری بەرپرسانی وڵاتەكەوە  ئاشكرایدەكەن ،جووڵەی كەشتیە بازرگانییەكان لە گەرووی ستراتیژیی هورمز دەستی پێكردووەتەوە و هێزەكانی سێنتكۆمیش سەرقاڵی پاككردنەوەی مینە دەریاییەكانن بۆ دەستەبەركردنی ئاسایشی دەریاوانی.

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكی لەزاری بەرپرسانی وڵاتەكەوە بڵاویكردووەتەوە، لە 24 سەعاتی رابردوودا زیاتر لە 20 كەشتیی بازرگانی توانیویانە بە ناو گەرووی ستراتیژیی هورمزدا تێپەڕ ببن. ئەو كەشتییانەی گەرووەكەیان بڕیوە بریتین لە كەشتیی بارهەڵگر، كۆنتێنەر و كەشتیی نەوتهەڵگر كە چوونەتە ناو كەنداو یان لێی هاتوونەتە دەرەوە.

هەرچەندە هاتوچۆكە هێشتا بەراورد بە پێش جەنگ زۆر كەمە، بەڵام ئەمە وەك پێشوەچوونێك لەو ڕێڕەوە ئاوییەدا دەبینرێت.بەپێی زانیاریەكانی رۆژنامەكە،بۆ كەمكردنەوەی مەترسیی هێرشەكانی ئێران، هەندێك لەو كەشتییە بازرگانییانەی تێپەڕیون ئامێری پەیوەندی و شوێنپێهەڵگرتنیان  كوژاندووەتەوە.

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشكردووە ، ئەو گەمارۆ دەریاییەی لەلایەن ئەمریكاوە سەپێندراوە، تەنیا بەندەرەكانی ئێران دەگرێتەوە. بەو پێیەش، ئەو كەشتییە بازرگانییانەی كە ڕوویان لە بەندەرەكانی تری ناوچەكەیە و مامەڵە لەگەڵ ئێران ناكەن، رێگەیان پێ دەدرێت بە ئازادی و بەبێ هیچ ڕێگرییەك لە گەرووی هورمزدا هاتوچۆ بكەن، ئەمەش بۆ ئەوەیە كە كاریگەرییەكانی جەنگ لەسەر ئابووریی وڵاتانی تری ناوچەكە كەم بكرێتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو