داهاتی چارەكی یەكەمی ئەمساڵی دەروازە سنوورییەكان 826 ملیار دینار بووە

کوردستان 10:19 AM - 2026/04/15

سەرەڕای كاریگەرییەكانی جەنگ، عیراق توانیویەتی لە سێ‌ مانگی یەكەمی ئەمساڵدا داهاتی دەروازە سنوورییەكانی بە شێوەیەكی بەرچاو بەرز بكاتەوە و هەوڵەكانی بۆ كەمكردنەوەی پشتبەستن بە داهاتی نەوت چڕتر بكاتەوە.

عومەر وائیلی، سەرۆكی دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عیراق ڕایگەیاندووە، داهاتی چارەكی یەكەمی ئەمساڵی دەروازەكانی عیراق گەیشتووەتە 826 ملیار دینار. 

ئاماژەی بەوەشكردووە،  سەرەڕای جەنگی ئێران، تەنیا لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا داهاتی دەروازە سنوورییەكان 414 ملیار دینار بووە، ئەمەش نیشانەی بەردەوامیی جووڵەی بازرگانییە لە دەروازەكاندا.سەرۆكی دەستەی دەروازە سنوورییەكان ئاشكرایكردووە،زیادبوونی داهاتەكان لە ئەنجامی مۆدێرنكردنی میكانیزم و سیستەمەكان بووە، كە ئێستا لە دەروازە سنوورییەكانی عیراق سیستەمی ئەسیكۆدا جێبەجێ دەكرێت، كە سیستمێكی نێودەوڵەتییە و لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە چاودێری دەكرێت.

ئەم سیستمە پڕۆسەی پارەدان كۆنترۆڵ دەكات و داهاتی دەروازەكان راستەوخۆ بە بانكی ناوەندییەوە دەبەستێتەوە بۆ دابینكردنی شەفافییەتی زیاتر.

ساڵی رابردوو داهاتی نەوتی عیراق 88%ـی كۆی داهاتی وڵاتەكەی پێك هێناوە و داهاتی نانەوتی تەنیا 12% بووە. حكومەتی عیراق لە پلانیدایە لە ڕێگەی زیادكردنی باجی گومرگی و ڕێكخستنەوەی كەرتە نانەوتییەكان، داهاتی نانەوتی بگەیەنێتە ئاستی 17% بۆ 20%، تا ئابووریی وڵات لە مەترسییەكانی دابەزینی نرخی نەوت بپارێزێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو