سێیەم چوارشەممەی مانگی نیسان جەژنی سەری ساڵی ئێزدییە كە كۆنترین جەژنیانە، بەو بۆنەیەوە لە لالش ئاهەنگ دەگێڕن و 365 چرا دادەگیرسێنن و خۆراك بەسەر هەژاراندا دابەش دەكەن.
جەژنی سەری ساڵ بە چوارشەممەی سور-یش ناسراوە، كە لە ئێوارەی رۆژی سێشەممەوە دەستپێدەكات و ئێزدییەكان ماڵەكانیان دەڕازێننەوە و سەردانی گۆڕی ئازیزانیان دەكەن، پاشان بۆ رۆژی دواتر كە یەكەم چوارشەممەی رۆژژمێری رۆژهەڵاتی ئێزدییەكان و سێیەم چوارشەممەی رۆژژمێری زاینییە لە پەرستگای لالشەوە دەست بە ئاهەنگێڕان دەكەن، كە لەلایەن بابا شێخی ئیزدییەكانەوە سەرپەرشتیی دەكرێت و ئاگر لە پەرستگەكە دەكرێتەوە، دواتر 365 چرا دادەگیرسێنن، كە بە واتای ژمارەی رۆژەكانی ساڵ دێت و واتا و مەبەستی ئاگركردنەوە لەو پەرستگەیە، دوورخستنەوەی ڕۆحە خراپەكان و ئاماژەی هاتنی خێر و خۆشییە.
لە چوارشەممەی سووردا هەموو خێزانێكی ئێزدی ژمارەیەك هێلكەی كوڵاو ئامادە دەكەن، دواتر دەستدەكەن بە رەنگكردنیان و بەسەر ماڵە هەژارەكاندا دابەشی دەكەن، هەروەها ئەوان لەو مانگەدا هاوسەرگیری ناكەن و لەو باوەڕەدان بەهار مانگی پشكوتنی گوڵ و گوڵزارە.
ئێزدییەكان لە ساڵێكدا شەش جەژنیان هەیە، ئەوانیش جەژنا رۆژیێن ئیزی، چوارشەمما نیسان، خدر ئەلیاس، جەژنا چلەی هاوینێ و چلەی زستانێ، جەژنا قوربان.
سەرژمێرییەكان بۆ ئێزدییەكان لەعیراق نیشانی دەدەن 500 بۆ 700 هەزار كەسن و كەوتوونەتە هەردوو شاری شێخان باكووری پارێزگای موسڵ و شنگال لەسەر سنووری سوریا، بەدرێژی 80 كلیۆمەتر لەدووری پارێزگای موسڵ، كە چەندین شارۆچكەو گوندی گەورەو بچوك و ئۆردوگای نیشتەجێبوون لەخۆدەگرن و هاوكات قەزای زاخۆو سمێڵ لە پارێزگای دهۆك.