دوای ئەوەی دانوستانەكانی لوبنان و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی ئەمریكا لە واشنتۆن بەڕێوەچوو، هەرسێ لایەن راگەیەنراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە و تیایدا تەئكیدیان لە راگرتنی دەستبەجێی هێرشەكان و چەكداماڵینی حزبوڵا كردەوە ، هاوكات لایەنەكان ڕێككەوتن لەسەر دەستپێكردنی دانوستانی راستەوخۆ لە كات و شوێنێكدا كە دواتر دیاری دەكرێت.
لە راگەیەنراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە ،ئەمە یەكەمین كۆبوونەوەی ئاست بەرزە لە نێوان لوبنان و ئیسرائیلدا بەڕێوەبچێت، لە دوای ساڵی 1993ەوە، ئەویش ئیمزاكردنی رێككەوتنی ئۆسڵۆ بوو لە 13ی ئەیلولی 1993.لە راگەیەندراوە هاوبەشەكەدا واشنتۆن تەئكیدی كردووەتەوە لەوەی پێویستە رێككەوتن و ئاگربەست لەژێر چاودێریی ئەواندا بكرێت و لە رێگەی رێڕەوێكی جیاوازەوە نەبێت، باسلەوەشكراوە،دانوستانەكان رێگە خۆشكەر دەبن بۆ گەیاندنی هاوكاری بۆ ئاوەدانكردنەوەی لوبنان،
جگە لەوەش تەئكید لە مافی ئیسرائیل كراوەتەوە بۆ بەرگری لەخۆكردن بەرامبەر بە حزبوڵا.هەروەها واشنتۆن پشتیوانی خۆی بۆ پلانەكانی حكومەتی لوبنان دووپاتكردووەتەوە، بۆ هێشتنەوەی چەك تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا و ئیسرائیلیش پابەندبوونی خۆی بە كاركردن لەگەڵ حكومەتی لوبنان، بۆ چەكداماڵینی حزبوڵا دووپاتكردووەتەوە، لوبنانیش تەئكیدی لەسەر پێویستی جێبەجێكردنی رێككەوتنی وەستاندنی شەڕ كردووەتەوە، كە لە تشرینی دووەمی 2024دا ئیمزاكرا و داوای ئاگربەست و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویستیان كردووە، بۆ چارەسەركردنی قەیرانی مرۆیی لە وڵاتەكە.