ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٥ی نیسانی ٢٠٢٦، سەرۆک کۆمار بەڕێز نزار ئامێدی لە کۆشکی بەغداد پێشوازی لە دکتۆر هەڵۆ عەسکەری، وەزیری ژینگە و وەفدی یاوەری کرد.
وەفدی میوان بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەک سەرۆک کۆمار، پیرۆزبایی و دەستخۆشییان ئاراستەی سەرۆک نزار ئامێدی کرد و هیوای سەرکەوتنیان لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیدا بۆ خواست.
بەڕێز سەرۆک کۆمار سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەو پیرۆزبایی و هەستە جوانانە دەربڕی و جەختی لەسەر گرنگی ئەو ڕۆڵە کردەوە کە وەزارەت دەیگێڕێت لە پاراستن و باشترکردنی ژینگە، کەمکردنەوەی پیسبوون، پاراستنی سەرچاوە سروشتییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی لەم بوارەدا.
لای خۆشیەوە، وەزیری ژینگە پێزانینی هەبوو بۆ ڕێنماییەکانی بەڕێز سەرۆک کۆمار سەبارەت بە پاراستنی ژینگەیەکی پاک و خاوێن، و کورتەیەکی لە پلانی ئایندەی وەزارەت لەم بارەیەوە خستەڕوو.