داهاتی نانەوتی هەرێم گەیشتە بەغداد

کوردستان 01:52 PM - 2026/04/08


ئەم ماوەیە هەمووان چاوەڕوانی ئەنجامی شەڕ و ئاڵۆزییەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا بوون ، سوپاس بۆ خوا ئێستا شەڕ راگیراوە ، جا دوای  هەواڵی جەنگ گرنگترین و خۆشترین هەواڵ بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان هەواڵی مووچەیە، ئێه منیش هەواڵە خۆشەكەم بۆ هێناون و پێتان دەڵێم بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی كە كردوومانە  و بەپێی ئەو سەرچاوە ئاگادارانەی پێیان راگەیاندووین ، ئەمڕۆ 90 ملیار دینار وەك داهاتی نانەوتی رەوانەی  بەغداد كراوە ، هەربۆیە چاوەڕوان دەكرێت لە چەند سەعاتی داهاتوودا پرۆسەی خەرجكردنی مووچە دەستپێبكات.
بەپێی سەرچاوە ئاگادارەكانمان،ئەمڕۆ داهاتی نانەوتیی هەرێمی كوردستان لە لقی بانكی فیدراڵی لە هەولێر خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ،تێكڕای داهاتەكە بۆ مانگی ئادار بڕی 90 ملیار دینار بووە، كە بڕی 20 ملیار دیناری لە داهاتی پارێزگای سلێمانییەوە دابینكراوە. بە ناردنی ئەم داهاتە و راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە، ئاستەنگەكانی بەردەم خەرجكردنی مووچە نامێنن.داهاتی نانەوتیی ئەم مانگە بەراورد بە مانگەكانی رابردوو بڕی 30 ملیار دینار كەمی كردووە، چونكە لە مانگەكانی پێشوو بڕی 120 ملیار دینار رەوانە دەكرا. هۆكاری ئەم كەمبوونەوەیە بۆ هەڵگیرسانی جەنگی ئێران دەگەڕێتەوە، كە بووە هۆی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەكان و كەمبوونەوەی داهات لە زۆربەی سێكتەرەكاندا.
هاوكات دوێنێش لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق ، محەمەد شیاع سودانی  تەیف سامی وەزیری دارایی راسپار پارەی مووچەی مانگی سێی هەرێم خەرج بكات ، هەر بۆیە پێشبینی دەكرێت ئەمڕۆ یان سبەی  رێكارەكانی ناردنی مووچە بۆ هەرێم دەستپێبكات و لەگەڵ گەیشتنی تەواوی پارەكە  هەرێمیش دەست بە دابەشكردنی مووچە بكات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو