دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا جارێكی تر بڕیارێكی لە ناكاوی داو رایگەیاند، فەرمانی بە وەزارەتی جەنگ كردووە، هێرشە سەربازییەكانیان بۆ سەر وێستگەكانی كارەبا و ژێرخانی وزەی ئێران بۆ ماوەی پێنج رۆژ دوابخات.
ترەمپ لە پەیامێكدا رایگەیاند،خۆشحاڵم بە راگەیاندنی ئەوەی كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و وڵاتی ئێران، لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا، گفتوگۆی زۆر باش و بەرهەمداریان هەبووە ، سەبارەت بە چارەسەركردنی تەواو و هەمەلایەنەی دوژمنایەتییەكانمان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ترەمپ باسی لەوەشكردووە،بەپێی شێواز و كەشوهەوای ئەم گفتوگۆ قووڵ و ورد و بونیادنەرانەی كە بە درێژایی هەفتەكە بەردەوام دەبن، فەرمانی بە وەزارەتی جەنگ كردووە، سەرجەم هێرشە سەربازییەكان بۆ سەر وێستگەكانی كارەبا و ژێرخانی وزەی ئێران بۆ ماوەی پێنج رۆژ دوابخات، ئەمەش بەندە بە سەركەوتنی كۆبوونەوە و گفتوگۆ بەردەوامەكان.
هەرچەندە تائێستا هیچ بەرپرسێكی ئێران بەڕەسمی وەڵامی پەیامەكەی ترەمپی نەداوەتەوە، بەڵام سەرچاوەیەك لەوەزارەتی دەرەوەی ئێران بەمیدیاكانی وڵاتەكەی راگەیاندووە: كەهیچ گفتووگۆیەك لەنێوان تاران و واشنتۆن ئەنجام نەدراوە، باسی لەوەشكردووە: ئەو قسانەی ترەمپ بۆ بەدەستخستنی كات و رێگرییە لەبەرزبوونەوەی نرخی نەوت و وزە.
لەلایەكی ترەوە پێگەی ئەكسیۆس بڵاویكردووەتەوە كە هەریەك لەمیسر و پاكستان و توركیا بۆ راگرتنی جەنگەكە پەیامیان لەنێوان واشنتۆن و تاران ئاڵوگۆڕكردووە.
هەر لەكاردانەوەی ئەم پێشهاتەدا بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند: رێگری لەرێككەوتنی خراپ دەكەن.
هاوكات كیرستارمەر سەرۆك وەزیرانی لەسەر ئاستی جیهان وەك یەكەم كەسایەتی باڵا، پێشوازی لەدەستپێكردنەوەی گفتووگۆكانی نێوان ئەمریكا و ئێران كرد.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا 22ی ئەم مانگە ،سەعات دوو 44 دەقیقەی بەرەبەیان لە ترووس سۆشیاڵ هۆشدارییەكی تووندی دایە تاران و رایگەیاند،ئەگەر ئێران بە تەواوی، بەبێ هەڕەشە، لە ماوەی 48 سەعاتدا گەرووی هورمز نەكاتەوە ، ئەمریكا هێرش دەكاتە سەر وێستگە كارەباییە جیاوازەكانیان و دەیانسڕێتەوە،ترەمپ هۆشداییەكەشی توندتركردەوە كە لە ئەگەری نەكردنەوەی گەرووەكە،سەرەتا لە گەورەترین وێستگەكەوە دەست پێدەكەن.لەبەرامبەردا، ئێرانیش وەڵامی هەڕەشەكەی ترەمپی داوەتەوە و رایگەیانندووە،كاری وا بكەن، هەموو ژێرخانەكانی وزەی ئەمریكا و ئیسرائیل لە ناوچەكە دەكەنە ئامانج و دەست ناپارێزن.ئەم هۆشدارییەش تەنها چەند سەعاتێكی كەمی ماوەو چاوەكان لەسەر ئەوەن ئێران گەرووەكە بكاتەوە و كۆتایی بەو تەنگەژانە بهێنێ كە بەهۆی داخرانییەوە رووبەرووی جیهانبووەتەوە بەتایبەت قەیرانی سوتەمەنی و زیاد بوونی بەرچاوی نرخی بەنزین و نەوت.