ئیسرائیل شەوێكی قورسی بەڕێكرد ئەمڕۆ 23 رۆژە جەنگ بەردەوامە

عیراق 11:37 AM - 2026/03/22

 جەنگی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریكا لەبری هێوربوونەوە پێی نایە قۆناغێكی سەختەوە، ئەمڕۆ 23 رۆژە جەنگ بەردەوامە، شەوی رابردوو تەنها بۆ تاران و شارە گەورەكانی ئێران سەخت نەبوون، بۆ ئیسرائیلیش بە دانپێدانانی سەرۆكوەزیرانەكەی شەوێكی قورس بوو.


لە شارەكانی عەراد و دیمونە و ناوچەكانی باشوری ئیسرائیل، 175 كەس بەهۆی هێرشی موشەكیی ئێرانەوە برینداربوون، ئەمەش لە وەڵامی هێرشەكانی ئیسرائیل بوون كە بۆسەر ئێران و بەدیاریكراوی بۆسەر وێستگەی ئەتۆمیی نەتەنز ئەنجامیدا.

بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل دانی بەوەدانا ئیسرائیل شەوێكی قورسی بەڕێكردووە.

سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل جەنگ لەگەڵ ئێرانی بە جەنگی داهاتوو ناوبرد و رایگەیاند بەردەوام دەبن لەڕوبەڕوبوونەوەی دوژمن.

سوپای ئیسرائیل دووپاتی كردووەتەوە، موشەكێكی ئێرانی كە كێشی زیاتر لە 450 كیلۆبووە راستەوخۆ بەر ناوەندی شاری عەراد كەوتووە، دوای ئەوەی سیستمی بەرگریی ئیسرائیل شكستیهێناوە لەخستنەخوارەوەی، بەپێی هەواڵی كەناڵی 12 ی ئیسرائیل دیمەنەكان لە عەراد خەماویترین دیمەن بوون لەسەرەتای جەنگەوە لەگەڵ ئێران.

شاری عەراد ببوونە ئامانجی راستەوخۆی موشەكەكانی ئێران، ئەمەش پاش چەند سەعاتێك لە بە ئامانجگرتنی شاری دیمونە لەلایەن ئێرانەوە بە چەند موشەكێك.


دوای هێرشەكان محەمەد باقر قالیباف، سەرۆكی پەرلەمانی ئێران لە سەكۆی ئێكس نوسیویەتی،  ئەگەر ئیسرائیل نەیتوانیبێت بەرگری لە ناوچەیەكی پارێزراوی وەك دیمونە بكات، ئەوا مانای وایە چوینە قۆناغێكی تازەی شەڕەكە و ئاسمانی ئیسرائیل كراوەیە.

هێرشە قورسەكانی ئێران و ئیسرائیل بۆسەر یەكتر لەكاتێكدان، جەنگی نێوان ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریكا پێی ناوەتە چوارەم هەفتەوە، بەردەوامی ئەو جەنگە لەكاتێكدایە، نرخی نەوت بەردەوامە لە بەرزبوونەوە، بەرمیلێك نەوتی خاوی برێنت لەمانگی رابردوەوە 50% نرخەكەی بەرزبووەتەوە، ئێستا 105 دۆلاری بۆ بەرمیلێك تێپەڕاندووە.
 

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو