ئەنجوومەنی كاتیی بەڕێوەبردنی ئێران كۆبووەوە و پلانی دانا بۆ هەڵبژاردنی ڕابەری نوێی وڵات، لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای شارەزایان، بەڵام هیچ كاتێكی بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەكە دیاری نەكرد.
ئەنجوومەنی كاتیی بەڕێوەبردنی ئێران، چوارەم كۆبوونەوەی لە دوای بەئامانجگرتنی عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران،ئەنجامدا و، بەپێی ماددەی 111ی دەستوور، پلانی دانا بۆ كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای شارەزایان و دیاریكردنی رابەری نوێی وڵات.لە كۆبوونەوەكەدا، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی لە بارەی دوایین پێشهاتەكانی جەنگ راپۆرتێكی پێشكەشكرد.
هەروەها ئەنجوومەنەكە بڕیاریدا، هێزە چەكدارەكان بەهێز بكرێن، لەگەڵ پێشكەشكردنی پاڵپشتیی زیاتر لەم دۆخەی ئێستا تا بە بەهێزی لە جەنگەكەدا بمێننەوە.بەپێی میدیا ئێرانییەكان، لە بەشێكی كۆبوونەوەكە باس لەوە كراوە، دەبێت حكومەت ئامادەكارییەكانی بۆ پێویستی ناوخۆ بخاتەكارو لەوبارەیەوە، هەموو دەزگاكانی دەوڵەت راسپێردراون بە جێبەجێكردنی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی كاتی بەڕێوەبردنی وڵات لە دابینكردنی پێداویستییە سەرەكییەكان بەتایبەت كاڵا بنەڕەتییەكان و دەرمان.
هاوكات، موحسین دەهنەوی وتەبێژی ئەنجوومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی ئێران رایگەیاند، بەشێك لە دەسەڵاتەكانی ڕابەر گواستراونەتەوە بۆ ئەنجوومەنی كاتیی بەڕێوەبردنی وڵات، لەوانەش دەسەڵاتی راگەیاندنی شەڕ و ئاشتی، دانان و لابردنی بەرپرسانی باڵای سوپا.
ئەنجوومەنی كاتیی بەڕێوەبردن، دوای بەئامانجگرتنی عەلی خامنەیی لە هێرشێكی ئاسمانی ئەمریكا و ئیسرائیلدا لە 28ـی شوبات پێكهێندرا، ئەم ئەنجوومەنە بەپێی ماددەی 111ـی دەستوور كارەكانی دەكات و لە مەسعوود پزیشكیان سەرۆك كۆمار، غوڵام حسین حوحسنی سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری و عەلیڕەزا ئەعرافی، نوێنەری ئەنجوومەنی هەمواری دەستووری ئێران.
ئەنجوومەنی كاتیی بەڕێوەبردنی ئێران بەپێی دەستوور لەدوای كوژران یان كۆچی دوایی رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران كۆدەبێتەوە و رێنمایی بۆ هەڵبژاردنی رێبەری نوێ بە ئەنجوومەنی باڵای شارەزایان دەدات كە 88 ئەندام پێكدێت، ئەو ئەنجومەنە لەكۆبوونەوەیەكدا بەدەنگی ئەندامانی رابەری نوێ هەڵدەبژێرێت.
بەڵام لەچەند رۆژی رابردوودا باڵەخانەی ئەنجوومەنی باڵای شارەزایان لەلایەن هێزی ئاسمانی ئیسرائیلەوە لەتاران بۆردوومان كراو باڵەخانەكە خاپووربوو.