لە شەشەم رۆژی جەنگدا، سوپای پاسدارانی ئێران دەستپێكردنی شەپۆلێكی نوێی هێرشی مووشەكی و درۆنی بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە و ئیسرائیل راگەیاند.
پەیوەندییە گشتییەكانی سوپای پاسداران دەستپێكردنی شەپۆلی 19هەمی هێرشەكانی لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنی (بەڵێنی راستگۆیی 4) رایگەیاند.
بەپێی راگەیەندراوەكەی سووپا، هێرشەكان بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە وڵاتانی ناوچەكە و ژمارەیەك ئامانج لەنێو خاكی ئیسرائیلن، بەڵام ئامانجەكانی بە وردی دیاری نەكردوون.
بەیانی رۆژی شەممە، هێرشی بەرفراوانی و هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمریكا بۆ سەر ئێران دەستیپێكرد و تا ئێستاش بەردەوامە، لە ئەنجامی هێرشی هەردوولا دەیان لێپرسراوی باڵای ئێران لەنێویاندا عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران كراونەتە ئامانج، جگە لەوەی زیاتر لە هەزار كەس كوژراون و هەزار كەسی تریش برینداربوون.
لە وەڵامی هێرشەكانی تەلئەبیب و واشنتۆن، هێزە چەكدارەكانی ئێران بەتایبەتی سوپای پاسداران چەندین هێرشی درۆنی و مووشەكییان كردووەتە سەر ئیسرائیل و بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە وڵاتانی كەنداو هێرشەكانیش زیانی گیانی و مادییان هەبووە.