حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەو ڕاپۆرتو زانیارییانە ڕەت دەكاتەوە كە باس لە پڕچەك كردنو ناردنی هێزە كوردییەكان بۆ ناو خاكی ئێران دەكەنو دەشڵێت، هەرێمی كوردستانو حزبەكانی بەشێك نین لە هیچ هەڵمەتێك بۆ فراوانكردنی شەڕو ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەو ڕاپۆرتانەی باس لە ڕۆڵی هەرێمی كوردستان دەكەن، كە گوایە بەشێكە لە پیلانێك بۆ پڕچەككردن و ناردنی حزبە كوردییە ئۆپۆزسیۆنەكان بۆ ناوخاكی ئێران، بەتەواوی ناڕاستن و ڕەتیان دەكەینەوەو بە مەبەست بڵاودەكرێنەوە.
تەئكیدی كردۆتەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستانو حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، بەشێك نین لە هیچ هەڵمەتێك بۆ فراوانكردنی شەڕو ئاڵۆزییەكان لە ناوچەكەدا. بەپێچەوانەوە داوای ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەكە دەكەین و هێرشەكانی سەر هەرێمی كوردستان بە تەواوی شەرمەزار دەكەین، داواش لە حكومەتی فیدراڵ و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكات پەلامارەكانی سەر هەرێمی كوردستان ڕابگرن و خاك و خەڵكو ناوچەكە بپارێزن.