ئێران هێرشەكانی فراوانتر كردو یەكێكی تر لە دراوسێكانی كردە ئامانج، كە ئەویش وڵاتی ئازەربایجانە، بەگوێرەی زانیارییەكان هێرشەكە بە دوو درۆن ئەنجامدراوەو كراوەتەسەر پێگەیەكی هێزەكانی ئەمریكا لەنێو فڕۆكەخانەی ناخچیڤان. لە بەرامبەریشدا ئازەربایجان دەڵێت، مافی خۆمانە وەڵامی ئێرشە درۆنییەكەی ئێران بدەینەوە.
بەیانی ئەمڕۆ، ئێران بەدوو درۆن هێرشی كردەسەر بنكەیەكی ئەمریكا لە ئازەربایجان و وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەش دەڵێت لە ئەنجامی هێرشەكە دوو كەس برینداربوون.
سەرچاوەیەكی نزیك لە حكومەتی ئازەربایجان رایگەیاند، دوو درۆن كە لە ئێرانەوە رەوانەكراون لەنێو فڕۆكەخانەی نەخچیڤان كەوتوونەتە خوارەوەو زیانی بە بەشێكی فڕۆكەخانەكە گەیاندووە، زانیارییەكان باسلەوەدەكەن هێرشەكان ئاڕاستەی بنكەیەكی ئەمریكا لەنزیك فڕۆكەخانەكە كراون.
لایخۆشیەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان وێڕای ئیدانەكردنی هێرشەكان رایگەیاندووە، مافی وەڵامدانەوەی هێرشە درۆنییەكەی ئێرانیان هەیە كە بەهۆیەوە دوو كەس بریندار بوون. وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان راشیگەیاندووە، دوابەدوای هێرشەكان كە لە خاكی ئێرانەوە دەستیپێكرد، باڵیۆزی ئێرانیان بانگهێشت كردووە.