عەباس عیراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لەخولی دووەمی كۆبوونەوەكانی جنێڤ لەگەڵ وەفدی ئەمریكا لەسەر كۆمەڵێك بنەما رێككەوتوون كە زەمینە بۆ رێككەوتنێكی فراوان خۆش دەكات.
عەباس عیراقچی لە لێدوانێكدا، باسی لە خولی دووەمی دانوستانەكان لەگەڵ ئەمریكا كرد كە سێ سەعاتی خایاندووە و تێیدا ستیڤ ویتكۆف نێردەی تایبەتی ترەمپ و جارید كوشنەر، راوێژكاری دۆناڵد ترەمپ بەشدار بوون، بە وتەی عیراقچی لێكتێگەیشتنێكی باش لەنێوان هەردوولا دروست بووە و ئێستا رێگەیەكی روونتر لەبەردەمیاندایە، بەڵام قۆناغی نووسینەوەی دەقی رێككەوتنەكە قورس دەبێت.
لای خۆیەوە بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عوممان وەك نێوەندگیری دانوستانە ناڕاستەوخۆكان رایگەیاند، هەوڵی جددی دراوە بۆ دەستنیشانكردنی ئامانجە تەكنیكییەكان. راشیگەیاند، سەرەڕای هەوڵەكان، هێشتا كاری زۆر ماوە بكرێت تادەگەنە ئەنجامی كۆتایی.
لەگەڵ گفتوگۆ دیبلۆماسییەكان، ئەمریكا پڕۆسەی كۆكردنەوەی هێزی لە ناوچەكە گەیاندووەتە ئاستێكی بێ وێنە. بەپێی ڕاپۆرتێكی سی ئێن ئێن، زیاتر لە 50 فڕۆكەی جەنگی لە جۆرەكانی F-35، F-22 و F-16 تەنیا لە چەند سەعاتی رابردوودا بۆ ناوچەكە گواستراونەتەوە.