لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا، 85 وڵاتی ئەندام لە نەتەوە یەكگرتووەكان، گرتنەبەری ڕێوشوێنی نوێ لەلایەن ئیسرائیلەوە بە ئامانجی، فراوانكردنی ئامادەیی نایاسایی لە كەرتی رۆژئاوا، ئیدانە دەكەن و ترسی خۆیان دەربڕی لەوەی لكاندنی زەوییە فەلەستینییەكان ببێتە هۆی گۆڕانكاری لە پێكهاتەی دیمۆگرافی.
دوای هەفتەیەك لە پەسەندكردنی ڕێوشوێنی ئاسانكاری بۆ كڕینی زەوی لەلایەن دانیشتووانی ئیسرائیلەوە، حكومەتی ئیسرائیل بڕیاریدا پرۆسەی تاپۆكردنی زەوی لە كەناری رۆژئاوا خێراتر بكات، كە دەوڵەتی جولەكە لە ساڵی 1967ەوە داگیری كردووە. لە بەرامبەر ئەم بڕیارە 85 وڵاتی ئەندام لە نەتەوە یەكگرتووەكان كە بریتین لە فەرەنسا، چین، سعودیە و روسیا و هەروەها ژمارەیەكی زۆر لە رێكخراوەكانی وەك یەكێتیی ئەوروپا و كۆمكاری عەرەبی، بڕیار و كردەوە تاكلایەنەكانی ئیسرائیلیان بە ئامانجی فراوانكردنی بوونی نایاسایی ئیسرائیل لە كەناری ڕۆژئاوا ئیدانە كردو ئاماژەیان بەوەكرد، ئەم سیاسەتانە پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكان پێكدەهێنن، هەوڵە بەردەوامەكان بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەكەدا تێكدەدەن، هەروەها هەڕەشە لە چانسی گەیشتن بە رێككەوتنێكی ئاشتی دەكەن كە كۆتایی بە ململانێكان بهێنێت.
چالاكییەكانی نیشتەجێكردن لە سەردەمی حكومەتەكانی ئیسرائیل لە ساڵی 1967ەوە بەردەوام بووە، بەڵام لە سەردەمی حكومەتی ئێستای بنیامین ناتانیاهۆدا، بە تایبەت لە دوای دەستپێكردنی شەڕی غەززەوە لە 7ی تشرینی یەكەمی 2023، بەشێوەیەكی بەرچاو خێراتر بووە.