ئەنجومەنی سوریای دیموكرات (مەسەدە) هۆشداری، لەبارەی تێكچوونی خێرای دۆخی بژێوی و ئابووری لە ناوچە جیاوازەكانی سوریادا و رایگەیاند، پرسی نانی خەڵك، ئاسایشی خۆراك و تەندروستی لەپێشینەی كارە نیشتمانییەكانە و چیتر قابیلی دواخستن و پشتگوێخستن نییە.
ئەنجومەنی سوریای دیموكرات لەراگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەو ناڕەزایەتییە جەماوەرییە فراوانەی لە ناوچەكان دەبینرێت، گوزارشت لە مەینەتی رۆژانەی خەڵك دەكات بۆ دابینكردنی پێداویستییە سەرەتاییەكانی ژیان، خراپیی دۆخی مرۆیی و بژێوی لە كۆبانی، دێرەزوور و رەققە تا دەگاتە گەڕەكەكانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب و دیمەشقی پایتەخت و پارێزگاكانی تر، ئاماژەیەكی مەترسیدارە بۆ قوڵیی قەیرانەكە كە هەڕەشە لەسەقامگیریی نیشتمانی و كۆمەڵایەتی دەكات.
ئەمەش لەكاتێكدایە بەرزبوونەوەی نرخەكان، دابەزینی توانای كڕین، بێكاری و هەژاری گەیشتووەتە ئاستێك كە لە مێژووی وڵاتەكەدا وێنەی نەبووە. مەسەدە رەخنەی توند لە بەردەوامی سیاسەتەكانی حكومەت دەگرێت و دەڵێت، بەستنی جووڵەی ئابووری، سەپاندنی گەمارۆ بەسەر هەندێك ناوچەدا، نەبوونی پلانی فریاگوزاری و چاودێری نەكردنی نرخەكان، لەپاڵ گرانكردنی نان، كارەبا و سووتەمەنی، بێئومێدییەكی زۆری لای هاووڵاتییان دروستكردووە.
لە بەشێكی تری راگەیەندراوەكەدا، ئەنجومەنی سوریای دیموكرات داوا لە حكومەتی كاتی و هەموو لایەنە جێبەجێكارەكان دەكات، راستەوخۆ دەست بە داڕشتنی پلانی رزگاركردنی ئابووری بكەن كە ئامانجی یەكەمی پاراستنی هاووڵاتیان و دابینكردنی پێداویستییەكان بێت بە نرخێكی گونجاو.