باسم عەوادی: جێبەجێكردنی سیستمی ئەسیكۆدا پەیوەندی بە كەمی نەختینەوە نییە

عیراق 03:57 PM - 2026/02/18

حكومەتی عیراق بەرەسمی ئەو دەنگۆیانە رەتدەكاتەوە كە كێشەی كەمی پارەی نەختینە بە جێبەجێكردنی سیستمی ئەسیكۆداوە لە دەروازە سنوورییەكان دەبەستنەوە.

باسم عەوادی وتەبێژی حكومەتی عیراقیش رایدەگەیەنێت، ئەو زانیارییانەی باس لە هەبوونی پەیوەندی لە نێوان ئەو دوو بابەتەدا دەكەن، راست نین و هیچ بنەمایەكیان نییە.

بە وتەی باسم عەوادی، سیستمی ئەسیكۆدا سیستمێكی ئەلیكترۆنیی جیهانییە و لەلایەن رێكخراوی (ئۆنكتاد)ی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكانەوە پەرەی پێدراوە.

 ئەم سیستمە ئێستا لە 102 وڵاتی جیهاندا جێبەجێ دەكرێت و عیراقیش وەك پابەندبوونێكی نێودەوڵەتی كاری پێدەكات، بە تایبەت لە چوارچێوەی هەوڵەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاغچێتی دراو و سپیكردنەوەی پارە.

ئاماژەی بەوەشكرد، سیستمەكە داهێنانێكی ناوخۆیی نییە، بەڵكو ئامانج لێی ڕێكخستنەوەی كەرتی بازرگانی و گەرەنتیی دادپەروەرییە لە ڕكابەریی نێوان بازرگاناندا، جێبەجێكردنی ئەم سیستمە وەك هەنگاوێكی گرنگی چاكسازیی حكومەت هەژمار دەكرێت بۆ شەفافیەت لە داهاتەكان و كۆنتڕۆڵكردنی جموجۆڵە داراییەكان لە دەروازە سنوورییەكاندا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو