کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

گەمارۆی سەر كۆبانێ بەردەوامە و دۆخی مرۆیی خراپتر دەبێت

.

12:18 PM - 05/02/2026

 

 17 رۆژە كۆبانێ-ی رۆژئاوای كوردستان، لەژێر گەمارۆیەكی سەختدایە، كێشەی كەمی دەرمان، خۆراك، سووتەمەنی و زۆر بابەتی تر تا دێت قووڵتر دەبێتەوە.

 

 بەپێی هەوڵی میدیاكانی رۆژئاوای كوردستان، گرووپەكانی سەر بە حكومەتی كاتیی سوریا، ماوەی 17 رۆژە گەمارۆیەكی سەختیان لەسەر كۆبانێ و ژیانی نزیكەی 600 هەزار كەس داناوە.

 

بەهۆی ئەو گەمارۆیەوە، هەموو جۆرە دەرمانێك لەبەردەستدا نییە، بەتایبەتی دەرمانی چارەسەری پەستانی خوێن و نەخۆشی شەكرە، هەروەها توشبووانی نەخۆشی شێرپەنجەش ناتوانن بچنە دەرەوەی كۆبانی بۆ درێژەدان بە وەرگرتنی چارەسەرەكانیان. هاوكات، دانیشتوانی كۆبانێ رووبەڕووی كەمی شیری منداڵ و پێداویستی خۆراك و سوتەمەنی‌و كارەبا بوونەتەوە‌و دۆخێكی سەخت بەڕێدەكەن.

 

دامەزراوەی دابەشكردنی ئاو لە شاری كۆبانی لە ناوچەی فورات ئاشكرایكرد، بەهۆی پچڕانی كارەباوە 14 وێستگەی ئاوی خواردنەوە لەكاركەوتوون. هەروەها نزیكەی 20 ڕۆژە شاری كۆبانی و گوندەكانی رووبەڕووی كەم ئاوی بوونەتەوە، ئەوەش ژیانی زیاتر لە 500 هەزار كەسی خستووەتە مەترسییەوە.

 

دامەزراوەكە راشیگەیاندووە، دامودەزگاكانی حكومەتی كاتی لە سوریا نەیانتوانیوە ئەو بەڵێنانە جێبەجێ بكەن كە سەبارەت بە دابینكردنی كارەبا درابوون.

 

بەپێی رێككەوتنی 30ی كانوونی دووەم، كە لە نێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) و حكومەتی كاتیی سوریا، كە رۆژی دووشەممە كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە، دەبوو گەمارۆی سەر كۆبانێ هەڵبگیرێت، سەرەڕای كۆبوونەوەكانی نێوان هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی كۆبانێ و وەفدی وەزارەتی دەرەوەی حكومەتی كاتیی سوریا،بەڵام تا ئێستاش گەمارۆكە بەردەوامە.


 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە