.
10:48 AM - 10/09/2025
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان تاووتوێی چەند پرسێكی گرنگی ئابووری و یاسایی، سەبارەت بە دۆسییەی داهاتە نانەوتییەكان و هەناردەكردنەوەی نەوت دەكات.
بەپێی كارنامەی كۆبوونەوەكە، یەكێك لە تەوەرە سەرەكییەكان تاووتوێكردنی دواین پێشهاتەكانی دۆسیەی داهاتە نانەوتییەكان و هەوڵەكان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان. لەم چوارچێوەیەدا، بڕیارەكانی كۆبوونەوەی رۆژی نۆی ئەیلوولی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق دەخرێنەڕوو. هەروەها، لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا، كۆنووسی هاوبەشی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان سەبارەت بە پێشنیارەكانیان بۆ جێبەجێكردنی یاسای راژە و خانەنشینیی پێشمەرگە، ژمارە (38)ی ساڵی 2007، تاووتوێ دەكرێت.
تەوەرێكی تری گرنگی كۆبوونەوەكە بریتییە لە خستنەڕووی راسپاردەكانی وەزارەتی دارایی و ئابووری سەبارەت بە پێشكەشكردنی ئاسانكاری بۆ ئەو پێشینە و قەرزانەی كە تایبەتن بە بوژاندنەوەی كەرتەكانی خانووبەرە، كشتوكاڵ، پیشەسازی، نیشتەجێبوون و گەشتیاری.
لەكۆتاییدا، وەك هەنگاوێك لە چوارچێوەی پرۆسەی یەكخستنەوەی ڕێكارە داراییەكان لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی، وەزارەتی دارایی چەند پێشنیار و راسپاردەیەك بۆ یەكخستنی رێكار و رێنماییەكانی باج و رێژەكانیان لەنێوان دامەزراوەكانی هەردوو حكومەتدا دەخاتەڕوو.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە