کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا پێشوازی لە ئەندامانی دوو رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی عیراق و هەرێم کرد

.

06:27 PM - 04/09/2025

ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ی ئەیلول، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پێشوازیکرد لە ژمارەیەکی زۆر لە هەڵسوڕاو و چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی سەر بە سەنتەری ( عراقنا ) بۆ دیالوگ و پێکەوەژیانی ئاشیتیانە و بزاڤی ئاشتی کە بەشێکی زۆریان خەڵکی شاری بەغدا و شارەکانی دیکەی ناوەڕاست و باشووری عیراق بوون.

لەدیدارێکدا کە سمکۆ ئەسعەد راوێژکاری ئەنجومەن و مامۆستا جوامێرو جوتیاری نوری ئامادەیبوون، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا کار و چالاکییەکانی هەردوو رێخکراوەکەی بەرزنرخاند و دەستخۆشی لێکردن کە ماندوونەناسانە هەوڵی بڵاوکردنەوە و چەسپاندنی کەلتووری ئاشتی و لێبوردەی و پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان و عیراق دەدەن و پشتیوانی خۆی بۆ کارەکانیان دەربڕی، سوپاسیشیکردن کە سلێمانییان وەک پایتەختی ئاشتی هەڵبژاردووە.

پاشان تیشکی خستەسەر خەبات و قوربانیدانی خەڵکی کوردستان، بەڕابەرایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە هەر لە مێژە دروشمی دیموکراسی بۆ عیراق و مافی چارەی خۆنووسین بۆ گەلی کوردستانی بەرزکردووەتەوە و لەپێناو ئاشتی و نەمانی ستەم و زۆرداری و فەراهەمکردنی زەمینەیەکی لەبار بۆ پێکەوەژیانی نێوان تەواوی  نەتەوەو پێکهاتە جیاجیاکانی عێراق، زیانێکی زۆری گیانی و ماددی پێگەیشتووەو دووچاری ئەنفال و کیمیاباران و سوتماککردنی وڵاتەکەی بووە، هەربۆیە ئێستاش هیچ رێگەیەکمان لەبەردەمدا نییە جگە لە خەباتی بێ وچانی دیموکراسی و پەرلەمانی لەپێناو بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیرییەکی درێژخایەن کە گەلانی عیراق لێی بەهرەمەندبن.

لەتەوەرێکی تری قسەکانیدا، لێپرسراوی ئەنجومەن، باسی لە دوا پێشهاتەکانی رەوشی عیراق و گرنگیی سەرخستنی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران و پێویستی کارکردن بۆ هەڵبژاردنی کەسانی شایستە بۆ نوێنەرایەتیکردنی عیراقییەکان، بەو ئامانجەی پەرلەمان ببێتە ناوەندێک بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاریی سیاسی گرنگ بەئاراستەی باشترکردنی رەوش و بژێویی خەڵک.

لەبەشێکی دیدارەکەدا، هەریەک لە سەربەست تۆفیق سەرۆکی بزاڤی ئاشتی و عەممار گوزار سەرۆکی سەنتەری ( عراقنا ) بۆ دیالوگ و پێکەوەژیانی ئاشیتیانە، لە دوو وتەی جیاجیادا ستایشی پشتیوانییەکانی شێخ جەعفەریان کرد کە هەمیشە دەرگای کراوەیە لەبەردەم رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ئاسانکارییکردن بۆ کارو چالاکییەکانیان و لەو سۆنگەیەشەوە قەڵغانی سەنتەری ( عراقنا ) بۆ دیالوگ و پێکەوەژیانی ئاشیتیانەیان پێشکەشکرد و لێپرسراوی ئەنجومەنیش لۆگۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی پێشکەش کردن.

لە کۆتاییشدا ژمارەیەک شاعیری بەشداربوو لە کۆبوونەوەکە، چەند پارچە شیعرێکیان خوێندەوە کە تیایاندا باسیان لە بایەخی تەبایی و ئاشتی نێوان هەردوو گەلی کوردستان و عیراق کرد و ستایشی لێبوردەیی و ئاشتیخوازیی خەڵکی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی خەڵکی شاری سلێمانییان کرد.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

GK Sat Frequencies

NileSat:V:11564 - 27500

سەرەوە