کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

بەشداری نەکردن یان تێکدان ورێگریکردن ئەمە پرسیارەکەیە؟

.

02:15 PM - 17/04/2024

بەشداری نەکردن یان تێکدان ورێگریکردن ئەمە پرسیارەکەیە؟

ڕێبوار ستار

تادێت وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نزیک دەبێتەوە ولایەنە سیاسیەکان لەئامادەکاریدان بۆ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن، هەرلایەنە بەشێواز و سیاسەتی خۆی بەرنامە و پلان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن دادەنێت. لەلایەکی ترەو کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرقاڵی ئامادەکارییەکانە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەرووی لۆجستی و ئەو ڕێنماییە پێویستانەی تایبەتە بەلایەنەکان و کاندیدەکان و ئامادەکاری کارمەندانی سەر سندوق، ئەمە تائێرە ئاساییە وەک هەموو هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو، بەڵام ئەوەی سەیرە و بۆتە جێی باس و خواسی میدیاکان و چاودێرانی سیاسی، بەشداری نەکردنی پارتی دیموکراتی کوردستانە کە ئەمە بۆتە نیشانەی پرسیار، پارتی ئەم هەڵوێستەی لەبەرامبەر ئەو بڕیارانەیە کەدادگای فیدراڵی عێراق دەریکرد، تایبەت بەهەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان.
پارتی وابیری لێدەکاتەوە لەبەرژەوەندی ئەونیە کەپەیوەندی بەکورسی پێکهاتەکان و، تۆماری بەشداریکردنی دەنگدەران و فرە بازنەیە، ئەمانە بۆ پارتی گرفتە چونکە لەڕێوە ١١ کورسی لەدەستداوە و هەروەها ئەمجارە لەتۆماری دەنگدەراندا مردووەکان و دانیشتوانی خەڵکی ڕۆژئاوا و باکوور ناتوانن  بەساختەکاری دەنگ بدەن بەپارتی کەئەمەش ڕێژەی کورسییەکانی پارتی دەباتەوە سەر بڕە راستەقینەکەی خۆی، بەمەش زەرەمەند دەبێت.
 وەک مانگ سەر لەئێوارە دیارە بۆیە پارتی دەیەوێت هەرچۆن بووە هەڵبژاردن دوابخات لەبەرمبەریشدا تەواوی لایەنەکان سوورن لەسەر هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا، بەتایبەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. پرسیارەکە لێرەدایە ئەوەیە ئایا پارتی تەنها بەشداری هەڵبژاردن ناکات و وەک لایەنێکی سیاسی ئۆپۆزسیۆن هەڵدەبژێرێت تاهەڵبژاردنی داهاتوو ئەمەئاسایی وەردەگرێت؟ یان  پارتی دەبێتە ڕێگر لەبەردەم هەڵبژاردنەکاندا؟ بەتایبەتی لەسنووری هەولێر و دهۆک، ئەگەر ئەمەیان بکات ئەوا دۆخێکی نائاسایی دەخولقێنێت لەهەرێم و خۆیشی وەک لایەنێکی سیاسی دەخاتە دۆخێکی نادیاری دژ بەدیموکراسی، بەو واتاییەی دەچێتە لیستی ڕەشەوە، لای هەموو لایەک، تەنانەت لەڕووی نێودەوڵەتیشەوە، ئەگەر تەنها بەشداری نەکات و ئاسایی پرۆسەکە بڕوات ئەوا  وەک هێزیکی سیاسی ئۆپزسیۆن دەمێنێتەوە و خۆی سازدەکات بۆ هەڵبژاردنی چوارساڵی داهاتوو و یان لەدوا ساتەکاندا دێتەوە ناو پرۆسەکە و بەشداری دەکات.
پرسیارەکە ئەمەیە ئایا پارتی بەشداری هەڵبژاردن ناکات یان هەڵبژادنەکە تێکدەدات و ڕێگری دەکات وهەرێم بەدۆخێکی نادیاردادەبات؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە