کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

بێگەرد تاڵەبانی: نرخی وەرگرتنی گەنم هەمان ئەو نرخە دەبێت کە حکومەتی عیراق دیاریکردووە

.

12:03 PM - 29/04/2024

وەزیری کشتوکاڵی هەرێم رایدەگەیەنێت: دەبێت عیراق گەنمی جوتیارانی هەرێم بێ جیاوازی وەربگرێت و چیتر قبوڵی ناکەین بەڕێژە مامەڵە لەگەڵ جوتیارانی هەرێم بکرێت

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکیدا ئەوەی خستەڕوو، سبەینێ لەگەڵ وەزیری بازرگانی و بەرپرسانی عیراق کۆدەبینەوە و پەیامی ئەوەمان هەیە کە چیتر قبوڵی ناکەین بەڕێژە مامەڵە لەگەڵ جوتیارانی هەرێم بکرێت و دەبێت وەک پارێزگاکانی دیکە کاریان لەگەڵ بکرێت تەواوی گەنمەکەیان لێوەربگیرێت.

جەختیشیکردوە، بۆ ئەمساڵ بەرهەمی گەنم لە ئاستێکی باشدایە و کوالێتییەکەشی زۆر باشە و زیاتر لە سێ ملیۆن دۆنم زەوی داچێنراو بە گەنممان هەیە و گەشبینیشم کە دەگەین بە رێککەوتن.

سەبارەت بە نرخی گەنم لە سایلۆکانی حکومەتدا، وەزیری کشتوکاڵی هەرێم ئاماژەی بەوە کرد، نرخی گەنم هەمان ئەو نرخە دەبێت کە حکومەتی عیراق رایگەیاندووە و 850 هەزار دەبێت بۆ هەر تۆنێک، هاوکات بە هیچ جۆرێک رێگەمان نەداوە یەک دەنک گەنم هەناردە بکرێت.

وتیشی: رێگەیان نەداوە تا ئێستا یەک دەنک گەنم لە دەرەوەی وڵات داخڵی هەرێمی کوردستان ببێت.

بێگەرد تاڵەبانی ئەوەشی خستەڕوو، چوار بەنداوی ستراتیژی لە هەرێم رێپێدانی بۆ کراوە و لەگەڵ وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عیراق هەماهەنگیمان کردووە و چاوەڕوانی نووسراوی رەسمی دەکەین و بەنداوەکانیش بریتین لە بەنداوی، دەڵگە لە سنووری پشدەر، تەقتەق، مەنداوە و باکرمانە لە سنووری دهۆک.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە