کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

سودانی لە واشنتۆن، گەڕان بەدوای هاوبەشیدا

.

03:31 PM - 16/04/2024

سودانی لە واشنتۆن، گەڕان بەدوای هاوبەشیدا

بورهان شێخ رەئوف

ئەوەی بەڕەسمی راگەیەنراوە  لە سەرووی خشتەی سەردانەكەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانە، ئەكتیڤكردنی رێككەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژی نێوان عیراق و ئەمریكایە، ئەمەش رێگەخۆشكەرە بۆ پتەوكردنی هاریكاری نێوان هەردوو وڵات، بەتایبەتی لە بوارەكانی  گەشەپێدان و ئابووری و وەبەرهێنان و پەروەردە و فێركردن و تەكنۆلۆژیا و زیرەكیی دەستكرد و كەشوهەوا.
شاندێكی باڵای عیراق
سەرۆك وەزیرانی عیراق  كە شاندێكی باڵای لەگەڵدایە بە نوێنەرێكی هەرێمی كوردستانیشەوە، هەوڵدەدات هەموو ئەو دۆسێیانە لەگەڵ ئەمریكییەكاندا باس بكات، بە جۆرێك كە هاوسەنگی و لێكتێگەیشتن بگێڕێتەوە بۆ پەیوەندییەكان و هاوبەشیی نێوانیان قووڵتر بكاتەوە، نەخشەڕێژیی سروشتی پەیوەندییە هاوبەشەكان و ناسنامە و ناوەڕۆكەكەی لەڕێگەی پابەندبوون پێوەی  جێگیر بكات، جگە لە زۆر دۆسێی سیاسی و ئەمنی و سەربازیی هاوبەشی دیکە.
ئەوەی جێی سەرنجە هیچ بەرپرسێكی سەربازی و ئەمنی لە وەفدەكەدا نییە، پێدەچێت پرسی ئەمنی و كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان و ئەمریكا لە خشتەی كارەكانی وەفدەكەدا نەبێت، كە هەندێك لایەنی بەرەی نەیار بە ئەمریکا بەنیازی ئەوەن سودانی ئەم بابەتە یەكلایی بكاتەوە.
پرسی ئابووری
ئەوەی روونە سودانی زیاتر بۆ پرسی ئابووری و سووككردنی سزای سەر بانكەكان و باشكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان سەردانی واشنتۆن دەكات، هەرچەندە ئەم سەردانە زۆر دواكەوت لەكاتی خۆی و لە سەرەتای دەستبەكاربوونی سودانییەوە بڕیاربوو بكرێت، بەڵام بەهۆی سەرهەڵدانی زۆر كێشەوە سەردانەكە دواخرا بۆ ئێستا و كۆشكی سپیش ئەوكات ئامادە نەبوو پێشوازیی لێبكات .
كۆمپانیا وەبەرهێنەرەكانی نەوتیش لە هەرێمی كوردستان چاوەڕوانن، وەفدەكەی حكومەتی عیراق پرسی دووبارە دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت لە هەرێمی كوردستان لەرێگەی توركیاوە لەگەڵ ئەمریكییەكان باس بكات و رێگەچارەی بۆ بدۆزێتەوە.
ئێستا سەردانەكەی سودانی بۆ ئەمریكا و سەردانی ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا بۆ عیراق لە 22/4/2024 باسی گەرمی رۆژن و كاریگەرییان لەسەر رووداوەكانی عیراق و ناوچەكە دەبێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە