کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

یادی ٤٥ ساڵەی شەهید سیروان تاڵەبانی و هاوڕێکانێتی

.

11:58 AM - 29/04/2024

ئەمڕۆ 29-4-2024، چل و پێنج ساڵ بەسەر شەهیدبوونی (سیروان تاڵەبانی و حەسەن خاوێی و عەلی چەلەبی و حاجی چاوشین و نەجات كەركوكی و محەمەد كەریم) تێدەپەڕیت کە لە پیلانێکی رژێمی لەناوچووی بەعسدا لەگوندی زێڕینجۆ-ی ناوچەی شارەزوور، شەهیدکران و گیانیان قوربانی نیشتمان کرد.

 

ئەمڕۆ یادێكی دیكەی كۆستێكی گەورەی نیشتمانە، كۆستی لە خوێندا شەڵاڵبووی پۆلێك بەوری سەرەتای كاروانەكەی شۆڕشی نوێ، شەهیدان (سیروان تاڵەبانی و حەسەن خاوێی و عەلی چەلەبی و حاجی چاوشین و نەجات كەركوكی و محەمەد كەریم)ـە. یادێكی بە ئازارو لەهەمانكاتیشدا لێوانلێو لە شانازی بۆ هەموومان، شانازییە بۆ گەلێك كە خاوەنی سیروان تاڵەبانی و هاوڕێ شەهیدەكانی بێت، ئەو هاوڕێیانەی لە رۆژگاری پڕ هەڵەت و كەندو كۆسپی نا ئومێدی و تاریكیی خۆخواردنەوەدا، مەشخەڵی خۆرێكی پڕشنگداری سەرفرازییان بردەوە سەر لوتكەی چیا و گوڵی روناكییان دایەوە لە یەخەی نیشتمان.

شەهید سیروان و هاوڕێكانی كاتێك شانیان دایە بەر ئەوئەركە نیشتمانییە، زۆر باش دەیانزانی كەشەهید بوون لە رێگایاندایە، بەڵام زۆر مەردانە كاری خۆیان بەئەمانەتەوە ئەنجامداو كەمتەرخەمیان نەكرد بەرامبەر بە میللەتەكەیان.

شەهید سیروان لەخانەوادەكەی خۆیەوە دەستی بەخەبات كرد و لەگەڵ دەستپێكردنی خەباتی چەكداریدا، هەرچوار براكەی دیكەی لەگەڵ خۆیدا چەكی كوردایەتیان كردە شان، ئەوانیش شەهیدان (ئەیوب و عومەرو غەریب و خالید)ـن كەهەر یەكێكیان لەمەیدانە جیاجیاكانی خەباتدا شەهید بوون، پێنج برا لەیەك خێزان بەسەرو ماڵەوە خۆیان بەختكرد، هاوڕێ شەهیدەكانیشی هەر یەكێكیان كێوێكی دیكەی بەرەنگاری و قەڵایەكی دیكەی بەرخودان بوون.

 

شەهید سیروان تاڵەبانی ناوێكی دیارە لەبزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلەكەماندا، هەروەها جگەلە پێگەو قورسایی خۆی لەمەیدانی كوردایەتیدا، بنەماڵەكەیشی لەپێناوی كوردستان بەخەباتدا زەحمەت و كوێرەوەریی زۆریان كێشاوە، هەر ئەوەشە وایكردووە بێتە خاوەن مێژوویەكی گەش و بەیەكێك لەو بنەماڵانە دادەنرێت كە بەزۆربەی خەڵكی كوردستان ئاشنا ببن.

شەهید سیروان كە ناوی تەواوی فەیسەڵ رەشید حەمیدە، ساڵی ١٩٤٦ لە كەركوك لە دایكبووەو هەر لە منداڵییەوە خولیای بەشداریكردنی هەبووە لە خەباتی ڕزگاری نەتەوەكەی، هەربۆیە لەتەمەنێكی كەمدا پەیوەندیكرد بەیەكێتی قوتابیانی كوردستانەوەو چالاكانە لەناو ڕێكخستنەكانی ئەوكاتەی پارتی دیموكراتی كوردستان كاریكردووە، لێپرسراوی لقی یەكێتی قوتابیانی كوردستان بووە لە كەركوك، دوای ئاشكرابوونیشی لەلایەن ڕژێمی ئەوكاتەی عیراقەوە، پەیوەندیكردووە بەشۆڕشی ئەیلولەوەو بەشداری زۆرەبەی نەبەردییەكانی كردووە.

 

دوای دەستپێكردنی وتووێژی شۆڕش و رژێمی بەعس و دەرچوونی بەیاننامەی ١١ی ئازاری ١٩٧٠، شەهید سیروان بەهۆی لێوەشاوەییەوە كراوە بەبەڕێوەبەری شارەوانی خانەقین.

 

لەسەرەتای دامەزراندنی كۆمەڵەی ڕەنجدەرانی كوردستانیشەوەو لەڕێگەی شەهیدان خاڵە شیهاب و كاك ئارامەوە پەیوەندیكردووە بەدەستەی دامەزرێنەری ئەو كۆمەڵەیەوە، بووە بەیەكێك لەكەسە چالاكەكانی رێكخستن و بەگوڕو تینێكی زۆرەوە هەوڵیدا بۆدرووستكردنی شانەكانی رێكخستن و گەشەپێدانی كۆمەڵە لەناو خەڵك و هێزی پێشمەرگە.

پاش نسكۆی شۆڕشی ئەیلول لەساڵی ١٩٧٥دا، شەهید سیروان جارێكیتر كەوتەوە خۆئامادەكردن بۆ بەشداریكردن لەشۆڕشی نوێ‌، هەربۆیە پاش گەڕانەوەی بۆ شاری كەركوك، توانی چەندین شانەی رێكخستن لەكەركوك و بەغداو چەند شارێكی دیكەی خواروی عیراق دروستبكات، پاش فراوانبوونی ڕێكخستنەكان، كۆمیتەی (ئاگر) دروستكراو شەهید سیروان كرا بەلێپرسراوی كۆمیتەكە، ئەوەبوو كۆمیتەی ئاگر بوو بەوئاگرەی كە دوژمنانی تۆقاندبوو، دوای ئاشكرابوونیشی لەلایەن رژێمەوە، شەهید سیروان گوێزرایەوە بۆ سلێمانی و لەوێ‌ درێژەی بە كاری ڕێكخستندا.

چەندین كۆبونەوەی سەركردایەتی شۆڕش لەماڵی شەهید سیروان ئەنجامدراوەو لەوێوە بەرنامەی كارەكانی شۆڕش دادەنراوە.

ساڵی ١٩٧٦یش كەبڕیاری دەستپێكردنەوەی شۆڕشی چەكداری درا، سیروان تاڵەبانی یەكێك بوو لەوچواركەسەی كەوەك یەكەمین مەفرەزەی شۆڕشی نوێ لەگەڵ هاوڕێیان شەهید شەماڵی باخ و شەهید ئەنوەر مەجید سوڵتان و حەمەسەعید قەڵەو لەناوچەی شارباژێر دەستیان بەخەباتی چەكداریی كردو یەكەم بەیاننامەی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەلایەن شەهیدسیروان و هاوڕێكانییەوە بڵاوكرایەوە، هەروەها لەدروستبوونی هەرێمەكانی هێزی پێشمەرگەش، سیروان تاڵەبانی كرا بە فەرماندەی هەرێمی پێنجی قەرەداغ.

 

شەهیدی سەركردە سیروان تاڵەبانی بەڕادەیەك خۆشەویستی خەڵكی ئەو ناوچانە بووە كەكاری تێداكردووە، بەبیستنی هەواڵی ئەو خەڵك دڵخۆش دەبوون و هەمیشە چاوەڕێی هەواڵی چالاكی و نەبەردییەكانی بوون، تەنانەت چەندین منداڵ لەناوچەكانی كوردستان بەناوی ئەوەوە ناونراون (سیروان)، بەجۆرێكیش ئەركەكانی شۆڕشی ڕادەپەڕاندو بەگژ دوژمندا دەچۆوە، هەروەك ئەفسانەیەك لێیان دەڕوانی.

رژێمیش بەچەندین شێواز هەوڵی دەدا شەهید سیروان دەستبەرداری شۆڕش بێت و سەرەتا بەپێدانی ئیمتیازاتی زۆرو لێپرسراوێتی بەپلەی باڵا لەناو حكومەتدا، بەڵام كەشەهید سیروان داواكاریی دوژمنی رەتكردەوەو پشتی نەكردە گەلەكەی، حكومەتی بەعس ویستی لەڕێگەی گوشارەوە ئامانجەكەی بپێكێت، ئەوەبوو دایكی و هەموو براكانی ڕاپێچی زیندان كران، بەڵام دیسان كێوی ورەو باوەڕی ئەو شەهیدە قارەمانە بەرامبەر رەشەبای نەهامەتی دەستی داگیركەر لەجاران بەهێزتر دەبوو و باشتر درێژەی بەخەبات دەدا.

هەر ئەوكاتانە، ڕۆژانە چەندین داستان و نەبەردی لەناوچە جیاجیاكاندا بەسەركردایەتی شەهید (سیروان) تۆمار دەكراو گورزی كاریگەر لەڕژێم دەوەشێنرا، بەعسیش هەموو تواناكانی خستبووە گەڕ بۆ لەناوبردنی پێشمەرگە لەسنوری هەرێمی پێنجی قەرەداغ و ڕۆژانە هێرشی بەربڵاوی دەكردە سەرسنووری ئەو هەرێمەو پێشمەرگەی شەهید دەكرد.

شەهید سیروان بەیەكێك لەداهێنەرانی چالاكییەكانی هێزی پێشمەرگە دادەنرێت لەناو شاردا، لەو ڕووەوە چەندینجار لەناو شاری سلێمانی و شارەكانی دیكە چالاكی ئەنجامداوەو سەركردایەتی و فەرماندەیی دەیان داستان و نەبەردی تۆمار كردووە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە