کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

دوو ئاڕاستەی جیاوازی پەیوەندییەكانی عیراق و توركیا

.

02:06 PM - 15/05/2024

دوو ئاڕاستەی جیاوازی پەیوەندییەكانی عیراق و توركیا

 بورهان شێخ رەئوف

سەرەڕای پێشووەچوونی بەرچاوی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەكانی نێوان عیراق و توركیا كە ساڵانە خۆی لە دەیان ملیار دۆلار دەبینێتەوە، بەڵام بەپێچەوانەوە لە دۆسێیەی ئاودا هیچ پێشووەچونێكی ئەوتۆ بەدی ناكرێت، ئەویش بەهۆی ئەوەی سەرۆك كۆمار و حكومەتی توركیا هیچ خواستێكیان نییە بۆ چارەسەركردنی ئەو پرسە، لە كاتێكدا عیراق بە هۆی گۆڕانكارییەكانی كەش و هەواوە زەرەرمەندی یەكەمی ناوچەكەیە و زیانی زۆری بەركەوتووە، حكومەتی توركیاش  پەنا بۆ خۆدزینەوە و تاكتیكی ناماقووڵ دەبات بۆ مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆسێیە گرنگەدا .

ئابووری و سیاسەت
دەبێژن ئابووری و سیاسەت دوو رووی یەك دراون، بەڵام پەیوەندییەكانی عیراق و توركیا ئەم هاوكێشەی بەسەردا جێبەجێ‌ ناكرێت، ئەگەرچی هەموو چاوەكان لەسەر سەردانەكەی ئەم دواییەی سەرۆك ئەردۆغان بوون بۆ عیراق، بۆ بەدیهاتنی پێشووەچونێكی بەرچاو لە دۆسێیەی ئاودا و  ئەو بەربەستانە لاببرێن كە عیراق لە تەنگژەیەكی گەورەی كەم ئاویدایە، بە حوكمی ئەو كەش و هەوا پۆزەتیفەی كە بۆ سەردانەكە رێكخرابوو  چ لەوەی چەندین رێككەوتننامەی دووقۆڵی ئیمزاكرا، لە بواری هاریكاری ئابووریدا، بەڵام لە سێكتەری ئاودا، هیچ پێشووەچونێكی وەها وەدینەهات، جگە لە پێكهێنانی چەند لیژنەیەكی هاوبەش بۆ تاوتوێكردنی ئەوەی، ئایا لە توانادا هەیە بەشە ئاوی عیراق لە هەردوو رووباری دیجلە و فورات زیاد بكرێت؟

دەوترێت ئابووری و سیاسەت دوو رووی یەك دراون، بەڵام پەیوەندییەكانی عیراق و توركیا ئەم هاوكێشەی بەسەردا جێبەجێ‌ ناكرێت
چارەسەركردنی كێشەكان
هەموومان دەزانین ئەزموونی پێكهێنانی لیژنە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەش، هەرگیز ئاكامی ئەوتۆی نەبووە و بۆ دیزە بە دەرخۆنەكردن بووە، بۆیە گەلی عیراق هەموو ناوەندە سیاسی و پەرلەمانیەكانیش نیگەرانی خۆیان نەشاردۆتەوە، ئەمە هەنگاو و رێكارانە جگە لە كات كوشتن و خۆڵ كردنە چاو زیاتر شتێكی دی لێ‌ شین نابێت .

پەنا بردن بۆ یاسای نێو دەوڵەتی
بۆیە زۆر گرنگە بۆ حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستانیش، پەنا ببەنە بەر یاسای نێو دەوڵەتی، بەو پێیەی كە هەردوو رووباری دیجلە و فورات رووباری نێودەوڵەتین، چونكە سنووری وڵاتان دەبڕن، هەروەها پشت بە خۆیان ببەستن بۆ چارەسەركردنی كەم ئاوی و لێكەوتەكانی گۆڕانی كەشوهەوا لە رێگەی:-
1. بنیاتنانی بەندوای زۆر لە هەرێمی كوردستان، كە دەكرێت ببێتە كۆگایەكی ئاو بۆ هەموو عیراق، ئەو رێژە بارانە زۆرەی ئەمساڵیش باری ئەگەر سەدان بەنداویش هەبووایە پڕی دەكرد .
2. پەیڕەوكردنی سیستمی نوێ و هاوچەرخی  ئاودێری، كە هیچ بڕە ئاوێك نافەوتێت و سوودی لێ‌ دەبینرێت بۆ ئاودێری بە پشت بەستن بە ئاوی ژێر زەوی و لافاو و باران.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە