کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

قوباد تاڵەبانی سەرچاوەكانی ئاوی لەسنوری كۆیە بەسەركردەوە

.

02:34 PM - 15/05/2024

 

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران چەند پرۆژەیەکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی لەسنوری کۆیە بەسەرکردەوە و بەهەوڵێکی گرنگی لەقەڵەمدان بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابوری.

 

رۆژی چوارشەممە 15ی ئایاری 2024 ، لەو سەردانەیدا جێگری سەرۆک وەزیران، هاوڕێ لەگەڵ بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بەنداوی شەوگێڕی بەسەرکردەوە و دەستخۆشی لەهەوڵەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو کرد بۆ بنیاتنانی بەنداو لەناوچە جیاوازەکاندا و بەهەنگاوێکی گرنگی لەقەڵەمدا بۆ رووبەڕووبونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.

 

هەرلەوبارەیەوە و بەلەبەرچاوگرتنی توانای بەنداوی شەوگێڕ بۆ گلدانەوەی 1.3 ملیۆن مەترەسێجا ئاو و سەررێژبوونی لەمساڵدا، قوباد تاڵەبانی خۆشحاڵی خۆی نیشاندا و بنیاتنانی بەنداوەکانی بە فاکتەرێکی گرنگ زانی بۆ بەهێزکردنی سەرچاوەکانی ئاو لەهەرێم و زامنی ئاسایشی ئاو و پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ.

 

دوای گوێگرتن لەسودەکانی بەنداوەکە بۆ گەشتیاری و کشتوکاڵ و سامانی ماسی بۆ گوندەکانی سنورەکە، جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەکرد دەبێ هانی برا جوتیارەکانمان بدەین کە شێوازی کشتوکاڵی پێشکەوتوو بگرنەبەر لەپێناو کەمتر بەفیرۆدانی ئاو، بەتایبەت کەمکردنەوەی ئەو بڕەی پێویستە بۆ ئاودانی بەرووبوومەکان و زیاترکردنی ئاستی بەرهەمی کشتوکاڵی جوتیاران.

 

قوباد تاڵەبانی لەدووەم وێستگەشدا، ئامادەی رێورەسمی بەکارخستنی پرۆژەی کارگەی ئالیکی تەبارە بوو لەکۆیە و گرنگی وەبەرهێنانی لەم بوارەدا دووپاتکردەوە و بەهەنگاوێکی پێویستی زانی بۆ زامنکردن و پاراستنی سامانی ئاژەڵ.

 

لەرێورەسمەکەدا گرنگی بەگەڕخستنی کارگەکە خرایەڕوو لەرووی بەرهەمهێنان و کەمکردنەوەی تێچووی کڕین و هاوردەکردنی ئالیک، هەروەها لەڕووی خۆراکیی و سودەکانی بۆ پاراستنی تەندروستی ئاژەڵی.

 

جێگری سەرۆک وەزیران، لەمیانی بەسەرکردنەوەی بەشەکانی کارگەکەدا ئاماژەی بەوەکرد کە کارگەکانی ئالیک دەکرێ ببنە باشترین بزوێنەری پیشەسازی پەلەوەر و ماسی و  ئاژەڵی، لەرێی سودوەرگرتن لەبەرهەم و پاشماوەی کێڵگە کشتوکاڵییەکان بۆ بەرهەمهێنانی ئالیکی گونجاو بەپێی ستانداردی جیهانی و پێکهاتەی خۆراکی جگە لەوەش ببنە هۆکارێک بۆ دابینکردنی دەرفەتی هەلی کار بۆ هاوڵاتیانی سنورەکە.

 

قوباد تاڵەبانی داوای لەوەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو کرد کە ئاسانکاری زیاتر بۆ دامەزراندنی ئەم جۆرە پرۆژانە بکەن لەپێناو پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆ و کەمتر پشت بەستن بەهاوردەکردنی ئالیک لەدەرەوە، هاوکات زامنی ساغکردنەوەی بەرهەمی جوتیاران و کەمکردنەوەی تێچووی بەرهەمهێنانی گۆشت و پەلەوەر و ماسی کەدواجار بەدابەزاندنی نرخەکانیان لەبازاڕدا دەکەوێتەوە بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر هاوڵاتیان.

6e9c00e2-cee8-4aa4-8b5e-9d7b7541c53a.jpeg

13f72661-8204-4de3-a8df-b8e80a720ea8.jpeg

66754722-74e4-4050-b94e-0dac2773035c.jpeg

b333dad2-d863-4243-a285-a112cc108a00.jpeg

c75a1608-c864-4a7a-b1c5-f741a137a29b.jpeg

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە