عیماد ئەحمەد 01:50 PM - 2026/06/02

مام جەلال بێگومان دووربین، بەئەزموون و خاوەن بیرێکی تیژ بوو. لای ئەو، بەرژەوەندیی گەل و نیشتمان لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییە حزبییەکانەوە بوو. هەربۆیە تەنیا سکرتێری گشتیی یەکێتی نەبوو؛ بەڵکو بەڕاستی رابەری بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کوردستان بوو
هەندێک پیاو، تەنیا لەسەر کورسیی دەسەڵات دانانیشن؛ بەڵکو لە ناخ و یادەوەریی خەڵکدا نیشتەجێ دەبن. سەرۆک مام جەلال لەو جۆرە پیاوانە بوو، کە لە گەرمەی سیاسەتدا دڵی گەرم بوو، لە سەختترین قۆناغەکانی مێژووی کوردستاندا خەندە و هیوای لەبیر نەدەکرد. سەفەرکردن لەگەڵیدا تەنیا هاوڕێیەتیی رابەرێکی سیاسی نەبوو؛ بەڵکو گەشتێک بوو بۆ ناسینی مرۆڤێکی خاوەن کاریزما و رۆحێکی سادە و مرۆڤانە کە پڕبوو لە وزە و گەرمی.
لە ساڵی 1994ەوە، وەک ئەندامی مەکتەبی سیاسی، زۆرجار لەگەڵ سەرۆک مام جەلال بووم لە سەفەرەکانیدا بۆ وڵاتانی دەوروبەر و ئەوروپا، تا نەخۆشکەوتن و سەفەرە هەتاهەتاییەکەی؛ لە وەفدە سیاسییەکاندا و لە دیدارەکانی لەگەڵ سەرۆکان و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتانە. ئەو سەفەرانە بۆ من هەر بەشداریکردن لە چالاکیی سیاسیدا نەبوون؛ بەڵکو قوتابخانەیەک بوون بۆ تێگەیشتن لە مرۆڤ و چۆنێتی رابەرایەتی. لەو رێگایانەدا فێری ئەوە بووم کە گەورەیی تەنیا دەسەڵات نییە؛ بەڵکو ئەو دڵفراوانییەیە کە مرۆڤ دەتوانێت لە رێگەیەوە دڵی خەڵک بەدەستبهێنێت.
دەڵێن: «سەفەر و مامەڵە سەنگی مەحەکە». راستیش وایە؛ چونکە مرۆڤ لە سەفەردا وەک خۆی دەردەکەوێت، بێ پەردە و بێ جوانکاریکردن. مام جەلال لە سەفەردا جیاوازتر دەردەکەوت، سەرەڕای ئەو کاریزما و ناوبانگە سیاسییەی هەیبوو، لە نزیکەوە مرۆڤێکی زۆر خاکەڕا، قسەخۆش و نوکتەزان، خۆشەویست و نزیک لە دڵی هاوڕێکانی بوو. هەوڵی دەدا هەمووان هەست بە ئارامی و خۆشی بکەن، تەنانەت لەناو گەرمەی چاوپێکەوتنە سیاسییە گرنگەکانیشدا. زۆرجار بە نوکتەیەکی کورتی خۆی، ماندووبوونی رۆژێکی درێژ و قورسی دەشکاند و هەوایەکی ئارامی بە دەوروبەری خۆیدا دەبەخشی.
لە زۆر سەفەردا سەرنجی ئەوەم دەدا کە مام جەلال، پێش ئەوەی بیر لە پرۆتۆکۆلی فەرمی  بکاتەوە، بیری لە مرۆڤ دەکردەوە. لە فڕۆکەخانەکان، لە ئۆتێلەکان، یان لەناو ئۆتۆمبێلەکاندا، لە پرسیاری بچووکەوە بۆ گرنگترین بابەتە سیاسییەکان، هەمیشە هەوڵیدەدا کەسەکەی بەرامبەر هەست بە نرخ و گرنگیی خۆی بکات. ئەو تایبەتمەندییە، کە زۆرجار لە سیاسەتدا ون دەبێت، لەلای مام جەلال بە ئاشکرا دیار بوو.
مام جەلال گوێگرێکی باش بوو. زۆرجار پێش ئەوەی قسە بکات، گوێی دەگرت، حەزی بە تێگەیشتن هەبوو. لەبەرئەوەش بوو کە دەیتوانی لەگەڵ جیاوازترین کەسایەتی و بیرکردنەوەکاندا گفتوگۆ بکات و پلەیەک لە متمانە دروست بکات. لە دیدارە سیاسییە سەختەکانیشدا، هەستت دەکرد قسەکانی تەنیا بۆ قایلکردن نییە، بەڵکو بۆ نزیککردنەوەی دڵ و بیروبۆچوونەکانە.
هەندێک جاریش لەناو سەفەرەکاندا، دوور لە میدیا و فەرمییەت، رووی مرۆڤانەتر و دڵناسکییەکەی دەردەکەوت. قسەی لەسەر مێژوو، ئەدەب، شیعر و بیرەوەرییەکان دەکرد. هەستت دەکرد لە پشتی ئەو پیاوە سیاسییە گەورەیە، رۆحی رۆشنبیرێک و دڵی مرۆڤێکی پڕ سۆز هەیە. شاید هەر ئەوە بوو کە زۆر کەس، پێش ئەوەی وەک سەرۆک سەیری بکەن، وەک مرۆڤ خۆشیان دەویست.
سەرەڕای کاریزما و هێزی سیاسیی تایبەت، مام جەلال لە سەفەردا خۆی لە پێستی «کەسی یەکەم» دەردەهێنا و دەبوو بە هاوڕێیەکی نزیک؛ دەم بەخەندە، خاکیی، کراوە و بەخشندە بوو. تەمەن و پلە و پایەی خۆی نەدەکردە دیوارێک لەنێوان خۆی و هاوڕێکانیدا. نەک هەر لەگەڵ ئەندامانی وەفدەکە و سکرتاریەت، بەڵکو لەگەڵ پاسەوان و شۆفێر و خزمەتگوزارەکانی وڵاتی میوانیش بە رووخۆشی و رێزەوە هەڵسوکەوتی دەکرد؛ هەندێک جاریش بە دەستی یارمەتی و بەخششەوە.
مام جەلال زۆر گرنگی بە رێکوپێکی دەدا؛ جلوبەرگی جوان، بۆینباخی سوور و کراسی سپی. پابەندبوون بە کات و وادەی دیدارەکان و دوانەکەوتن لە وادە. لە کۆبوونەوەکاندا شێخی شارەزایی بوو؛ دەیزانی چۆن قسە دەستپێبکات و چۆن بە شێوەیەکی کاریگەر کۆتایی پێبهێنێت. کاتێک قسەی دەکرد، هێدی هێدی دەچووە ناو مەبەستەکەوە و بەرامبەرەکانی سەرسام دەکرد بە زانیاری و شارەزایی فراوانی لە بوارەکانی مێژوو، ئەدەب و سیاسەتی وڵاتەکاندا. زۆر جار لە سیمای بەرامبەرەکانیدا رێز و سەرسوڕمانت دەبینی.
بۆ سەرۆک مام، سەفەر تەنیا گواستنەوە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر نەبوو؛ هەناسەدانێک بوو لە دەرەوەی ئەرکە فەرمییەکان و ئازادبوونێک بوو لە زیندانی «کەسی یەکەم». 
حەزی لە خواردن، بە تایبەتی خواردنی ئێرانی بوو، وەک دەنەکەباب و فەسەنجون، لەسەر سفرەی پڕ و دانیشتنی هاوڕێیانەدا، دەستی بەخشندەیی  بە ئاشکرا دەردەکەوت و چاوی میهرەبانیی لە هەمووان بوو.
لەناو فڕۆکەدا لە “مەتەبات” ناڕەحەت دەبوو، بەڵام هیچ کات ترس لە سیمایدا دیار نەدەبوو. لەناو ئۆتۆمبێلدا شۆفێری ناڕەحەت نەدەکرد و لە رێگا دوور و درێژەکانیشدا بێتاقەت نەدەبوو. جارێک لە تارانەوە بە ئۆتۆمبێل بەرەو سنە و پاشان مەریوان و دواتر سلێمانی دەگەڕاینەوە. لە تەنیشتی دانیشتبووم، جاروبار گۆرانیی بە نەرمی و کزی دەگوت و میلۆدی گۆرانییە رەسەنەکانی دەزانی، هەروەها شیعری کۆنیشی لەبەربوو. لەو کاتانەدا پرسیار و موناقەشەی  سیاسی و هەڵسەنگاندنی رووداوەکان و سەردانەکەی بە وردی دەکرد. سەفەرەکە زۆر دوور و درێژ بوو، بەڵام نە بێزاری و نە ماندووبوون بە رووخسارییەوە دیار نەبوو. تەنانەت پێش ئەوەی بچێتە ماڵەوە لە دەباشان، سەردانی پارکی ئازادیی کرد بۆئەوەی بزانێت پرۆژەکە گەیشتووە بەکوێ؟!
لە سەفەرێکی تردا بۆ قاهیرە، وەفدێکی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کورستان بووین؛ «دکتۆر فوئاد مەعسوم، عەدنان موفتی، مستەفا سەید قادر، مەلا یاسین و بەندە.» مام جەلال لە تارانەوە “کاڤیار”ی بۆ رۆژنامەنووسی گەورە، محەمەد حەسەنێن هەیکەل هێنا بوو. کاتێک دیارییەکەی پێدا، پێی وت: «لە یەکەم سەردانت بۆ لای شای ئێران، لەسەر خوانی بەیانیانی شا، کاڤیارەکەت پێ نەخورابوو؛ ئێستا دوای دەیان ساڵ، من وەک دیاریی بۆم هێناویت، وابزانم ئێستا پێت دەخوردرێت.» هەیکەل بە پێکەنینەوە وەڵامی دایەوە: «نایابترین دیارییە کە بۆم هێنراوە».
لەو سەفەرانەدا زۆر شت لە مام جەلال فێردەبووین. بەردەوام ئیلهامبەخش بوو؛ یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرنجڕاکێشەکانی ئەو سەفەرانە ئەوە بوو کە راگەیاندن و رۆژنامەگەریی وڵاتانی میواندار زۆر گرنگییان بە دیدارەکانی دەدا. زۆربەیان داوای چاوپێکەوتن و کۆنفرانسی رۆژنامەوانییان لێدەکرد و ئەویش بە خۆشحاڵییەوە جێبەجێی دەکرد؛ چونکە نرخ و گرنگیی ئەو دەرفەتانەی دەزانی بۆ گەیاندنی دەنگ و مافی رەوای گەلی کوردستان.
مام جەلال بێگومان دووربین، بەئەزموون و خاوەن بیرێکی تیژ بوو. لای ئەو، بەرژەوەندیی گەل و نیشتمان لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییە حزبییەکانەوە بوو. هەربۆیە تەنیا سکرتێری گشتیی یەکێتی نەبوو؛ بەڵکو بەڕاستی رابەری بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کوردستان بوو. 
ئێستا کە مام جەلال لە نێوانماندا نییە، زیاتر مانای بوونی دەزانین. هەندێک مرۆڤ بە مردنیان کۆتاییان دێت، بەڵام هەندێکی تر دەبنە درێژبوونەوەی بیرەوەری و شکۆ و هیوای نەتەوەیەک کە مام جەلال لەوجۆرە کەسایەتییانە بوو.
رەنگە مێژوو ناوی زۆر رابەر لە لاپەڕەکانی خۆیدا تۆمار بکات، بەڵام تەنیا هەندێک لەوانە لە دڵی خەڵکدا دەمێننەوە. مام جەلال لەو کەسانە بوو کە لە گەرمەی سیاسەتیشدا مرۆڤایەتیی خۆی ون نەکرد و لەناو دەسەڵاتدا، هێشتا دەیتوانی بە دڵێکی سادە و خەندەیەکی گەرمەوە راستگۆیانە لەگەڵ هاوڕێکانی خۆی هەڵسوکەت بکات.
ئێستا کە ساڵانێک بەسەر ئەو سەفەرانەدا تێدەپەڕن، زیاتر دڵنیادەبمەوە کە هەندێک پیاو تەنیا بە سیاسەت ناناسرێن؛ بەڵکو بەو گەرمییەی لە ناخی مرۆڤەکاندا بەجێی دەهێڵن.
مام جەلال لەو جۆرە پیاوانە بوو؛ پیاوێک کە لە گەرمەی دەسەڵاتدا مرۆڤایەتیی خۆی ون نەکرد و لەناو هەموو ئەو ئاڵۆزی و شەڕ و قەیرانانەدا، هێشتا دەیتوانی بە خەندەیەکی جوان، دڵ ئارام بکاتەوە. مێژوو ناوی زۆر سەرکردە تۆمار دەکات، بەڵام تەنیا هەندێک لەوانە دەبنە بیرەوەرییەکی زیندوو.
مام جەلال لە لاپەڕەکانی مێژوودا تەنیا ناوێک نییە؛ بەڵکو هەستێکە و هەندێک هەستیش هەرگیز نامرن.

مام جەلال بەڕاستی دەگمەن بوو لای هەمووان، بەتایبەتی لای هاوڕێکانی.

مام جەلال دەگمەن بوو، سەفەریش سەنگی مەحەک

عیماد ئەحمەد

وتارەکانی نوسەر