عیماد ئەحمەد 10:18 AM - 2026/05/20

دەستور؛ بناغەی هەرێمێکی بەهێز و داهاتوویەکی سەقامگیر
                               (3-3)
عیماد ئەحمەد
لە مێژووی گەلاندا، هەندێ سات هەن کە خەڵک ناچار دەبن لە خۆیان بپرسن: چ شتێک دەتوانێت لە ناو گۆڕانکاری، ململانێی سیاسی، و ئاڵۆزیی ناوخۆ و دەرەوەدا سەقامگیری بپارێزێت؟ وەڵامەکە لە زۆربەی ئەزمونە سەرکەوتووەکانی جیهاندا یەکە: دەستور.

دەستور تەنها کۆمەڵێک ماددە و دەقێکی یاسایی نییە؛ بەڵکوو پەیمانێکی نیشتمانییە لەنێوان دەسەڵات و خەڵک، نێوان ئێستا و ئایندە، و نێوان ماف و بەرپرسیارێتی. هەرێمی کوردستان، دوای شۆرش و فیداکاریی، دوای دەیان ساڵ لە ئەزمونی حوکمڕانی، ئێستا زیاتر لە هەر کاتێک پێویستی بە دەستورێکی تایبەت بە خۆی هەیە؛ دەستورێک کە لەگەڵ دەستوری عێراقی فیدراڵ گونجاو بێت، بەڵام لە هەمان کاتدا تایبەتمەندیی سیاسی، مێژوویی و کۆمەڵایەتیی هەرێمیش لەخۆبگرێت وزامنیی پیادەکردنی ئەو تایبەتمەندیی و دەسەڵاتانە بێت کە دەستووری فیدڕاڵ بە هەرێمی بەخشیوە. 

هەرێمی کوردستان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، تووشی زۆر کێشەی سیاسی، و دارایی و ئیداری و یاسایی بووە؛ کێشەی سنووری دەسەڵاتی دامەزراوە دەستوورییەکان کە تا ئێستا بەهۆی نەبوونی دەستوورەوە یاسای دامەزراوە دەستوورییەکانی وەک سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی دادوەریی بە یاسای ئاسایی ڕێکخراون لە کاتێکدا ئەرکی لە پێشینەی دەستوور ڕێکخستنی دەسەڵاتی دامەزراوە دەستوورییەکانە  بە دەقیی دەستووری ڕوون وئاشکرا، ئەمە سەرەڕای جیاوازیی لە تێگەیشتن بۆ یاسا وڕاڤەکردنی دەقەکانی، دووبارەبوونەوەی ململانێی دامەزراوەیی، و هەندێجار پەنابردن بۆ چارەسەری سیاسی لە شوێنی چارەسەری یاسایی. ئەم بارودۆخە نیشانی دەکات کە بێ بوونی چوارچێوەیەکی دەستوریی ڕوون و گشتگیر، هەمان کێشەکان دووبارە دەبنەوە، و سیستەم لە بازنەی تاکرەوییدا دەمێنێتەوە.

دەستورێکی مۆدێرن بۆ هەرێم، پێویستە چەند بنەمایەکی گرنگ لەخۆبگرێت:

یەکەم، شێواز و سنووری دەسەڵاتەکانی یاسادان وجێبەجێکردن و دادوەریی بە دەقی ڕوون وئاشکرا دیاری بکات؛ ئەوەی کێ بڕیار دەدات، کێ چاودێری دەکات، و کێ بەرپرسیارێتی هەڵدەگرێت. چونکە لە شوێنێکدا کە سنوورەکان ناڕوون بن، ناکۆکی زۆرتر لەدایک دەبێت.

دووەم، پەیوەندیی نێوان دامەزراوەکان ڕێکبخات؛ نێوان پەرلەمان، حکومەت، سەرۆکایەتی، و دامەزراوە دادوەرییەکان. دەسەڵات ئەگەر هاوسەنگ نەبێت، بە ئاسانی دەچێتە ناو قەیرانەوە.

سێیەم، ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی هاوڵاتیان مسۆگەر بکات؛ ئازادیی دەربڕین، ڕێکخستن، هاوبەشبوون لە ژیانی سیاسی، و یەکسانی لەبەردەم یاسا.

چوارەم، مافەکانی پێکهاتە ڕەسەنەکانی ناو هەرێم بپارێزێت؛ کورد، عەرەب، تورکمان، کلدو ئاشووری، سریانی، و ئەرمەن، و هەموو پێکهاتە ئاینی و نەتەوەییەکان هەست بەوە بکەن کە ئەم هەرێمە ماڵی هاوبەشی هەمووانە، نەک تەنها شوێنی حوکمڕانی.

پێنجەم، دەستور پێویستە لەگەڵ ڕۆحی سەردەم هاوئاواز بێت؛ واتە تەنها وەڵامی کێشەکانی ئێستا نەبێت، بەڵکوو ئامادەیی بۆ گۆڕانکارییەکانی داهاتووش هەبێت؛ لە بواری تەکنەلۆجیا، ئابووری، ژینگە، پەروەردە، و گەشەپێدانی مرۆیی.

شەشەم:
بە دامەزراوەیی کردن و یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە و جێگیرکردنی چوارچێوەیەکی چەسپاو و جێگیر بۆ هێزی بەرگریی کوردستان لە دەستووردا. 

حەوتەم: 
جێگیرکردنی چوارچێوەی دەستووریی بۆ دابەشکردنی دادپەروەرانی داهاتی گشتی هەرێم لەسەر ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتوان و ئاستی بێبەشکردن (مەحرومیەت) و لە چوارچێوەی یاسای بوودجەی گشتی هەرێم کە گەشەسەندنێکی هاوسەنگ بەرپا بکات و کۆتایی بە دوو بەڕێوەبردنی دارایی بهێنێت. 

ئەزمونی جیهان دەریخستووە، ئەو هەرێم و دەوڵەتانەی دەستوریان بەهێز بووە، دامەزراوەکانیان بەهێزتر بوون؛ و ئەوانەی دەستور لەلایەن بەرژەوەندیی سیاسیی کاتییەوە لاواز کراون، تووشی قەیران و ناسەقامگیری بوون. هەرێمی کوردستانیش، لە ناوچەیەکی ئاڵۆز و پڕمەترسیدا، زیاتر لە هەر کاتێک پێویستی بە بناغەیەکی دەستوری هەیە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان و بەهێزکردنی ئەزمونی فیدراڵی لە عیراقدا.

لە کۆتاییدا، دەستور تەنها پرۆژەی یاسادانان نییە؛ پرۆژەی نیشتیمانسازیی ودروستکردنی متمانەیە. ئەگەر هەرێم دەیەوێت لە بازنەی قەیران، ناکۆکی و چارەسەری کاتی دەرباز بێت، دەبێت پەنا بۆ دەستور ببات، نەک بۆ هاوکێشەی سیاسی.

 وتوویانە: “ لەو شوێنەی یاسا کۆتایی دێت، ستەم لەوێ دەست پێدەکات.”
چەقبەستووییە سیاسی و ئیدارییەی کە ساڵانێکە بەرۆکی ئەم ئەزموونەی گرتووە.
شەرعییەتی دەستووری و پاراستنی قەوارەکە
دەستووری فیدراڵی عێراق (2005) لە ماددەکانی (120-117)دا، بە ڕوونی مافی داوە بە هەرێمی کوردستان کە خاوەنی دەستووری تایبەت بە خۆی بێت. داڕشتنی ئەم دەستوورە، پێگەی یاسایی هەرێم لە بەرامبەر بەغدا بەهێزتر دەکات. کاتێک هەرێم خاوەنی دەستوور بێت، پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەسەڵاتە فیدڕاڵییەکان لەسەر بنەمای ڕاڤە سیاسییە گۆڕاوەکان نابێت، بەڵکو دەبێتە پەیوەندییەکی دامەزراوەیی کە تێیدا تایبەتمەندییە نەتەوەیی و سیاسییەکانی هەرێم لە چوارچێوەی دەوڵەتی فیدراڵیدا دەپارێزرێن.

ئێمە پێویستمان بە دەستوورێکە کە تەنها بۆ ئێستا نەبێت، بەڵکو وەڵامدەرەوەی پێویستییەکانی نەوەکانی داهاتووش بێت. دەستوورێک کە ڕێگری لە گەندەڵی بکات، شەفافیەت لە دارایی گشتیدا مسۆگەر بکات و رێز لە ژینگەی نیشتمان بگرێت.
ئەگەر ئێمە دەمانەوێت هەرێمی کوردستان ببێتە نمونەیەکی سەربەرز لە حوکمرانی، دادپەروەری و هاوژینی، دەبێت لە بنەڕەتەوە دەست پێبکەین… و ئەو بنەڕەتەش ناوی دەستورە.
دەستوور بۆ هەرێمی کوردستان تەنها نوسینی چەند لاپەڕەیەک نییە، بەڵکو بنیاتنانی ئەو لەنگەرەیە کە کەشتیی حوکمڕانی لە گەردەلوولە سیاسییەکان دەپارێزێت. بەبێ دەستوور، ئێمە لە بازنەیەکی داخراوی ململانێی حزبیدا دەمێنینەوە، بەڵام بە دەستوورێکی مۆدێرن و گشتگیر، هەرێمی کوردستان لە قۆناغی "شەرعییەتی کاتی"یەوە دەگوازرێتەوە بۆ قۆناغی "سەقامگیریی هەمیشەیی". ئەوە ئەو گرێبەستە مێژووییەیە کە دەبێت هەمووان لە دەوری کۆبینەوە تا شکۆ بۆ یاسا و ئارامی بۆ نیشتمان بگەڕێتەوە.

چونکە لە کۆتاییدا، ئەو نیشتمانەی دەستور دەنووسێت، تەنها ئێستای خۆی ڕێکناخات؛ بەڵکوو ڕێگای نەوەکانی داهاتوو مسۆگەر دەکات.

وتارەکانی نوسەر