د.عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا
د.عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا
له چوارچێوه‌ی زنجیره‌یه‌ك لێكچه‌ردا له‌باره‌ی یاسا‌و ره‌وشتی كاری میدیاییه‌وه كه وه‌ك وانه‌یه‌ك له كڵاسدا پێشكه‌ش به فێرخوازانمانی ده‌كه‌ین، له‌م رۆژانه‌دا چووینه سه‌ر یاسای ژماره(35)ی ساڵی 2007ی رۆژنامه‌گه‌ریی كوردستان، كه پێموایه یه‌كێكه له یاسا باش و هاوچه‌رخه‌كان، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر داكۆكی لێ بكرێت و وه‌ك خۆی جێبه‌جێ بكرێت.
ئێمه هه‌ندێجار نموونه‌ی كۆمه‌ڵێك بڕگه‌مان دێته‌وه یاد كه پاڵپشتی له ئازادیی كاری رۆژنامه‌نووسی ده‌كه‌ن و هه‌ندێ مافی بنه‌ڕه‌تی به میدیاكارانمان ده‌به‌خشن، واشی ده‌بینین كه كارێكی باشه فێرخوازانمان له زانكۆ و په‌یمانگاكاندا، وه‌ك شانازییه‌ك، پێی ئاشنابن و ئه‌وانیش سبه‌ی رۆژ داكۆكیییان لێ بكه‌ن، به‌تایبه‌تی كه پێش نزیكه‌ی 20 ساڵ، له‌گه‌ڵ ده‌یان رۆژنامه‌نووس و ئه‌كادیمی و یاساناسدا شاهێد و به‌شداربووی داڕشتنی ئه‌و بڕگانه بووین له یاساكه‌دا كه ده‌زانین چه‌ند له به‌رژه‌وه‌ندیی ئازادییه دیموكراتییه‌كانی وڵاتی خۆمانه.
له‌و خاڵانه‌ی كه دره‌وشاوه‌ن، بۆ نموونه: رۆژنامەگەریی ئازادە و هیچ جۆرە سانسۆرێکی پێشوەختە لەسەر بڵاوکراوەکان نییە. یان رۆژنامەنووس مافی هەیە سەرچاوەی زانیارییەکانی نەدرکێنێت مەگەر بە بڕیاری دادگا، یان ئه‌و خاڵه‌ی كه ده‌ڵێت: رۆژنامه‌نووس مافی ئاماده‌بوونی له كۆنگره و چالاكییه گشتییه‌كاندا هه‌یه. بێگومان بیرخستنه‌وه‌ی ئه‌و بڕگانه، مانای ئه‌وه نییه له واقعدا پێشێلكاریی روونادات، نەخێر. پێشێلكارییه‌كان زۆرن، ساڵانه‌ش سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان و سه‌نته‌ری میترۆ به‌شێكی زۆریان رۆماڵ ده‌كه‌ن، كه ئامانج لێی ئه‌وه‌یه دۆخی رۆژنامه‌نووس و ماف و ئازادییه‌كانیان، پارێزراوبن.
ته‌واوی ئه‌و تۆڕانه‌ی میدیای ئه‌مریكی، هه‌ریه‌كه و به رێژه‌ی جیاجیا، خاوه‌ن دیسكۆرسێكی ره‌خنه‌یین به‌رامبه‌ر به زۆر دۆسێی نێوده‌وڵه‌تی و ناوخۆیی وڵاته‌كه‌یان له قۆناغی سه‌رۆكایه‌تیی ترەمپدا
له‌و باره‌یه‌وه، هه‌موو جارێك ده‌ڵێین: تا رۆژنامه‌گه‌ری و میدیا، پیشه‌یی بێت، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ره‌مزییه‌ی كه ده‌یبێت، به‌هێزتر ده‌بێت، بگره هه‌ندێجار ده‌سته‌واژه‌ی ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م تێده‌په‌ڕێنێت بۆ ئه‌وه‌ی، به‌شێوه‌یه‌كی ره‌مزی، وه‌ك ده‌سه‌ڵاتی یه‌كه‌م ده‌ربكه‌وێت، به‌تایبه‌ت كاتێك كه كاریگه‌ریی له‌سه‌ر كاربه‌ده‌ستان و دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت و ناوه‌نده‌كانی بڕیاردان داده‌نێت. بۆ ئه‌وه‌ش، زۆرجار، نموونه‌ی زیندوو كه بۆ فێرخوازانی بگێڕینه‌وه ئه‌زموونی كایه‌ی سیاسه‌ت و میدیایه له ئه‌مریكا، له وڵاتێكدا كه به‌هه‌موو ئه‌و ره‌خنه رادیكاڵانه‌شه‌وه كه بیرمه‌ندانی وه‌ك نۆم چۆمسكی و ئیدوارد هێرمان و ئیدوارد سه‌عید لێی ده‌گرن، هێشتا، له زۆر بواردا، میدیایه‌كی ئیلهامبه‌خشه بۆ میدیاكارانی پرۆفیشناڵ و ئازادیخواز له جیهاندا، به‌تایبه‌تی له رووی دانانی كاریگه‌رییه‌وه له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، یان په‌رۆشی بۆ دۆسێ ناوخۆییه‌كانی وڵاتی خۆیان.
راسته هه‌مان میدیا، خزمه‌تی زۆری ده‌سه‌ڵات و هه‌ژموونی ئه‌مریكاشی له جیهاندا كردووه، راسته زۆرجار ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌ی دێته‌سه‌ر كه له كاتی ململانێ و جه‌نگه‌كاندا دوای ئه‌و دیسكۆرسه ده‌كه‌وێت كه وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه و پینتاگۆن هه‌یانه، یان میدیایه‌كن له به‌رژه‌وه‌ندیی خاوه‌نه‌كانیان كارده‌كه‌ن كه كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كانن. ئه‌مانه هه‌موو راستن، له‌م باره‌یه‌شه‌وه، به‌نده له كتێبێكمدا به‌ناونیشانی (الإعلام والملفات المعاصرە) كه (دار العلوم العربیە)ی به‌یروت چاپ و بڵاویان كردۆته‌وه، زۆر دیوی زه‌ق و نه‌بینراوی گه‌مه‌ی گوتاری میدیای ئه‌مریكیم باس كردووه. واته له‌و دیوه له ئه‌زموونی میدیای ئه‌و زلهێزه بێ ئاگانین، به‌تایبه‌تی كه ساڵانێك ببووه مۆدێلی مشتومڕی ئه‌كادیمی و فكری له زۆر ناوه‌ندی جیهاندا و ئێمه‌ش له زانكۆدا له‌گه‌ڵ پرۆفیسۆره پسپۆره‌كاندا تاوتوێمان ده‌كردن، به‌ڵام به‌و دیوه‌شه‌وه كه بێشك، له هه‌ندێ قۆناغدا، ره‌خنه ده‌هێنێته سه‌ر نێوبانگی میدیای ئه‌مریكی، هێشتا میدیاكانی ئه‌م وڵاته، له بواره‌كانی وه‌ك كاریگه‌رێتیی سیاسی، دروستكردنی رای گشتی، ئاشكراكردنی نهێنییه‌كان، رووماڵكردنی دۆسێكانی گه‌نده‌ڵی، له به‌خشینی زۆرترین بڕی زانیارییش به وه‌رگر، ته‌نانه‌ت له رووتكردنه‌وه‌ی زۆر سكانداڵی كه‌سایه‌تییه سیاسییه‌كاندا، كه‌م وێنه‌ن.
له‌م رۆژانه‌دا، شه‌پۆلی نوێی گرژیی نێوان كۆشكی سپی و به‌دیاریكراویش دۆناڵد ترەمپ و ژماره‌یه‌ك تۆڕی گه‌وره له میدیای ئه‌و وڵاته‌دا، سه‌رله‌نوێ ئه‌م باسه‌ی بۆ گه‌رمكردینه‌وه!. ئه‌م گرژییانه، ئه‌گه‌ر به‌ڵگه بن بۆ هه‌رچییەک، ئه‌وا به‌ڵگه‌ی زه‌قن له‌سه‌ر درێژه‌كێشانی داخوازی بۆ ئازادیی كاری رۆژنامه‌نووسی و كوڵنه‌دان له‌م به‌ها مه‌زنه، وه‌ك چۆن به‌ڵگه‌شن بۆ كاریگه‌ریی میدیای ئه‌مریكا له‌سه‌ر سه‌نته‌ری بڕیاری ئه‌و وڵاته و سه‌رۆكه‌كانی.
راسته باكگراوه‌ندی ئه‌م گرژییه كۆنه و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی 2016 و سه‌روه‌ختی كه‌مپینه‌كانی هه‌ڵبژاردنی ترەمپ له‌به‌رامبه‌ر هیلاری كلنتۆن-ی كاندیدی دیموكراته‌كاندا، به‌ڵام خودی گرژییه‌كه، به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ میدیا گه‌وره‌كانی وه‌ك: ABC،CBS ، CNN، وFOX News، NBC New و پێشتریش له‌گه‌ڵ The New York TimeوThe Washington Post و هه‌ندێ ماسمیدیای تری ئه‌مریكادا، ئاماژه‌ی روونی ئه‌وه‌یه كه میدیاكان ده‌توانن به‌و شێوازه رووماڵ بكه‌ن كه پیشه‌كه‌یان ده‌یه‌وێت نه‌ك به‌و ئاراسته‌یه‌ی كه سه‌رۆكی وڵات، یان كۆشكی سپی، داوای ده‌كات.
له راستیدا، بابه‌ته‌كه سیاسی و یاساییش نییه ئه‌وه‌نده‌ی كه سه‌رۆك ترەمپ ده‌یه‌وێت ئه‌م دوو ره‌هه‌نده‌ی پێببه‌خشێت، به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌مه، سێ نموونه‌یه:
یه‌كه‌م: راسپاردنی وه‌زاره‌تی دادی ئه‌مریكا له‌لایه‌ن سه‌رۆكه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به تۆمه‌تی پێشێلكردنی یاسای شێرمان Sherman Antitrust Act لێكۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و تۆڕه گه‌ورانه‌ی میدیادا بكات، ئه‌مه له‌كاتێكدا كه ئه‌و یاسایه په‌یوه‌ندیی راسته‌وخۆی به كاری میدیاییه‌وه نییه و په‌یوه‌سته به قه‌ده‌غه‌كردنی مۆنۆپۆڵكردن و پاراستنی كێبه‌ركێی دادپه‌روه‌رانه‌وه له بازاڕدا (وه‌ك چۆن، لای خۆیشمان، هه‌ندێجار، به یاسای ژماره 3ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر-ی ساڵی 2006، رۆژنامه‌نووسانمان زیندانی ده‌كرێن!).
دووه‌م: بڕیاری چه‌ند رۆژی رابردووی دادوه‌رێكی فیدراڵی ئه‌مریكا خۆیه‌تی له ناو كۆشكی سپی-دا، كه مافی چوونه ناو كۆشكی سپی بۆ هه‌رسێ تۆڕی CNNو MS NWO و رۆژنامه‌ی Politico گێڕایه‌وه، له‌كاتێكدا سه‌رۆكی ئه‌مریكا لێی قه‌ده‌غه‌كردبوون.
سێیه‌م: رابردووی پاڵپشتیی خودی ئه‌و میدیا زه‌به‌لاحانه‌ی ئه‌مریكا خۆیانه له ترەمپ و له بزنس و هه‌واڵ و چالاكییه‌كانی، پێش ئه‌وه‌ی كه له ساڵی 2016دا بێته كۆشكی سپییه‌وه و ببێته سه‌رۆكی وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا.
ئه‌و سێ نموونه‌یه، به ئاشكرا پێمان ده‌ڵێن كه گرژییه‌كه، كه‌م و زۆر، په‌یوه‌ندیی به ره‌هه‌ندی سیاسی و یاساییه‌وه نییه ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌سته به كورتهێنانی چاوه‌ڕوانییه‌كانی سه‌رۆكی ئه‌مریكاوه بۆ پاڵپشتیی ئه‌و تۆڕه گه‌ورانه‌ی ماسمیدیای ئه‌مریكی لێی، جا چ له قۆناغی كه‌مپینه‌كانی هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2016 و دواتریش 2020 بێت، یان له ئه‌زموونی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی له خولی پێشوو و ئه‌م خوله‌دا. دیوی دووه‌می گرژییه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه، ته‌واوی ئه‌و تۆڕانه‌ی میدیای ئه‌مریكی، هه‌ریه‌كه و به رێژه‌ی جیاجیا، خاوه‌ن دیسكۆرسێكی ره‌خنه‌یین به‌رامبه‌ر به زۆر دۆسیی نێوده‌وڵه‌تی و ناوخۆیی وڵاته‌كه‌یان له قۆناغی سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆك ترەمپدا، ئه‌مه‌ش وای كردووه له‌لایه‌ن جه‌نابی سه‌رۆكه‌وه وا راڤه بكرێت كه ئه‌و میدیایانه، میدیای فریوده‌ر و چه‌واشه‌كارن..!