د.عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا
ئه‌گه‌ر له ناو هه‌موو ده‌زگایه‌كی ده‌وڵه‌تی، گروپ و هێزێكی سیاسی، سه‌ندیكا و رێكخراوێكی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و...هتد-دا بنه‌مایه‌كی به‌هێزی به‌دواداچوون هه‌بێت به‌رامبه‌ر به‌و هێزه مرۆییه‌ی كه تیایاندا كارده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر له‌وه بپرسنه‌وه كه چۆن ئه‌ندامانێكیان له پڕێكدا، یان دوای ماوه‌یه‌ك، ده‌بنه خاوه‌ن سامانێكی زۆر و فاحیشانه ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بن، یان توانایه‌كی دارایی گه‌وره‌تریان هه‌یه له سه‌رچاوه‌كانی داهاتیان، ئه‌وا بێگومان له هیچ سه‌رده‌مێكدا پێویستیمان نه به دامه‌زراوه‌كانی چاودێری و به‌دواداچوون ده‌بێت، نه ده‌سته‌كانی ده‌ستپاكی، نه لێپرسینه‌وه‌ی ده‌زگاكانی راپه‌ڕاندن و یاسادانان، نه بڕیاره‌كانی قه‌زا.
ئه‌وه‌ی پێش هه‌ر هۆكارێك، هانده‌ری دیارده‌ی گه‌نده‌ڵییه له هه‌رێمی كوردستاندا، نه‌بوونی ده‌زگای راسته‌قینه‌ی چاودێری و به‌دواداچوون و لێپرسینه‌وه‌یه له ناو ته‌واوی ئه‌و چوارچێوه كۆمه‌ڵگه‌ییانه‌دا، یان ناكارایی و پێگه‌ی كارتۆنییانه‌یانه له جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كانی سه‌رشانیان.
كەلتوری خود-چاودێری، كەلتوری كۆمه‌ڵگه مۆدێرن و شارستانه‌كانه، به‌شێكه له نه‌ریتی كۆمه‌ڵایه‌تیی ئه‌و كۆمه‌ڵگەیانه‌ی كه له رێگه‌ی پرۆسه‌كانی پێگه‌یاندنی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه Socialization، هه‌م تاك به شێوه‌یه‌ك په‌روه‌رده ده‌كه‌ن كه چاوی چاوچنۆكانه‌ی نه‌بڕێته ماڵ و سامانی گشتی، هه‌م ئه‌و چوارچێوه كۆمه‌ڵایه‌تییانه خۆشیان، وه‌ك خێزان، خوێندنگه، هاوڕێكان، دامه‌زراوه كەلتورییه‌كان، ده‌زگا كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاینییه‌كان، میدیاكان، به‌شێوه‌یه‌كن كه بوونه‌وه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تیی خاوه‌ن مۆراڵ، راستگۆ، شه‌فاف، ده‌ستپاك، ئه‌مانه‌تپارێز، پێبگه‌یه‌نن.
له‌و جۆره كۆمه‌ڵگەیانه‌دا، كه ره‌نگه به‌پێی نوێترین ئامار و راپۆرتی نێوده‌وڵه‌تی، به‌تایبه‌تی راپۆرته‌كانی (CPI)، دیارترینیان بریتی بن له دانیمارك، فینله‌ندا، سه‌نگافوره، نیوزله‌ندا، نه‌رویژ، سوید، سویسرا، لۆكسه‌مبۆرگ، هۆڵه‌ندا، ئه‌ڵمانیا، ئایسه‌له‌ندا، لۆژیكی پیگه‌یاندنی كۆمه‌ڵایه‌تی، پێش ئه‌وه‌ی بریتی بێت له راوه‌دوونان و گرتن و سزادان و زیندانكردن له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر تاوانێكی تاك و گروپه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا، بریتییه له په‌روه‌رده و فێركردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی هۆشیاریی مۆراڵی و كەلتوری ده‌ستپاكی و ئه‌مانه‌تپارێزی و ره‌وشتبه‌رزی.
له‌و كۆمه‌ڵگەیانه‌دا، له جیاتی ئه‌وه‌ی ژماره‌ی كه‌له‌پچه‌كان و پۆلیسه‌كان و زیندانه‌كان و یاساكانی سزادان زیادبكرێن، رێژه‌ی ئه‌و ده‌زگا په‌روه‌رده‌یی و رێكخراو و دامه‌زراوانه به‌رز ده‌كه‌نه‌وه كه ئیش له‌سه‌ر ئاراسته‌كردن و بنیادنانی تاكێكی مرۆڤدۆست و ده‌روون ته‌ندروست ده‌كه‌ن. له جیاتی ئه‌وه‌ی به هه‌زاران په‌یج و سایتی زۆڵ و فه‌یك دروستبكه‌ن و پاره‌ی بێشوماریان تێدا خه‌رج بكه‌ن بۆ به‌رگریكردن له مرۆڤ و گروپه گه‌نده‌ڵه‌كان و هاندانی دووبه‌ره‌كی له كۆمه‌ڵگه‌دا و سوكایه‌تیكردن به دامه‌زراوه‌كانی په‌روه‌رده و فێركردن، به مامۆستایانی خوێندنی باڵا و زانا ئاینییه‌كان، به كه‌سایه‌تییه پاك و دڵسۆزه‌كان ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌ر به تاقم و گروپی خۆیان نین!، له جیاتی ئه‌وه‌ی مینبه‌ره ئاینییه‌كان بكه‌ن به سه‌كۆی بڵاوكردنه‌وه‌ی توندوتیژی، یان شه‌ڕی سیاسی، یاخود داپۆشینی خراپه‌كاریی كاربه‌ده‌ستان، یان تیرۆركردنی ئینتما بۆ نیشتمان وه‌ك له ئه‌زموونی وڵاتی ئێمه‌دا رووده‌ده‌ن، دێن و ئه‌و رێكخراو و ده‌زگاو كۆمه‌ڵانه په‌ره‌پێده‌ده‌ن كه مرۆڤی به‌رپرسیار به‌رهه‌مده‌هێنن، به‌رپرسیار به‌رامبه‌ر به كه‌رامه‌تی مرۆڤ، یه‌كڕیزیی كۆمه‌ڵگه، سه‌روه‌ریی یاسا، دادپەر‌وه‌ریی ده‌وڵه‌ت.
ئه‌وان دێن و ئه‌و به‌هاو پره‌نسیپ و كۆنسێپتانه له‌ناو هاووڵاتیاندا بڵاوده‌كه‌نه‌وه كه هه‌م ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌نه كۆمه‌ڵێك دامه‌زراوه‌ی نیشتمانیی به‌ده‌ربه‌ست به‌رامبه‌ر به كۆمه‌ڵگە و تاكه‌كانی، هه‌م كۆمه‌ڵگه‌ش ده‌كه‌ن به‌و هه‌نده‌سه كۆمه‌ڵایه‌تییه راقییه‌ی كه ده‌وڵه‌ت و ده‌زگاكانی له هێزی مرۆیی خراپه‌كار، یاساشكێن، گه‌نده‌ڵ خاڵی بكه‌نه‌وه، به‌وه‌ش هه‌م كات، هه‌م تێچوون، هه‌م متمانه به‌خۆبوونێكی زیاتریان بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه، بگره به‌م فه‌لسه‌فه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌ییه، ژینگه‌یه‌كی ئه‌وتۆ ده‌خوڵقێنن كه هه‌ر خۆی مه‌ناعه‌یه‌كی به‌هێزی به‌رامبه‌ر هه‌موو تاوانێك هه‌بێت به تاوانی ئه‌نجامدانی گه‌نده‌ڵیشه‌وه.
به‌مانایه‌كی روونتر، كۆمه‌ڵگه‌ی مۆدێرن به مانای ته‌واوی وشه، كۆمه‌ڵگه‌ی پڕكردنی وڵات نییه به ته‌كنۆ‌لۆژیا و باڵه‌خانه و كۆنفرانسه‌كان كه له ئه‌زموونی وڵاتی ئێمه‌دا، زۆرجار، بریتین له شۆیه‌كی بێ ناوه‌ڕۆك و بێئه‌نجام، بارگاویكردنیشی نییه به ئاهه‌نگ و كۆنسێرت و ده‌زگای میدیایی و نیومیدیای سه‌ر به به‌رپرسان و كوڕ و ده‌ستوپێوه‌نده‌كانیان، به‌ڵكو كۆمه‌ڵگەی په‌روه‌رده‌كردنی مرۆڤ و گۆڕینێتی له جانه‌وه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه بۆ بوونه‌وه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تیی به‌رهه‌مهێن، به‌رپرسیار، خاوه‌ن ئاكار و ئایدیا.
كۆمه‌ڵگه‌ی مۆدێرن، به‌و مانایه، ئه‌سته‌مه تاك و گروپ و تاقمی گه‌نده‌ڵ و یاساشكێنیشی تێدا دروست ببێت، چونكه خودی ژینگه‌ی ئه‌م تایپه له كۆمه‌ڵگه نه هانده‌رێتی، نه قبوڵیش ده‌كات هه‌بن و په‌ره‌بستێنن. پرسیاریش ئه‌وه‌یه: ئایا له كۆمه‌ڵگەكانی ئێمه‌دا كه گه‌نده‌ڵی به‌شێوه‌یه‌كی ترسناك، رۆچۆته ناو زۆرێك له ده‌زگا ده‌وڵه‌تی و دامه‌زراوه كۆمه‌ڵگه‌ییه‌كانه‌وه، ده‌بێ گره‌ومان له‌سه‌ر چی و كێ بێت بۆئه‌وه‌ی ببێته فریادڕه‌س و رزگارمان بكات؟!.