ستران عەبدوڵڵا
مەسەلەی تەنگژە و دەرفەت
ستران عەبدوڵڵا
نەتەوەی خورت و بوژاوە و هاتی خواخوایەتی تەنگژە هەبێت تا بیکاتە دەەفەت و هەنگاوێک خۆی و دۆزەکەی بباتە پێشەوە. لەبەرە ئەوەیە ئەدەبیاتی دیوانی عەرەب ئێژێ : اشتدي يا أزمة تنفرجي.
کە وەرگێڕانەکەی وایە: تەنگژە توندتر بە تا شلوکوت دەبی. بەڵام ئیدیۆمە کوردییەکەی لە گیان و لە زار خۆشترە: (شەڕ تا گەرم بێت خۆشترە).
ئەی نەتەوەی پەست و داماو و پەستاو؟ ئەوا خوا خوایەتی کەس ناوی نەبا ،دەنا ناوکی دەکەوێت .
جارێ لەسەر باسی یەکەمیان بگیرسێینەوە : یانی نەتەوەی هاتی و بوژاوە و گەنج :
لەم حاڵە پڕ لە نەشئە و خۆشیەدایە کە نەتەوە ئەگەر دەسکەوتی هەبێ گەرەکێتی هی زیاتر خڕ بکاتەوە و ئەگەر هیچی نەبێت سا بەڵکو تەنگژە بۆی ببێتە دەرفەت.
لە تەنگژەی کوێت (ساڵی ١٩٩٠) عەشتەبای خوامان نەبوو ، کردمانە دەرفەت. هیچمان نەبوو شتۆکەیەمان پێکەوە نا( راپەڕینی رزگاری و ئەزموونی دیمکراسی لە ساڵی ١٩٩١).
لە تەنگژەی ساڵی ٢٠٠٢ کە شەڕی دژە تیرۆری قاعیدە و بەعس بوو ، دیسان تەنگژە بوویەوە دەرفەت: شتمان هەبوو ، بە شتی تر پایەدارمان کرد: ئەزموونەکەمان کردە دەستووریی و جوگرافیاکەمان تا زنجیرە چیاکانی حەمرین برد.
لە تەنگژەی شەڕی داعشدا (ساڵی ٢٠١٦)جەماعەت کۆدەکەیان ئاوەژوو خوێندەوە، بۆیە لە جیاتی دەرفەتی نوێ دەفری ژەهری پەشیمانیمان تا دوا چۆڕ نۆشی.
ئاخر تەنگژە جوامێری خۆی دەوێ تا بیکاتە دەرفەت. تا ئێستاش پێکوتەی رۆژەکانی پەشیمانی ئەو قەومانەین و مەستی خەیاڵاتی ئەو دەورانەین.
ئەمێستا تەنگژەی تەنگەی هورمزە کە پریشکی ئاگری شەڕی گەورەکانی دونیای گێتی لەگەڵ گەورەکانی دونیای ئێمە بەر کوردستانیش کەوتووە. تازە بەرگی قورئانیش بکەینە بەر حەزیان لێیە بڵێن وا نییە، بەرگی غەزەبتان پۆشیووە.
جا ئێستا قەومی نەجیبی کورد دەبێ لە خۆی بپرسێ لە کوێ بوژاوە و هات و ئیقبالێتی تا بە تەنگژە بڵێ بە خێر بێی بتکەمە دەرفەت دەسکەوت و لە کوێ ناقۆڵایە تا بفەرمێ : ئاگرە سوورە لە خۆم بە دوورە؟
ئەوی دێت دەکرێ دەرفەت بێت، وەکو زەمانی دوو تەنگژەکەی بەعس لە ساڵی ١٩٩١ و ساڵی ٢٠٠٣ ، یاخود تەراویلکەی دەرفەتە وەکو کەتنەکەی دوای تەنگژەی داعش لەساڵی ٢٠١٧ ، کە ناوی نابەم تا نەبێ بە چاوەوە!
بە واتایەکی تر دەبێ ئێستای خۆمان بناسین کە داخۆ گەنج و بوژاوەین بە جۆرێک تەنگژەمان پێ دەکرێتە دەرفەت؟ یان بە قەولی کلاسیکی نالی شاعیر کە پیر و ئوفتادەین و فانی؟
گەرەکە (ناوی ئەم قۆناغە بنێین) وەکو ناونیشانی بەرگی پێنجەمی (مەسەلەی توتنەکە)م ناو نابوو.
مەسەلە (ئانە پانە) نییە، مەسەلە شەترەنجی سیاسەتە و سیاسەتیش بنی قویلە کە جوامێری خۆی دەوێت تا دەرفەت بەسەر تەنگژەدا زاڵبکات.
تەبعەن ئێمە باسی گەمەی جیهانی شەترەنج دەکەین، نەک گەمەی خۆماڵی دامە و سێ رسکێن.
گەمەی شەترەنج دەماری سارد و سڕی کاربۆف و کاسپارۆفی دەوێت. گەمەی دامە بابای داماوی کورد هەر کە زانی براوە نییە گشتی تێکو مەکان دەدا، بە بیانووی گەرماو نەمانی سێبەری بن دیوارەوە.