عیماد ئەحمەد
عیماد ئەحمەد
مێژوو هەمیشە بەو ناوانەوە نامێنێتەوە کە سەرکەوتووان لەسەری دادەنێن؛ هەندێک رووداو بە ناوی «شۆڕش»ەوە دەست پێدەکەن، بەڵام کاتێک زەمەن پەردە لەسەر دەرئەنجامەکانیان هەڵدەداتەوە، پرسیارێکی تر دەخەنە بەردەم نەوەکان: ئایا بەڕاستی ئەوە شۆڕش بوو، یان کودەتایەکی سەربازیی کە بە دروشمی داواکانی گەلەوە هات و بە خوێنی خێزانێک لە کۆشکی ریحاب دەستی پێکرد؟
(14)ی تەمموزی 1958، یەکێک لەو رۆژانەیە کە هێشتا مێژووی عیراق حوکمێکی کۆتایی لەسەر نەداوە. بۆ هەندێک، رۆژی رزگاربوون بوو لە پاشایەتی، هەژموونی بەریتانیا و نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی؛ بۆ هەندێکی تر کۆتایی سەردەمی دامەزراوەیی و دەستپێکی بازنەیەک بوو لە کودەتا، تۆڵە و دەسەڵاتی سەربازی.
ئەگەر شۆڕش بە مانای راپەڕینی گەل بۆ ئازادیی و دادپەروەری بێت، چۆن دەکرێت لە ژووری نهێنیی ئەفسەرانی پلەداردا پلانی بۆ دابنرێت، بە تانک و تفەنگ دەست پێبکات و بە کوشتنی خێزانێک لە کۆشکی ریحاب، یەکەم بەیانیی خۆی بنووسێتەوە؟ شۆڕش دەبێت لە ناخی کۆمەڵگەوە هەڵبقوڵێت؛ خەڵک خاوەنی بن، نەک تەنها بینەربن. کودەتا زۆرجار لە پادگانێک (سەربازگەیەک)ەوە دەست پێدەکات؛ ژمارەیەک سەرباز دەسەڵات دەگرنە دەست و دواتر بە ناوی گەلەوە قسەدەکەن.
لەو سەردەمەدا خواستی گۆڕانکاری و ناڕەزایی گشتی بەڕاستی هەبوو. هەژاری، نایەکسانی، کێشەی زەویوزار و هەستی وابەستەیی بە بەریتانیا، زەمینەی گۆڕانیان خوڵقاندبوو؛ بەڵام شێوازی گرتنە دەستی دەسەڵات سەربازی بوو. بۆیە رەنگە راستترین پێناسە بۆ ئەو رووداوە ئەمە بێت: کودەتایەکی سەربازیی کە بە پشتگیریی بەشێک لە خەڵک، رەهەندێکی شۆڕشگێڕانەی وەرگرتبێت.
سیستمی پاشایەتی لە عیراقدا بێ کەموکوڕی نەبوو. هەژموونی بەریتانیا بەهێز بوو، دەسەڵات لە دەستی چینێکی سنوورداردا کۆبووبۆوە و هەژاری و نایەکسانی فراوان بوو. دەنگی ئۆپۆزسیۆن هەمیشە بە ئازادیی نەدەبیسترا و هەستی نەتەوەیی زۆرجار خۆی لەژێر سێبەری پەیماننامە و بەرژەوەندییە دەرەکییەکاندا دەبینییەوە، بەڵام لەهەمان کاتدا عیراق خاوەنی دەستوور، پەرلەمان، حکومەت، دادگا و نەریتێکی سیاسی بوو. هەرچەندە دیموکراسییەتەکە تەواو و بێ کەموکوڕیی نەبوو، دەرگای پەرەپێدان و چاکسازی هێشتا داخراو نەبوو. زانکۆکان، رێگاوبان، پڕۆژەکانی ئاودێری و دامەزراوەکانی دەوڵەت هەنگاویان بەرەو پێش دەنا. کێشەکە ئەوە بوو کاروانی گۆڕانکاریی خاو بوو، نادادپەروەریی خێراتر لە چاکسازیی گەشەی دەکرد.
لە بەیانیی (14)ی تەمموزدا، کاتێک مەلیک فەیسەڵی دووەم و ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەی پاشایەتی و خزمەتکارانی کۆشکی ریحاب کوژران، تەنیا کۆتایی بە خێزانێکی پاشایەتی نەهات؛ بەڵکو سنوورێکی ئەخلاقی لە مێژووی سیاسیی عیراقدا شکا. دەکرا پاشایەتی کۆتایی پێبهێنرێت، بەبێ ئەوەی مرۆڤەکان بکوژرێن. دەکرا مەلیک لە دەسەڵات لاببرێت، دادگایی بکرێت، یان لە وڵات دەربکرێت، بەڵام کاتێک گۆڕانکاریی بە خوێن دەست پێدەکات، خوێنڕشتن زۆرجار لە رووداوێکی کاتییەوە دەبێتە نەریتێکی بەردەوام.
لەو ساتەوە، کوشتنی رکابەران بوو بە بەشێک لە زمانی دەسەڵات. لە 1958ەوە بۆ کودەتای 1963، لەوێوە بۆ 1968 و دواتر بۆ سەردەمی سەدام حسێن، بەندیخانە، پاکتاو و تۆڵەی سیاسی، بوون بە ئامرازی حوکمڕانی؛ عیراقیش لە دەوڵەتێکی دامەزراوەییەوە، هێواش هێواش بەرەو دەوڵەتی حزبی و تاکەکەسی هەنگاوی نا.
لێرەدا پرسیارێکی تر دێتە پێشەوە: عیراقی پاشایەتی باشتر بوو، یان کۆماری سەردەمی سەدام؟ مێژوو بە وشە سادەکانی «باش» و «خراپ» حوکم نادات. پاشایەتی نادادپەروەریی، هەژاری و دەستوەردانی دەرەکیی تێدا بوو؛ بەڵام عیراقی سەردەمی سەدام، جگە لە هەندێک قۆناغی گەشەی ئابووری و پەرەپێدانی خوێندن و تەندروستی، شاهیدی شەڕ، سەرکوتکاری و کارەساتی گەورە بوو.
جەنگی عیراق ـ ئێران، هەشت ساڵ لە تەمەن و سامانی وڵاتی فەوتاند. ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە برینێکی قووڵیان لە ویژدانی کوردستان و مرۆڤایەتیدا جێهێشت. داگیرکردنی کوێت، شەڕ، گەمارۆ و دواجار رووخانی دەوڵەت لە 2003دا، عیراقیان خستە ناو بازنەیەکی تری کارەساتەوە. بۆیە ئەگەر بەپێی دەرئەنجامەکان حوکم بدەین، پاشایەتییە کەموکوڕ و نادادپەروەرەکە کەمتر وێرانکەر بوو لەو کۆمارییەی کە بە تاکڕەوی، شەڕ و تۆقاندن کۆتایی هات. پاشایەتی پێویستی بە چاکسازیی هەبوو؛ بەڵام کۆمارییەکەی سەدام پێویستی بە رزگاربوون بوو لە دەسەڵاتی سەرەڕۆ.
لە جیهاندا هیچ یاسایەک نییە بڵێت پاشایەتی هەمیشە خراپە و کۆماریی هەمیشە باشە. بەریتانیا، سوید، نەرویج، دانیمارک، هۆڵەندا و ژاپۆنیش پاشایەتین؛ بەڵام دیموکرات، سەقامگیر و خۆشگوزەرانن، چونکە لەوێ پاشا حوکم ناکات؛ دەستوور، یاسا و دامەزراوەکان حوکمڕانن. لە بەرامبەردا، زۆر وڵات ناوی «کۆماری»یان هەڵگرتووە، بەڵام دەسەڵات تێیاندا لە دەستی تاکێک، یان حزبێکدایە. هەڵبژاردن دەکرێت، بەڵام دەسەڵات ناگۆڕدرێت؛ دەستوور هەیە، بەڵام یاسا لەژێر رکێفی حاکمدایە. کەواتە پرسیاری سەرەکی ئەمە نییە: مەلیک، یان سەرۆک؟ تاج، یان کۆمار؟ پرسیاری راستەقینە ئەوەیە: کێ یاسا بەسەر دەسەڵاتدا دەسەپێنێت؟ دەسەڵات چۆن دەگوازرێتەوە؟ ئایا مرۆڤ لەبەردەم دەوڵەتدا پارێزراوە، یان نا؟
لەو گۆڕانکارییە مێژووییەدا، کورد و کوردستان تەنیا تماشاکار نەبوون. کورد بە هیوای دانپێدانان بە ماف و ناسنامەی نەتەوەیی پێشوازی لە کۆمار کرد؛ بەڵام ئەو هیوایە هەر زوو لە سێبەری ناوەندگەرایی و نەبوونی چارەسەرێکی دادپەروەرانەدا لاواز بوو. مێژوو سەلماندوویەتی کە سەقامگیریی عیراق بە سەقامگیریی کوردستان و هاوبەشیی راستەقینەوە بەستراوەتەوە.
دوای نزیکەی حەوت دەیە، عیراق هێشتا بەدوای سەقامگیریدا دەگەڕێت. پاشایەتی رووخا، بەڵام دادپەروەریی رەها بەرپا نەبوو. کۆمار دامەزرا، بەڵام دەسەڵاتی راستەقینەی گەل بەدینەهات. دروشمەکان و سەرۆکەکان گۆڕان؛ بەڵام ترسی کودەتا، تۆڵەی سیاسی و لاوازیی دامەزراوەکان بە شێوەی جیاواز ماونەتەوە.
رەنگە گەورەترین وانەی 14ی تەمموز ئەمە بێت: هیچ دەسەڵاتێک تەنیا بە گۆڕینی ناوی خۆی نوێ نابێتەوە. کۆمار، ئەگەر یاسا، ئازادیی و متمانەی تێدا نەبێت، تەنیا پاشایەتییەکی بێ تاجە؛ پاشایەتیش، ئەگەر دەستوور و دەنگی گەل بپارێزێت، دەتوانێت لە زۆرێک لە کۆمارەکان دیموکراتتر بێت.
(14)ی تەموز تاجی لەسەر سەری مەلیک لادا، بەڵام نەیتوانی سێبەری سەرباز لەسەر سیاسەت لابدات. کۆماری هێنا، بەڵام دەرگای بۆ کودەتاکانی دواتریش واڵا کرد. لەو بەیانییەدا خێزانێک کوژران؛ بەڵام ئەوەی زیاتر لەناوچوو، بیرۆکەی گواستنەوەی ئارام و یاساییانەی دەسەڵات بوو.
لە کۆتاییدا، گەلان بە تاج سەرفراز نابن و بە ناوی کۆماریش ئازاد نابن؛ بەڵکو بە یاسا، دادپەروەری، متمانە و رێزگرتن لە ژیانی مرۆڤ بەهێز دەبن، چونکە دەوڵەت لەو رۆژەوە دەست پێدەکات کە تفەنگەکان بێدەنگ دەبن و یاسا قسە دەکات؛ مێژووش لەو ساتەدا ئارام دەبێتەوە کە گۆڕانکارییەکان چیتر بە خوێن نانووسرێنەوە.