کەژاڵ ئەحمەد
لەم رۆژانەدا هاوڕێیەکم کە بەردەوام نوێترین و باشترین بڵاوکراوەکانم بۆ دەنێرێت، وتارێکی دوورودرێژ و کاریگەری د.بورهان یاسین-ی بۆ ناردم بە ناونیشانی: (بەعەرەبکردنی بێدەنگی هەرێمی کوردستان: کارەساتێکی نیشتمانی)، هەروەها لەڕێی سۆشیال میدیاوە ئاگاداری دیبەیتێکی گرنگی (دامەزراوەی ڤیم) بووم بەناونیشانی: (کوردستان لەبەردەم گۆڕانی دیموگرافیدا)، کە مشتومڕێکی بەسوودی لەسەر ئەو بابەتە بەدوای خۆیدا هێنا. دوای دەستخۆشیی کردنم لەوانەی پرسە نیشتمانیی و نەتەوەییە گرنگەکان بەهەند وەردەگرن و لەڕێی نووسین، یان چالاکیی جەماوەریی و رووناکبیرییەوە کاری لەسەردەکەن و مەبەستیانە هوشییاریی لەناو خەڵکی کوردستان و کورد بەگشتیدا بڵاوبکەنەوە، پێم باشە بۆچوونەکانم لەسەر ئەم مەترسییە کۆنە، بە تەکنۆلۆژیای نوێ پڕچەککراوە، بخەمەڕوو. ئەمڕۆ باسی هێزی نەرمی داگیرکاریی دەکەم کە بەعەرەبکردنی هاوچەرخە لەڕێی هێنانی ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیای زەبەلاح و کڕینەوەی زەوی و زار و پڕۆژەکان لە خاوەنە کوردەکانیان و هاتن بە لێشاو بۆ گەشتوگوزار و نیشتەجێبوون لە کوردستان. ئەوە راستە کە هاتنی عەرەب، یان تورک، یان فارس، یان ئەوروپی و ئەمریکی بۆ وڵاتەکەمان، سودی ماددی و مەعنەوی لێدەکەوێتەوە، بەڵام کاتێک ئەم گەشتیارە پارەی زۆری پێبێت و بۆی هەبێت هەموو شتێک لە خانەخوێکە بکڕێت بەو پارەیەی پێیەتی، لێرەوە ئەو مەترسییە سەرهەڵدەدات کە نووسەرە دیارەکان و ناوەندە رووناکبیرییەکانمان هۆشداریی دەدەن لەبارەیەوە. ئەگەر بەراوردێک بکەین لەنێوان مووچەخۆرێکی عیراق و مووچەخوراوێکی کوردستاندا، دەبینین یەک مووچەی مانگێکی ئەوانەی عیراق نەفەوتاوە، بەڵام بۆ ماوەی دوورودرێژ مووچەخۆری هەرێمی کوردستان بێ مووچە بوون و لە ناچارییدا کەوتوونەتە فرۆشتنی ئەوەی هەیان بووە و نەشیان بووە. سنوورێک بۆ هەندێک خاوەندارێتی دانەنراوە و نەکراون بە هێڵی سووری ئاسایشی نەتەوەیی. پرۆژەکانی نیشتەجێکردن و چەندان دۆنم زەوی و کارگەی زەبەلاح و پرۆژەی ژیانیی و کاریگەر، بۆچی بهێڵرێت خاوەنەکانیان غەیرەکورد بن؟ کەرتی پەروەردە و فێرکردن، یان دایەنگە و قۆناغە سەرەتاییەکانی خوێندنی منداڵی کورد، بە چ پێوەرێک تەسلیمی غەیری کورد دەکرێن؟ چۆن هەست بە هاتنی مەترسیی سڕینەوەی زمان و کەلتور و داب و نەریتی خۆمان و باپیرانمان ناکەین؟ ئەی باشە ئایا ئێمە دەزگای ئامارمان هەیە؟ ئەگەر هەیە بۆچی ئاگاداری ئەو داتایانە نین کە سەبارەت بە هەڵکشانی سەرسوڕهێنەری رێژەی عەرەب لە شارەکانی کوردستاندا بڵاوکراونەتەوە. هەڵکشانی رێژەکە جێگەی گومان و دڵکرمێ بوون و لێکدانەوەیە، بە تایبەتی لەبەرئەوەی لە رۆژگارێکدا دەژین و بەرپرسیارین لە ژیانی نەوەکانی ئایندە کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو گۆڕانکاریی ریشەیی دەچێت و هەر هەڵەیەکی سیاسی هەر نەتەوەیەک، بێگومان کوشندە دەبێت وکاریگەریی دادەنێت لەسەر ئایندەی خۆمان و گەلەکەشمان. هەژارکردنی کوردستان لە رێگەی دواخستنی بودجەوە، ئاودەکاتە ئاشی بەعەرەبکردنی بێدەنگەوە، تەنانەت بە تورک کردنی بێدەنگەوە، باسی بە فارسکردن ناکەم، چونکە ئەوان خۆیان لە قەیرانی تمەندا گینگڵ دەدەن، بەڵام بابەتەکە هێندەی درکم پێ کردبێت شەڕێکی نەرمی نەتەوەیی نییە، چونکە بۆ ئەم سەردەمە ئەو بابەتە کۆن بووە، بەڵکو شەڕەکە لەسەر زەویی بەپیت و پڕ لە کانزا، لەسەر سروشتی جوان و ئاوی سازگار و مەڵبەندێکە، کە لانکەی مرۆڤایەتییە.