عیماد ئەحمەد 09:58 AM - 2026/07/13

عیماد ئەحمەد
هەندێک شەو هەن کە بێدەنگی زیاتر لە هەر ئاوازێک قسە دەکات. جامێک بەسەر مێزێکەوە بێ‌جووڵە راوەستاوە، لە دوورەوە دەنگی نەی بە ئارامی ناڵە دەکات، مانگ تیشکی خۆی بەسەر رووی زەویدا دەڕژێنێت و با لە گوێی دارەکاندا زیکری خۆی دووپات دەکاتەوە. لەو ساتانەدا هەست دەکەم مرۆڤ لەنێوان سێ هێمای هەمیشەییدو دەژی: جام، نەی و بێدەنگی؛ یەکێک تینوێتیی رۆحە، یەکێک ناڵەی جودایی و سێیەمیش خاڵی گەیشتن بە راستی.
هەر کاتێک بێدەنگی دەچێتە ناو دڵمەوە، بیرم بۆ رووباری ئەڵوەن دەگەڕێتەوە؛ بۆ خانەقین و جەلەوە، بۆ سەرەتای ژیان و بۆ ئەو رۆژانەی کە دنیا هێشتا بە رەنگی منداڵی دەدرەوشایەوە. لەژێر سێبەری دارخورماکان دەخەوتم و لەسەر بەردە گەرمەکانی کەناری رووبار بە پێی پەتی دەرۆیشتم، پێش ئەوەی فێری خوێندنەوەی کتێب ببم، فێری خوێندنەوەی ئاو بووم. ئەڵوەن مامۆستایەک بوو کە نە قوتابخانەی هەبوو، نە پەڕەی کتێب، بەڵام هەر شەپۆلێکی وانەیەکی هەتاهەتایی فێر دەکردم.
ئەڵوەن هەمیشە دەیگوت: «بڕۆ!»، نە بە توندیی لافاو، نە لە ترسی خنکان، بەڵکوو بە ئارامی، بە متمانە و بە بەرگری لە پاکیی خۆت. ساڵانی دواتر، کاتێک ژیان رێگایەکی قورس و پڕ لە تاقیکردنەوەی پیشاندام، تێگەیشتم ئەڵوەن هەر لە تافی منداڵییەوە فێری خۆڕاگریی کردبووم. فێری ئەوەی کە راستی هەمیشە نرخێکی هەیە، بەڵام هەرگیز نرخی لەدەستدانی ویژدان نییە.
لە درێژەی تەمەنمدا شوێنەکان گۆڕان، رووخسارەکان ون بوون، هاوڕێیان هاتن و چوون و خەونەکانیش گەورەتر یان بچووکتر بوون، بەڵام ئەو منداڵەی کەناری ئەڵوەن هێشتا لە ناخمدا دەژی. جاروبار لە بێدەنگیی شەواندا، هەست دەکەم لە دوورەوە سەیرم دەکات. هیچ قسەیەک ناکات؛ تەنها چاوەکانم دەخوێنێتەوە و بەبێ وشە دەپرسێت: «ئایا هێشتا هەمان مرۆڤیت؟»
لەو چرکەساتانەدا، وتەیەکی حافزی شیرازی لە هۆشمدا دەدرەوشێتەوە کە عیشق بە رێگای رزگاریی دەزانێت و پاشان دەنگی نەیی مەولانا جەلالەدینی رۆمی لە ناخمدا هەڵدەستێت:
«گوێ لە نەی بگرە، چۆن چیرۆکی دابڕان دەگێڕێتەوە»، بەڵام پێش ئەوەی مرۆڤ گوێ لە ناڵەی نەی بگرێت، گوێ لە دەنگی دڵی دایک دەگرێت؛ یەکەم نەغمەی ژیان لە سنگی ئەوەوە دەست پێدەکات. لەوانەیە یەکەم دابڕانی مرۆڤیش، نە لە نیشتمان، نە لە یار، بەڵکو لە باوەشی دایکی بێت؛ ئەو چرکەساتەی کە منداڵ لە گەرمیی جەستەی ئەو و لە ئارامیی دڵی ئەو جیادەبێتەوە و دەچێتە ناو جیهانی پڕ لە دەنگ و تاقیکردنەوەوە. لەوانەیە هەموو دڵتەنگییەکانی ژیان، هەر گەڕانێکی نادیار بن بۆ دۆزینەوەی هەمان ئارامیی یەکەم، بۆ هەمان هەناسەی کە لە باوەشی دایکیدا هەستی پێدەکرد. لەبەر ئەوەشە ناڵەی نەی، لە قووڵایی رۆحی مرۆڤدا، تەنها چیرۆکی دابڕان لە قامیشەڵان ناگێڕێتەوە، بەڵکو یادی ئەو یەکەم جوداییەش دەکاتەوە کە مرۆڤ لە دڵی دایکییەوە دەستی پێکرد و هێشتا بەتەواوی لە خەفەتی ئەو دابڕانە نەگەڕاوەتەوە. ئەوسا تێدەگەم کە تەواوی ژیانی مرۆڤ، چیرۆکی گەڕانەوەیە. گەڕانەوە بۆ شوێنێک کە نییە؛ بۆ دڵێک کە بەر لە برینی پاکی، هێشتا لە سەرچاوەکەی خۆیدا ماوە. ئێستا بۆم روونبووەتەوە کە جام تەنها پەیمانەی مەی نییە؛ پەیمانەی تینوێتیی رۆحە. نەی تەنها پارچەیەک قامیشی بۆش و کونکراو نییە؛ دەنگی دڵێکە کە لە سەرچاوەی خۆی دابڕاوە. بێدەنگییش نەبوونی دەنگ نییە؛ ئەو پیرۆزترین شوێنە کە وشەکان تێیدا کۆتاییان دێت و حەقیقەت دەست بە قسەکردن دەکات.
سروشت هەمیشە بێدەنگترین مامۆستای ژیان بووە. گوڵ بۆ ئەوە جوانە کە باگەشە بۆ جوانیی خۆی ناکات. خۆر بۆ ئەوە گەورەیە کە تۆڵە لە تاریکی ناسەنێتەوە. رووبار بۆ ئەوە دەگاتە دەریا کە لە جووڵانەوە ناکەوێ. مرۆڤیش هەر کاتێک دڵی لە کینە و فێڵ و چاوچنۆکی پاراست، گەورەترین سەرکەوتنی بەدەستهێناوە؛ سەرکەوتنێک کە هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت بیبەخشێت و هیچ کاتێکیش ناتوانێت لێی بسەنێتەوە. ساڵەکان فێریان کردم کە دادپەروەریی لە دادگاوە دەست پێ ناکات؛ لە ویژدانەوە دەست پێدەکات. ئاشتی لە سنوورەکاندا دروست نابێت؛ لە ناخی مرۆڤدا لەدایک دەبێت. هەر بۆیە زۆرجار باشترین وەڵامەکانم لە بێدەنگییدا دۆزیوەتەوە، نەک لە قسەکردندا.
لە ئێوارەی تەمەندا، مرۆڤ دەزانێت ئەوەی بەدوایەوە بووە، زۆرجار لە سەرەتادا هەبووە. ئەو ئارامییەی ئێستا بەدوایدا دەگەڕێم، رۆژێک لە کەناری ئەڵوەن هەمبوو. ئەو پاکییەی ئێستا لە کتێب و فەلسەفەدا بۆیدەگەڕێم، لە چاوی منداڵێکدا دەدرەوشایەوە. لەڕاستیدا ژیان گەشتێکی دوور نییە؛ سووڕانەوەیەکی درێژە بۆ ئەو شوێنەی یەکەم جار رۆحمان لەوێ هەناسەی پاکی هەڵمژیوە.
باوەڕم وایە لە کاتی دوا ساتەکانی گەشتکردنمدا، «گەوهەر»ی دایکم لێم ناپرسێت چەند دەسەڵاتم بینی، یان چەند سەرکەوتنم تۆمار کرد. لەوانەیە تەنها بە ئارامی بڵێت: «کاتێک دڵت دەخوێنمەوە، هێشتا بۆنی ئەڵوەنی منداڵیت لێ دێت؟!» ئەوسا، ئەوا مرۆڤ نەک تەنها ژیاوە، بەڵکو رۆحی خۆشی پاراستووە. ئینجا دەزانێت کە هەموو تەمەنی مرۆڤ، هەرچەندە حەفتا ساڵیش بێت، تەنها گەشتێک بووە بۆ دۆزینەوەی سێ هاوڕێی کۆنی خۆی: جامێک کە تینوێتیی رۆح بشکێنێت، نەیەک کە جودایی بگۆڕێت بە نزا و بێدەنگییەک کە تێیدا دەنگی دایکی، لە هەموو وشەیەک روونتر ببیسترێت و لە هەموو کەس باشتر رێنمایی بکات.

ئینجا دەزانێت، کۆتایی هەر گەشتێکی راستەقینە دەستپێکی گەڕانەوەیە؛ گەڕانەوە بۆ ئەو منداڵەی هێشتا لە کەناری رووباری ئەڵوەن راوەستاوە، دەستی لە رووبارەکەدایە و بە دڵێکی بێگەردەوە، هێشتا چاوەڕوانی دایکی دەکات!

وتارەکانی نوسەر