عیماد ئەحمەد
عیماد ئەحمەد
هەندێک پرسیار هەن کە مرۆڤ تەنیا جارێک نایانپرسێت، بەڵکوو هەموو تەمەن دووبارە دەیانژێنێتەوە. من، «بۆ دەنووسم؟» یەکێک لەو پرسیارانەیە. هەر جارێک قەڵەم بەدەستەوە دەگرم، یان پەنجەکانم لەسەر شاشەی مۆبایلەکەم دادەنێم، پێش ئەوەی یەک وشە بنووسم، ئەم پرسیارە لە ناخمدا هەڵدەستێتەوە. وەڵامەکەشی هەمیشە یەک شتە: دەنووسم، چونکە نووسین بۆ من شێوازی ژیانە.
سەفەری من لەگەڵ وشە، لە پۆلی چوارەمی سەرەتایی لە قوتابخانەی «النهضة»ی خانەقین دەستی پێکرد. دێڕێکی سادە: «يوزع الفراش الطباشير». بۆ زۆر کەس تەنها راهێنانێکی قوتابخانە بوو، بەڵام بۆ من یەکەم دەروازەی جیهانێکی نوێ بوو. ئافەرینی مامۆستا سلێمان تەنیا هاندانێکی کاتیی نەبوو؛ تۆوی باوەڕێکی چاند لە ناخی منداڵێکدا، کە ساڵانی دواتر بوو بە دارێکی بەرهەمدار. ئیتر لەو رۆژەوە فێر بووم کە هەندێک وشە تەنیا رستە نین، بەڵکوو بنەمای چارەنووسی مرۆڤ دادەڕێژن و دروستی دەکەن.
لە قۆناغی ناوەندیدا بە زمانی عەرەبی دەستم بە نووسینی پەخشان و هەوڵە ئەدەبییەکان کرد. دواتر لە ساڵانی خەبات و کاری سیاسیدا، نووسین بوو بە بەشێکی ژیانی رۆژانەم، بەڵام وەرچەرخانە گەورەکە لە سەردەمی کۆرۆنادا روویدا. کاتێک جیهان لە ترسی نەخۆشییەک خۆی لەناو کەرەنتینەدا بەند کرد، من لە ژوورێکی بێدەنگدا لەگەڵ کتێب و نووسین مامەوە. لەو بێدەنگییەدا گەڕامەوە بۆ دەنگی یەکەم، بۆ زمانی دایک، زمانی کوردی.
بە هاندانی هاوڕێیانی دڵسۆز، بەتایبەتی مامۆستا موحسینی خاڵم، دەستم کرد بە نووسینی بیرەوەرییەکانم بە زمانی کوردی. ئەو کاتە تێگەیشتم هەندێک هەست، هەندێک ئازار و هەندێک بیرەوەری، تەنیا بە زمانی دایک دەتوانن تەواو هەناسە بدەن. ئەو نووسینانە، بە هیممەت و هاندانی هەڤاڵانم، بوون بە کتێبی «درەوشانەوەی مێژوو».
ئەمڕۆ لە سەردەمی تەکنەلۆژیا و ژیانی دیجیتاڵدا، زۆربەی نووسینەکانم لە ناو «Notes»ی مۆبایلەکەمدا لەدایک دەبن. دەستوخەتم وەک جاران جوان نەماوە، بەڵام گرنگ نییە وشە بە تەباشیر بنووسرێت، بە پێنووس، یان لەسەر شاشە، گرنگ ئەوەیە هەست و بیرۆکەکان هێشتا بەردەوامبن لە گەڕان بەدوای وشەی باش و جوان و شوێنهەڵگری راستی بن. لەو رۆژەوە نووسین بۆ من پیشە نەما، بوو بە ئەمانەت.
بۆ دەنووسم...؟
دەنووسم بۆ ئەو مرۆڤانەی کە مێژووی راستەقینەی ئەم نیشتمانەیان نووسی، بەڵام ناویان لە پەڕاوێزی مێژوودا ماوەتەوە؛ بۆ پێشمەرگەیەکی گومناو، بۆ مامۆستایەکی بێناوبانگ، بۆ هاوڕێیەکی دڵسۆز، بۆ دایکێک کە چاوەڕوانیی کوڕەکەی بە تەمەنی پیرێتی گەیاند و بۆ باوکێک کە تەمەنی خۆی بێدەنگانە بە نیشتمان بەخشی. ئەوانە لە کتێبە فەرمییەکاندا رەنگە شوێنیان نەبێت، بەڵام لە ویژدانی نەتەوەدا هەمیشە زیندوون.
بۆ هاوڕێ و هاوسەنگەرانی رێگای خەبات دەنووسم؛ ئەوانەی پێکەوە شیرینیی سەرکەوتن و تاڵیی شکستمان چەشتووە. بۆ نەوەکانی داهاتووش دەنووسم، نە بۆ ئەوەی بیرۆکەکانی خۆم بسەپێنم، بەڵکو بۆ ئەوەی بڵێم مێژوو تەنیا لە فەرمان و بەڵگەنامەکاندا نانووسرێت؛ مێژوو لە دڵی مرۆڤەکان، لە بیرەوەریی شوێنەکان و لە وشەی ئەوانەشدا دەنووسرێت کە دەنگیان کەمتر دەبیسترێت.
ساڵانی تەمەن و ئەزموونی کاری سیاسی فێری کردووم کە سیاسەت، ئەگەر لە ئەدەب و فەلسەفە داببڕێت، دەبێتە هێزێکی بێ رۆح؛ ئەدەب، ئەگەر لە ئازاری مرۆڤ و نیشتمان دوور بکەوێتەوە، دەبێتە یاریی وشەکان. بۆیە هەوڵدەدەم هەر وتارێک نە تەنیا رەخنە بێت و نە تەنیا ستایش، بەڵکو ئاوێنەیەک بێت بۆ ڕاستی؛ ئاوێنەیەک کە هەڵەکان پیشان بدات و هەمان کات هیوای چاکبوونەوەش لەبیر نەکات.
من بۆ ناوبانگ نانووسم، بۆ کات بەسەربردنیش نانووسم. دەنووسم، چونکە باوەڕم وایە مرۆڤ دوو جار دەژی؛ جارێک لەناو کاتدا و جارێکی تر لەناو یادەوەریدا. ئەگەر وشەکانمان ئەو ژیانە دووەمە نەپارێزن، زۆر شت پێش مردنی خاوەنەکانیان دەمرن.
کاتێک لە دوورەوە سەیری ئەو منداڵە دەکەم کە بە تەباشیری سپی یەکەم دێڕی لەسەر تەختەڕەش نووسی، هەست دەکەم هێشتا لە ناخمدا دەژی. جیاوازییەکە تەنیا ئەوەیە کە تەباشیر بووەتە پێنووس، پێنووس بووەتە مۆبایل، تەختەڕەش بووەتە شاشە، بەڵام خەونەکە هەر ئەو خەونەیە.
ئێستا دوای چەندین دەیە لەگەڵ وشە، هێشتا خۆم بە خوێندکار دەزانم، چونکە قەڵەم پێش ئەوەی ئامرازی نووسین بێت، ئامرازی بەرپرسیارێتییە.
لەبەرئەوە، ئەگەر دووبارە لێم بپرسن: بۆ دەنووسیت؟ بۆ کێ دەنووسیت و لە پێناو چیدا دەنووسیت؟
وەڵامەکەم سادەیە، بەڵام هەموو ژیانم لەخۆ دەگرێت:
دەنووسم، چونکە وشە نیشتمانی دووەمی منە. بۆ مرۆڤ دەنووسم؛ بۆ خەڵکی خۆم، بۆ گەل و نیشتمانم، بۆ یەکێتی، بۆ خانەقین، بۆ ئەڵوەن، بۆ جەلەوە و بۆ هەموو ئەو شوێنانەی کە هێشتا لەناو بیرەوەرییەکانمدا دەژین.
لە پێناوی راستی و متمانە و یادەوەریدا دەنووسم، چونکە باوەڕم وایە نەتەوەیەک کە وشەکانی خۆی لەدەست بدات، پێش ئەوەی خاکی لەدەست بدات، بیرەوەرییەکانی لەدەست دەدات.
رەنگە رۆژێک دەنگم بێدەنگ ببێت، قەڵەمەکەم بوەستێت و پەنجەکانم نەتوانن وشەیەکی تر بنووسن؛ بەڵام ئەگەر یەک دێڕ لە نووسینەکانم لە دڵی خوێنەرێکدا بژی، ئەوا هێشتا نەمردووم. باوەڕم وایە مرۆڤ بە تەمەنی ساڵەکانی ناژێت، بەو وشانە دەژی کە دوای خۆی بەجێدێڵێت. بۆیە تا هەناسەم هەبێت دەنووسم؛ چونکە وشە بۆ من تەنیا ئامرازی دەربڕین نییە، ماڵەوەی رۆحە، یادەوەریی نەتەوەیە، و نیشتمانی دووەمی منە.