عیماد ئەحمەد
عیماد ئەحمەد
دەڵێن دانایانی کۆن، کاتێک دەیانویست راستییەکی تاڵ بڵێن، پەنایان بۆ هێما دەبرد. جارێک ئاژەڵ قسەی دەکرد؛ جارێک دار دەهاتە زمان؛ جارێک رووبار و جارێکیش باڵندە؛ چونکە هەندێک راستی تەنیا بە زمانی هێما دەگوترێت.
ئێوارەیەکی فێنک، لەسەر لووتکەی شاخێک، کوێرێک و کەڕێک و لاڵێک بە یەکەوە بوون، هەر یەکە و لەسەر تاشەبەردێک دانیشتبوو، بەدەم گوڵەبەڕۆژە ترووکاندنەوە، دەمەتەقێیان دەکرد.
سەرەتا کوێرەکە پرسیاری کرد: ئێرە کوێیە؟ زۆنی زەردە، یان زۆنی سەوز؟
کەڕەکە هاتە جواب و وتی: ئێرە نە زەردە و نە سەوزە، ئێرە هەرێمی کوردستانە!
«با» لە گوێی دارەکاندا دەیچرپاند و خۆر دوا تیشکەکانی بەسەر شاخەکاندا دەڕشت.
کوێرەکە وتی: برادەران، من نابینم، زیانم بۆ کەس نییە، بەڵام کوێرییەکی مەترسیدارتر هەیە؛ ئەوەی مرۆڤ چاوی هەبێت و راستی نەبینێت. زۆرجار میللەتان نە بەهۆی دوژمنی دەرەکی و نە بەهۆی کەمیی سامانەوە، بەڵکو بەهۆی کوێریی سیاسی و فکرییەوە لاواز دەبن.
کەڕەکە وتی: من نابیستم، بەڵام سەرم لەوانە سوڕماوە کە گوێیان هەیە و دەنگی گەل نابیستن. هاواری ژن، گەنج، کرێکار، مامۆستا و خانەنشین ئەگەر نەبیسترێت، دوای ماوەیەک ئەمانە دەبنە هاواری قەیران.
لاڵەکە بێدەنگ مایەوە و لەسەر زەوی نووسی: «متمانە!»
کوێرەکە وتی: ئەم وشەیە بناغەی هەر دەوڵەتێکە. پارە، چەک، نەوت و قەڵا و تەلارەکان ناتوانن شوێنی متمانە بگرنەوە. ئەگەر متمانە لەنێوان گەل و دەسەڵات، یاسا و داد، سەرکردایەتی و هاووڵاتی نەمێنێت، قەیران لە دەرگا ناوەستێت؛ لە ناو ماڵ دەست پێدەکات.
لاڵەکە سێ وشەی دیکەی نووسی: «یاسا، داد، یەکسانی.»
کوێرەکە وتی: ئەمانە سێ ستوونی هەر نیشتمانێکن. ئەگەر یاسا بۆ هەمووان یەکسان نەبێت، داد لە مانای خۆی دەکەوێت؛ ئەگەر داد لاواز بێت، متمانە دەڕوات و ئەگەر متمانە بڕوات، یەکڕیزیی تەنیا دەبێتە دروشم.
کەڕەکە پرسی: بۆچی زۆر گەنج بیر لە کۆچ دەکاتەوە؟
کوێرەکە وەڵامی دایەوە: چونکە گەنج تەنیا مووچەی ناوێت؛ خوازیاری هیوایە. ئەو کاتەی داهاتووی خۆی لە نیشتماندا نەبینێت، دڵی بەرەو دوورترین ئاسۆ دەڕوات. پێشینان وتوویانە: “دارێک کە لە خاکی خۆیدا گەشە نەکات، چاوەڕوانی بارانی بیانی دەبێت.”
لەو ساتەدا، لاڵەکە بۆ یەکەمجار دەنگی هاتە دەر و فەرمووی: «ترس…»
کوێرەکە وتی: بەڵێ، ترس. زۆر جار نەبوونی چارەسەر لە نەبوونی زانیاری و زانایی نییە؛ لە ترسی گۆڕانە. ئەو کۆمەڵگەیەی رەخنە وەک دوژمنایەتی ببینێت، دواتر قەیران وەک چارەنووس خۆی دەردەخات.
کەڕەکە پرسی: ئەی چارەسەر چییە؟
کوێرەکە وتی: چارەسەر لە گۆڕینی ناوەکان نییە؛ لە گۆڕینی بیرکردنەوە و سیستم و رەفتارە. دەسەڵات ئەو کاتە بەهێزە کە گوێ لەڕاستی بگرێت، نە تەنیا لە دەنگی ستایش. حزب ئەو کاتە دەمێنێتەوە کە بەرژەوەندیی نیشتمان لە بەرژەوەندیی خۆی بەرزتر بگرێت. میللەتیش ئەو کاتە سەردەکەوێت کە لە هەڵەکانی خۆی فێر ببێت، نەک هەمیشە تاوان بخاتە ئەستۆی ئەوانی تر.
ئێوارە تاریکتر بوو؛ «با»ش ساردی کرد. هەرسێکیان بەرەو خوارەوەی شاخەکە رۆیشتن. کوێرەکە، کەڕەکە و لاڵەکە هەر یەکەیان سەرەڕای خاوەن پێداویستی تایبەت بوون، بەڵام ئەوان هێشتا راستییان دەبینی، دەنگی ویژدانیان دەبیست و متمانەیان بە داهاتوو نەبڕابوو. لە بەرامبەردا، زۆر کەس چاو و گوێ و زمانیان تەواوە، بەڵام نە ڕاستی دەبینن، نە دەنگی گەل دەبیستن و نە ئازایەتیی وتنی راستییان هەیە.
«با» لە دوایانەوە وەک پەندی پێشینان دەیچرپاند:
«کوێریی چاو چارەسەری هەیە؛ کوێریی ویژدان نا. کەڕێتیی گوێ، دەرمانی هەیە؛ کەڕێتیی لەڕاستی، چارەسەری تەنیا ئیرادەیە. لاڵیی زمان نەخۆشییە؛ بەڵام لاڵبوون لە بەرامبەر راستیدا، کارەساتە.
چارەنووسی هەرێمی کوردستانیش لەو هەڵبژاردنەدا دەنووسرێت؛ هەڵبژاردنی بینینی راستی پێش دروشم! بیستنی دەنگی هاووڵاتی پێش دەنگی ماستاوچییەکان! دانانی یاسا و داد لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییەکی ترەوە، چونکە میللەتان بە موعجیزە ناژین؛ بە متمانە، بە دانایی و بە ئازایەتیی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و ژیان لەگەڵ راستیدا دەژین.