ڕێبوار ستار 10:00 AM - 2026/06/17

سروشتی کایەی سیاسی و مێژووی گەلان پێمان دەڵێت، کە هێزە ڕەسەنەکان لەناو قەیران و وەرچەرخانە گەورەکاندا تاقی دەبنەوە. لە مێژووی هاوچەرخی کوردستانیشدا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تەنها حزبێکی سیاسی نەبووە، بەڵکو هێزێکی کاریگەر بووە، کە لە هەموو قۆناغە سەخت و جیاوازەکاندا، توانیویەتی هاوسەنگیی هێز بپارێزێت و ئاڕاستەی ڕووداوەکان بەرەو بەرژەوەندیی گشتی وەربگێڕێت. ئەم ڕۆڵە مێژووییە، تەنها پەیوەست نییە بە ڕابردووەوە، بەڵکو لە واقیعی سیاسیی ئەمڕۆشدا بە ڕوونی ئامادەیی هەیە و بۆ هەموو پرسە گەورەکان و روداوە کاریگەرەکان هەر یەکێتی سەنگی مەحەکە.
لە بارودۆخی ئێستای گۆڕەپانی سیاسیدا، پێوەری سەرەکی بۆ مانەوە و بەدەستهێنانی متمانەی جەماوەر، بریتییە لە نزیکبوونەوە لە کێشە، ئازار و داواکارییەکانی خەڵک و گەڕانەوە بۆ بنەما سەرەتاییەکانی خەبات، گەورەترین مەترسی لەسەر هەر هێزێکی سیاسی ئەوەیە کە تووشی دابڕان بێت لە کۆمەڵگە، بۆیە ڕێگە ڕاست و دروستەکە هەمیشە و بێ چەندوچوون ئەوەیە کە سیاسەت بخرێتە خزمەتی کۆمەڵانی خەڵکەوە، نەک سیاسەت بکرێتە وەسیلەیەک بۆ دەستکەوتی شەخسی و پاراستنی بەرژەوەندییە حزبییە بەرتەسکەکان. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە وردی و بە کردەوە ئەم ڕێگەیەی هەڵبژاردووە و ستراتیژی خۆی لەسەر بنەمای خزمەتکردنی ڕاستەقینەی هاووڵاتیان داڕشتووە، دوور لە هەر دەستکەوتێکی کاتی و تەسکی حزبی.
هەر ئەم دیدگا نیشتمانییەشە وایکردووە کە ئەمڕۆ یەکێتی وەک کارەکتەرێکی گەورە، کاریگەر و خاوەن قورسایی لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق، کوردستان و تەنانەت لەسەر ئاستی ناوچەکەشدا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. ئەم پێگە بەهێزە دەرئەنجامی ڕێکەوت نییە، بەڵکو بەرهەمی ڕێباز و سیاسەتە حەکیمانەکەی ڕابەری کۆچکردوومان، سەرۆک مام جەلال-ە، کە ئەمڕۆ ئەو خوێندنگە  حەکیمانەیە، بە سەرکردایەتی و لێهاتوویی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، بە هەمان نەفەسی داکۆکیکردن لە مافی ڕەوای خەڵک بەبێ جیاوازی، بەوپەڕی دبلۆماسیەتەوە بەڕێوەدەچێت.
ئەم قۆناغە نوێیەی کارکردنی یەکێتی، بە دیدگایەکی ستراتیژیی دوورمەودا و بوێری لە بڕیارداندا جیا دەکرێتەوە، سڵنەکردنەوە لە گرتنەبەری هەر هەنگاوێک کە لە بەرژەوەندیی خەڵکدا بێت، تەنانەت ئەگەر بڕیارەکان قورسیش بن. ئەو ئاڕاستەیەی ئێستا یەکێتی پێشەنگیایەتی دەکات، تەنها ململانێیەکی حزبی نییە، بەڵکو خەباتێکە بۆ چەسپاندنی سەقامگیری، دابینکردنی ئارامی و گەڕاندنەوەی خۆشگوزەرانی بۆ سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و باشترین خزمەتکردنیان. کاتێک حزبێک خەمی سەرەکیی بریتی بێت لە پاراستنی کەرامەت و بژێویی هاووڵاتیان، سروشتییە کە ڕێگەکەی ڕاستترین ڕێگە بێت. لەسەر بنەمای ئەم ڕاستییە حاشاهەڵنەگرانە، دەتوانین بە متمانەوە بڵێین مێژوو و واقیع سەلماندوویانە کە یەکێتی لە هەرکوێیەک بێت، ڕێگە ڕاستەکە هەمیشە و دەقاوودەق لەوێیە.

وتارەکانی نوسەر