عیماد ئەحمەد
عیماد ئەحمەد
هەندێ سات هەن کە مێژوو لە نێوان دوو وشەدا وەستاوە: «بەڵێ» یان «نەخێر». لەو چرکەساتانەدا، دنیا بە هەموو فراوانی و قووڵایییەکەی لەسەر بڕیارێکی بچووک دەسوڕێتەوە؛ بەڵام لە پشت ئەو بڕیارەوە، چارەنووسی مرۆڤ و نەتەوەکان دیاری دەکریەت. هەندێ جار، یەک هەڵوێست دەتوانێت مێژوو بنیات بنێت، و هەندێ جاریش یەک هەڵەی چرکەسات، نەتەوەیەک بخاتە ناو سێبەری سەدەیەک لە پەشیمانی.
مرۆڤ لە جەوهەری خۆیدا بوونەوەرێکی «بریاردەر»ە. مرۆڤ تەنها ئەوە نییە لە ڕابردووەوە هاتبێت و بەرەو داهاتوو بڕوات؛ بەڵکو بوونەوەرێکە کە لە هەر چرکەیەکدا، لەڕێگەی بڕیارەکانییەوە داهاتووی خۆی دادەهێنێت. ژیان لە بنەڕەتدا کۆمەڵێک «ئەگەر»ە، بەڵام تەنها بڕیارە کە ئەم ئەگەرانە دەگۆڕێت بۆ واقیع.
واتە: مرۆڤ خۆی دروست نەکردووە، بەڵام کە هاتە دونیاوە، بەرپرسیاری هەموو بریار و کردارەکانی خۆیە.
تەنانەت کاتێک مرۆڤ بڕیار دەدات بڕیار نەدات، لە ڕاستیدا گەورەترین بڕیاری داوە؛ چونکە سڵەمینەوە خۆی جۆرێکە لە هەڵوێست.
مێژوو زۆرجار بە شمشێر و جەنگ ناسراوە؛ بەڵام لە ڕاستیدا، مێژوو زیاتر بە بریار گۆڕاوە.
بریاری پاشا و فەیلەسوف، بریاری سەرباز و شاعیر، بریاری دایکێک بۆ مانەوەی منداڵەکەی، یان بریاری گەلێک بۆ ئەوەی لە ژێر تاریکییدا چۆن ڕووناکی بدۆزێتەوە.
مێژوو زنجیرەی ڕووداوی ڕێکەوت نییە؛ بەڵکو زنجیرەی بڕیارە گەورەکانە.
ساڵی(1962) و بڕیاری «کەنەدی» لە قەیرانی مووشەکەکانی کوبادا، جیهانی لە جەنگی ئەتۆمی ڕزگار کرد؛ چونکە بڕیارێکی عەقڵانی بوو. لە بەرامبەردا، غروری هێتلەر لە بڕیاری هێرشکردنە سەر یەکێتیی سۆڤیەت لە زستانی ساڵی (1941)، بووە هۆی ڕووخانی ئیمپراتۆرییەتەکەی.ئەگەر «گیلگامێش» بەدوای نەمراییدا نەگەڕابا، ئەفسانەکە لەدایک نەدەبوو.
لەم ڕوانگەیەوە، بڕیار تەنها کردارێکی ئیداری یان سیاسی نییە؛ بەڵکو کردارێکی چارەنووسسازە. چونکە هەر بڕیارێک وەڵامێکە بۆ پرسیاری: «چی بکەین؟» ملەتان وەک مرۆڤ، بە بڕیارەکانیان ناسراون؛ بڕیاری ئاشتی یان جەنگ، بڕیاری گفتوگۆ یان توندوتیژی، بڕیاری مانەوە یان خۆبەدەستەوەدان.
بریار تەنها فرمانێکی نییە؛
هەندێ جار دوعایە،
هەندێ جار شۆڕشە،
هەندێ جار گوناهە،
و هەندێ جاریش دەبێتە دەروازەی ڕزگاری.
هەندێ بریار، مێژوو دروست دەکەن؛
هەندێ بریاریش مێژوو دەڕوخێنن.
لە ژیانی سیاسی و دامەزراوەییدا، جیاوازییەکی قووڵ هەیە لە نێوان بڕیاری حزبی و بڕیاری دەوڵەتی. بڕیاری حزبی زۆرجار لە ژێر کاریگەریی ئایدیۆلۆژیا و بەرژەوەندیی کاتی دەردەچێت، بەڵام بڕیاری دەوڵەتداری دەبێت لەسەر بنەمای یاسا، زانیاری، داتا و بەرژەوەندیی گشتی بنیات بنرێت. کاتێک حیزب دەبێتە سەرچاوەی تاکە بڕیار، دەوڵەت کەم کەم دەبێتە قوربانیی ویستی تاک و گروپ.
بریاری حزبی کاتێک خەتەرناک دەبێت کە تەنها لە ژوورە داخراوەکاندا لەدایک ببێت و گوێ لە دەنگی خەڵک نەگرێت.
لە فەلسەفەی دەوڵەتداریدا، باشترین بڕیار ئەوە نییە کە هەمیشە بەخێرایی بدرێت؛ بەڵکو ئەوەیە کە بتوانێت نێوان ئێستا و داهاتوو، نێوان بەرژەوەندیی تاک و بەرژەوەندیی گشتی، و نێوان هەست و عەقڵ هاوسەنگ بکات. زۆرێک لە قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکانی جیهان نە لە نەبوونی سەرچاوە و توانادا، بەڵکو لە نەبوونی بڕیاری دروست و لە کاتی خۆیدا سەریانهەڵداوە. بۆیە داناییی سیاسی، پێش هەر شتێک، هونەری هەڵبژاردنی بڕیاری گونجاوە لە کاتی گونجاودا.
بریاری ئیداریش کاتێک بێڕۆح دەبێت کە مرۆڤ تێیدا تەنها ژمارە بێت، نە مرۆڤ.
لە ڕوانگەی سارتەرەوە، مرۆڤ بە بریار و هەڵوێستەکانی خۆی ناسنامەی خۆی دروست دەکات.
زۆر دامەزراوە و رژێم هەڵوەشاونەتەوە، نە بەهۆی نەبوونی هێز، و جەماوەر بەڵکو بەهۆی بڕیارە هەڵەکان؛ و زۆر نەتەوەش هەڵساونەتەوە، نە بەهۆی زۆری چەک و سەربازی زۆر، بەڵکو بەهۆی ساتێک کە بڕیاری دروستیان داوە.
لە ئەفسانە و مێژووی مرۆڤایەتیشدا، بڕیار هەمیشە بەشێک بووە لە تراژیدیای مرۆڤ.
لێرەدا فەلسەفە فێری ئێمە دەکات کە هەندێ جار ترسەکانمان زیاتر لە بڕیارەکانمان چارەنووسمان دروست دەکەن.
مرۆڤ لە هەموو قۆناغەکانی ژیاندا بەرامبەر بڕیار وەستاوە. لە منداڵیدا، لە نێوان ترس و هەنگاونان؛ لە گەنجێتیدا، لە نێوان خەون و ڕاستی؛ و لە پیریدا، لە نێوان پەشیمانی و دانایی. هەر قۆناغێک بڕیاری خۆی هەیە و هەر بڕیارێک نرخێکی خۆی. هەندێ نرخ بە ئازار دەدرێت، هەندێکی تر بە تەنیایی، و هەندێکیش بە تەمەنی تەواو.
بەڵام گرنگتر لە بڕیاردان، قبوڵکردنی بڕیارە. مرۆڤی پێگەیشتوو ئەوە نییە کە هەمیشە بڕیاری دروست بدات؛ بەڵکو ئەوەیە کە بتوانێت بەرپرسیاریی بڕیارەکانی بگرێتە ئەستۆ. زۆر کەس هەڵەکانیان دەخەنە ئەستۆی کات و دەوروبەر و خەڵکی تر، بەڵام ژیان وەک ئاوێنەیەکە؛ دوایی هەر شتێک، مرۆڤ دەگەڕێنێتەوە بۆ خۆی.
بڕیاری ڕاست زۆرجار ئاسان نییە. هەندێ جار قورسترین ڕێگا، ڕاستترین ڕێگایە. پێشینان دەیانگوت: «هەزار پێوانە و یەک بڕین»، چونکە بڕیار پێویستی بە ژیری و ئارامیی ناوەوە هەیە. پەندێکی تر دەڵێت: «هەڵەی چرکەسات، تاوانی تەمەنە.» چونکە هەندێ بڕیار تەنها یەک ڕێگا ناگۆڕن؛ بەڵکو نەوەکانیش دەگۆڕن.
مرۆڤ و نەتەوە هەردووکیان لە نێوان دوو هێزدا دەژین: هێزی ترس و هێزی هیوا. بڕیار زۆرجار لەو شوێنە لەدایک دەبێت کە ئەم دوو هێزە بەیەک دەگەن.
لە کۆتاییدا، بریار تەنها هەڵبژاردنی نێوان دوو ڕێگا نییە؛ هەڵبژاردنی جۆری مرۆڤبوونیشە. هەر کاتێک مرۆڤ بڕیارێک دەدات، تەنها بارودۆخێک ناگۆڕێت؛ بەڵکو بەشێک لە ناسنامەی خۆشی دەنووسێتەوە. نەتەوەکانیش هەروا؛ هەندێ گەل بەو بڕیارانە ناسراون کە لە کاتی تەنگانەدا دایان، نە بەو هێزانەی هەیانبوو. لەبەر ئەوەی مێژوو لە کۆتاییدا یادی ئەوە ناکات کێ زۆرتر دەسەڵاتی هەبوو؛ بەڵکو یادی ئەوە دەکات کێ لە ساتی پێویستدا، جەسارتی ئەوەی هەبوو بڕیاری دروست بدات. زۆرجار چارەنووس لە دەنگی توپ و تەیارە نانووسرێت؛ لە بێدەنگی ژوورێکدا دەنووسرێت کە تێیدا مرۆڤ یان نەتەوەیەک لە نێوان ترس و هیوادا هەڵدەبژێرێ
ئەگەر لە کۆتایی هەر ڕۆژێکدا مرۆڤ لەگەڵ خۆیدا تەنها بمێنێتەوە، لە دوای بێدەنگبوونی دەنگەکان و لە دوای ونبوونی هەموو بەهانەکان، تەنها یەک پرسیار دەمێنێتەوە:
«ئایا ئەو بڕیارانەی دام، شیاوی مرۆڤبوونم بوون؟»
هەمان پرسیار ڕۆژێک لەبەردەم نەتەوەکانیش دەوەستێت:
«ئایا ئەو بڕیارانەی دایان، شیاوی مێژوویان بوون؟»
چونکە کات دەگوزەرێت، دەسەڵاتەکان دەگۆڕدرێن، جەنگەکان کۆتایی دێن و ناوەکانیش لەبیر دەچن؛ بەڵام شوێنپەنجەی بڕیارەکان لەسەر ڕووخساری مێژوو دەمێنێتەوە.
مێژوو، لە کۆتاییدا، تەنها کتێبی ڕووداوەکان نییە؛
کتێبی بڕیارەکانە.
و ڕەنگە هەر ئەمەش گەورەترین ڕاستیی ژیان بێت:
مرۆڤ و مللەتان، لە کۆتاییدا، بەوە ناسرێن کە لە ساتی هەڵوێسدا کێ بوون