عیماد ئەحمەد
عیماد ئەحمەد
ڕەنگە مرۆڤ بۆ ئەوە نەژی کە هەرگیز نەڕووخێت؛
بۆ ئەوەیە دوای هەر ڕووخانێک، هێشتا بیر لە هەستانەوە بکاتەوە.
ڕەنگە مرۆڤ بۆ ئەوە نەهاتبێتە ئەم جیهانە کە هەمیشە لەسەر پێ بێت؛ چونکە ژیان، لە بنەڕەتدا، ڕێگایەکی هێمن و ڕاست نییە. ژیان پڕە لە تەم و هەور و بروسکە، لە داکشان و هەڵکشان، لە شەوە تاریکەکان و بەیانییە نادیارەکان. هەندێک جار مرۆڤ وەک دارێکی کۆنی بەروو، لە بەرامبەر بایەکی بەهێزدا لقەکانی دەچەمێتەوە بەڵام قەدەکەی قایم رادەوەستێت؛ هەندێک جاریش وەک خانوویەکی بێ پایە، لە ژێر باری قورسی ژیاندا دەتەپێتەوە. بەڵام ڕازە گەورەکە لەوەدا نییە کە نەڕووخێین؛ ڕازەکە لەوەدایە دوای هەر ڕووخانێک، هێشتا شتێک لە ناخماندا بمێنێت بە ناوی «هیوا».
مرۆڤ ئەو بوونەوەرەیە کە دەتوانێت لە ناو خۆڵەمێشی شکستیشدا چرایەکی بچووک بپارێزێت. ڕەنگە ئازاری ژیان نەمرێت، بەڵام هێزی هەستانەوەش هەرگیز بە تەواوی ناکوژێتەوە؛ چونکە ڕۆح، وەک چەمێکی ژێرزەوی، هەرچەندە لە ڕووکەشدا وشک دیار بێت، لە قووڵاییدا هێشتا ئارەزووی ڕۆیشتن دەپارێزێت. مرۆڤ زۆرجار لە دوای شکستنەوەکاندا خۆی باشتر دەناسێتەوە؛ لەو کاتانەی کە هەموو دەرگاکان دادەخرێن، تێدەگات کە هێشتا دەروازەیەک لە ناخی خۆیدا کراوەیە.
لەوانەیە مرۆڤ زۆر شت لەدەست بدات؛ تەندروستی، خەونەکان، هاوڕێیان، یان تەنانەت باوەڕی بە هەندێ شت. بەڵام تا ئەو ساتەی هێشتا بتوانێت دوای شەوێکی تاریک، چاوەڕوانی بەیانی بکات، واتە هێشتا نەشکاوە. چونکە شکانی ڕاستەقینە ئەوە نییە مرۆڤ بکەوێت؛ شکانی ڕاستەقینە ئەوەیە دوای کەوتن، بیر لە هەستانەوە نەکاتەوە.
ڕووخان، کۆتایی نییە؛ هەندێک جار دەستپێکی بینینێکی نوێیە بۆ خۆمان. ژیان فێرمان دەکات کە بەهێزی ڕاستەقینە لەوەدا نییە هەرگیز نەکەویت؛ بەڵکو لەوەدایە هەر جارێک، دەکەویت، هێشتا توانای هەستانەوەت هەبێت. چونکە ئازار زۆرجار ئەو دەرگایەیە، مرۆڤ ئاسانتر لێوە دەردەچێت، و تاریکی هەندێک جار وا دەکات مرۆڤ نرخ و واتای ڕووناکی باشتر بزانێت.
مامۆستا موحسینی خاڵم ئەیوت:
«مرۆڤ ئەو کاتە بە تەواوی لەناودەچێت کە مانای هەستانەوە لەبیر بکات.»
لەبەر ئەوە، ڕاستیی ژیان لە بێکەوتندا نییە؛ لەوەدایە مرۆڤ هەر جارێک دوای شکست، واتایەکی نوێ بۆ مانەوە بدۆزێتەوە. ڕەنگە واتای ژیانیش هەر ئەمە بێت؛ ئەوەی مرۆڤ دوای هەموو ڕووخان و بێهیوایی، هێشتا بتوانێت بە دەنگێکی کز لە قووڵایی ناخیدا بڵێت:
«من هێشتا تەواو نەبووم؛
هێشتا دەکرێت لە ناو خۆڵەمێشی شکستدا،
بەیانییەکی نوێ دابگیرسێنرێت.»
ئەوا ڕووخان، تەنها کۆتایی نییە؛
دەبێتە دەستپێکی خۆناسینێکی نوێ.