عیماد ئەحمەد
مێژوو هەندێک جار بەهۆی شکستەکانەوە ناگۆڕێت؛ بەڵکو بە هۆی سەرکەوتنەکانەوە دەگۆڕێت، چونکە شکست مرۆڤ ناچار دەکات لە خۆی بپرسێت: «بۆچی کەوتوم؟» بەڵام سەرکەوتن زۆرجار ئەو پرسیارەمان لەبیردەباتەوە. لەو ساتانەدا، مەترسییە گەورەکە لە دەرەوە نایەت؛ لە ناوەوە سەرهەڵدەدات. کاتێک رابردوو دەبێتە شوێنی حەوانەوە، نەک بناغەی هەڵکشان؛ کاتێک میرات دەبێتە جێگرەوەی خەون، نەک سەرچاوەی خەونێکی نوێ.
مێژوو پڕە لە نموونەی دەوڵەت و بزووتنەوە و رێکخراوە گەورەکان کە دوژمن نەیتوانیوە بیانڕووخێنێت، بەڵام خۆیان لە ژێر باری شانازییەکانی دوێنێدا ماندوو بوون. ئەوان لە خەباتدا بەهێز بوون، بەڵام لە پاراستن و نوێکردنەوەی دەسکەوتەکانیاندا سستیان نیشانداوە. هەر بۆیە گەورەترین تاقیکردنەوەی هەر رێکخراوێک، نەک لە کاتی دامەزراندن و گەرمەی خەباتدا، بەڵکو لە دوای سەرکەوتن دەست پێدەکات.
ئەمڕۆ، کاتێک جیهان و ناوچەکە بە خێرایی دەگۆڕێن و هاوکێشەکان لە هەر چرکەساتێکدا نوێ دەبنەوە، پرسیاری گرنگ ئەوە نییە چی بەدەست هاتووە؛ پرسیارەکە ئەوەیە ئایا هێشتا توانا و ئیرادەی دروستکردنی شتێکی نوێمان هەیە؟ چونکە نەتەوەکان بە میراتەکانیان ناسراو دەبن، بەڵام بە داهاتوویان مێژوو دەنووسنەوە و بەردەوامیی بە دەستکەوتەکان دەدەن.
لە مێژووی مرۆڤ و گەلاندا، زۆرجار مەترسیی گەورە لە کاتی شکستدا نایەت؛ بەڵکو لە کاتی سەرکەوتندا دەردەکەوێت. چونکە شکست مرۆڤ ناچار دەکات بیر بکاتەوە، بەڵام سەرکەوتن هەندێک جار وای لێدەکات لە خۆی رازیی بێت، مام جەلال دەیوت «لەسەر چەپکە گوڵی سەرکەوتن خەوتان لێ نەکەوێت». لەو ساتانەدا، دەسکەوتەکانی دوێنێ دەبنە پەردەیەک لەبەرانبەر بینینی پێویستییەکانی ئەمڕۆ و میراتی گەورەی رابردوو، ئەگەر نوێ نەکرێنەوە، لە سەرمایەیەکی مەزنەوە دەگۆڕێن بۆ بارێکی قورس لەسەر شانی داهاتوو.
مێژوو وەک رووبارێکە؛ هەرگیز لە شوێنێک ناوەستێت، ئەوەی دوێنێ سەرچاوەی هێز بووە، ئەگەر بە بیر و ئیرادەی نوێ پەیوەست نەکرێت، دەتوانێت ببێتە کۆسپێک بۆ هەنگاوەکانی سبەینێ. بۆیە میللەت و رێکخراوە زیندووەکان ئەوانەن کە رێز لە رابردوو دەگرن، بەڵام زیندانی ناو چواردیواری رابردوو نابن؛ میرات دەپارێزن، بەڵام لە ناو میراتەکە خۆیدا داهاتوو ناکوژن.
ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەردەم قۆناغێکی گرنگدا وەستاون؛ قۆناغێک کە تێیدا پێویستە هاوسەنگییەکی دروست لەنێوان پاراستنی میرات و بنیاتنانی داهاتوودا هەبێت. پرسیاری سەرەکیی ئەم سەردەمە ئەوە نییە چی بەدەست هاتووە؛ پرسیارەکە ئەوەیە چۆن دەتوانرێت ئەو دەسکەوتانە ببنە بناغەی دەسکەوتی نوێ و خزمەتی زیاتر.
مێژوو شایەتی دەدات کە تاقیکردنەوەی گەورەی رێکخراوەکان لە کاتی دامەزراندنیاندا نییە، بەڵکو دوای سەرکەوتنەکانیانە، چونکە دروستکردنی خەون زۆرجار ئاسانترە لە پاراستن و نوێکردنەوەی. زۆر لە بزوتنەوە و رێکخراوە گەورەکانی جیهان لە کاتی خەباتدا گەورەترین هێزیان هەبووە؛ بەڵام دوای سەرکەوتن، تاقیکردنەوەیەکی دژوارتر دەستپێدەکات: تاقیکردنەوەی پاراستنی رۆحی خەبات لە سەردەمی ئارامییدا.
کوردستانیش ئەمڕۆ لە بەردەم هەمان تاقیکردنەوەدایە. نەوەکانی پێشوو بۆ مافی بوون خەباتیان کرد؛ بۆ زمان و ناسنامە و مافی ژیان شەهیدبوون، بەڵام نەوەی ئەمڕۆ لە بەردەم پرسیارێکی جیاوازدایە: چۆن دەسکەوتەکان بپارێزرێن؟ چۆن حکومڕانیی باشتر دروست بکەین؟ چۆن گەنج لە وڵاتەکەی خۆی بێ هیوا نەکەین؟ ئەم پرسیارانە بە چەک و دروشم وەڵام نادرێنەوە؛ بە بیرکردنەوە و چاکسازیی و دامەزراندنی متمانە وەڵام دەدرێنەوە.
لەو نێوەندەدا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تەنیا بەشێک نییە لە مێژووی کوردستان؛ بەڵکو بەشێکە لە وەڵامی پرسیاری داهاتووی کوردستان، چونکە هەر رێکخراوێک کە لە پرۆسەی خەباتدا لەدایکبووە، رۆژێک دەگاتە ئەو ئاستەی دەبێت بڕیار بدات: ئایا تەنیا پاسەوانی میراتەکەی دەبێت، یان خاوەنی خەونێکی نوێش بۆ میللەتەکەی؟
میراتی سەرۆک مام جەلال تەنیا لە دەسکەوتە سیاسییەکانیدا کۆنەبووەتەوە؛ بەڵکو لە شێوازی بیرکردنەوەشیدا. ئەو باوەڕی بەوە هەبوو کە سیاسەت هونەری دۆزینەوەی رێگایە، نەک تەنیا هونەری بەدەستهێنانی دەسەڵات. هەر بۆیە لە زۆر قۆناغدا نیشانیداین کاتێک دەرگایەک دادەخرێت، دەکرێت پەنجەرەیەک بکرێتەوە و کاتێک دەنگی جەنگ بەرز دەبێتەوە، دەبێت دەنگی عەقڵیش ببیسترێت.
ئەمڕۆ جیهان و ناوچەکە بە خێرایی دەگۆڕێن. لەم بارودۆخەدا هەرێمی کوردستان ناتوانێت تەنیا بە سەرکەوتنەکانی دوێنێ بژی. داهاتوو بە ئامرازەکانی رابردوو بەڕێوە نابرێت. پێویس…