سەرۆكی ئەمریكا رەتیكردەوە پشتیوانی لەهەڵمەتی دووبارە هەڵبژاردنەوەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بۆ سەرۆكایەتیی كابینەی داهاتوو بكات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تۆڕی "نیوزماكس"ی ئەمریكی، كاتێك لەبارەی ئەگەری دەستوەردانی لە هەڵبژاردنەكانی 27ی تشرینی یەكەمی ئیسرائیل پرسیاری لێكرا، ترەمپ وتی: ئەوان دەیانەوێت دەستوەردان بكەم، بەڵێ، ئارەزوو دەكەن من بەشدار بم. سەبارەت بە متمانەشی بە ناتانیاهۆ وتی: بە راشكاوی، من متمانەم بە هیچ كەسێك نییە، بێ ئەوەی روونیكاتەوە ئایا نیگەرانییەكی تایبەتی بەرامبەر بە ناتانیاهۆ هەیە یان نا.
سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، ئاستی جەماوەریی خۆی لە ناوخۆی ئیسرائیلدا و بانگەشەی ئەوەی كرد، خەڵكی ئیسرائیل دەڵێن ئەگەر من خۆم بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە كاندید بكەم، 99%ی دەنگەكانیان بەدەستدەهێنم. لە هەمان كاتدا ترەمپ تەئكیدیكردەوە پەیوەندییەكی زۆر باشی لەگەڵ ناتانیاهۆ هەبووە و هەردوو وڵاتیش خاوەنی هاوبەشییەكی سەربازیی زۆر سەركەوتوون.
هەروەها ترەمپ ستایشی هەماهەنگیی سەربازیی نێوان واشنتۆن و تەلئەبیبی لە جەنگی دژ بە ئێراندا كرد و رایگەیاند، ئۆپراسیۆنە سەربازییە هاوبەشەكان رۆڵێكی بەرچاویان بینیوە لە لاوازكردنی توانای سەربازی و سەركردایەتیی دەسەڵاتی تاران.
هاوكات سەبارەت بە ئێران، سەرۆكی ئەمریكا وتوویەتی: بە هیچ شێوەیەك بیری لە بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی دژی ئێران نەكردووەتەوە، بەڵام رەنگە بۆمبە زەبەلاحەكەی ئەمریكا كە بەدایكی بۆمبەكان ناسراوە، لەو جەنگەدا بەكاربهێنێت.
.