سەرۆك كۆماری ئێران رەخنەی سیاسەتی سەپاندنی سزای زیاتر و گەمارۆدانی وڵاتەكەی گرت و راگەیاند: ئەمریكا و ئیسرائیل بەو جەنگانەی هەڵیانگیرساندووە بوونەتە هۆكاری وێرانكاریی ژینگەیی.
مەسعود پزیشكیان، سەرۆك كۆماری ئێران، لە لووتكەی رێككەوتننامەی جۆرایەتی بایۆلۆجی وتی: جەنگەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل لە ناوچەكە بوونەتە زیانگەیاندن و وێرانكاریی ژینگەیی.
هەروەها رەخنەی لە سزا سەپێندراوەكانی سەر وڵاتەكەی گرت و رایگەیاند، بەهۆی گەمارۆكانەوە ناتوانن روبەڕووی قەیران و ئاڵنگارییە ژینگەییەكان ببنەوە.
پزیشكیان لە وتارەكەیدا، هێرشی تووندی كردە سەر سیاسەتەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل و دەڵێت: ئەو جەنگە داگیركارییەی ئەمریكا و ئیسرائیل لە ناوچەكەمان هەڵیانگیرساندووە، بەهۆی زیانگەیاندن بە دامەزراوەكانی وزە و بڵاوبوونەوەی پیسكەرەكان، بووەتە هەڕەشە بۆ سەر سروشت و ژینگە، لەنێویاندا وێرانكارییەكانی غەززە و وێرانكارییەكانی ژینگەییە و پێویستە ئیدانە بكرێت.
سەرۆك كۆماری ئێران باسی لە دۆخی وڵاتەكەی كرد و وتی: ئێران رووبەڕووی گۆڕانی كەشوهەوا و وشكەساڵی بووەتەوە، لە هەمان كاتدا قوربانیی سزاكانی ئەمریكا و هێرشە سەربازییەكانە، بەتایبەت هێرشكردنە سەر كۆگاكانی سووتەمەنی. پزیشكیان روونی كردەوە، بەهۆی ئەو سزایانەوە دەستڕاگەیشتنیان بە تەكنەلۆژیا و سەرچاوە داراییەكان سنووردار بوون و دۆخەكەیان زۆر خراپتر كردووە.
پزیشكیان پەیامێكی ئاراستەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد و داوای كرد سەرچاوەی دارایی و تەكنەلۆژیای پێویست بۆ وڵاتانی سزادراو دابین بكەن. وتیشی: نابێت ئەو وڵاتانەی گەمارۆی ئابووری دراون یان هێرشیان دەكرێتە سەر، بە تەنیا باجی ژینگەیی ئەو جەنگ و گەمارۆیانە بدەن كە خۆیان دەستیان پێنەكردووە.