باسم محەممەد خزیرە وەزیری نەوتی عیراق رایگەیاند ،وەزارەتەكەیان پلانی هەیە بەرهەمی نەوت لە چوار كێڵگەی نەوتی كەركوك بۆ 450 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا بەرز بكاتەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی نەوت، لە چوارچێوەی ستراتیژی حكومەت و وەزارەت بۆ پەرەپێدانی پیشەسازیی نەوت و غاز، بەڕێوەبردنی كارەكانی چوار كێڵگەی كەركوك، واتە كەركوك، بای حەسەن، خەباز و جەمبوور، لە كۆمپانیای نەوتی باكوور و كۆمپانیای غازی باكوورەوە گوازرایەوە بۆ دەستەی بەڕێوەبردنی هاوبەشی ئەو كێڵگانە.وەزیری نەوت رایگەیاندووە ، كۆمپانیای بی پی هاوبەشێكی ستراتیژییە لە بواری وەبەرهێنان لە نەوت و غازدا، و كاركردن بە گیانی یەك تیمی لەگەڵ ئەم كۆمپانیایە یارمەتیدەر دەبێت بۆ چارەسەركردنی ئاڵنگاری و كۆسپەكانی بەردەم پڕۆژەكە.بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، پڕۆژەكە لەگەڵ كۆمپانیا بەریتانییەكە تەنیا لە بەرهەمهێنان و وەبەرهێنانی نەوت و غازدا كورت نابێتەوە، بەڵكو لە قۆناغی داهاتوودا راهێنانی كادرەكانی وەزارەت، گواستنەوەی شارەزایی و تەكنەلۆژیا، هەروەك درووستكردنی ژێرخانی خزمەتگوزاری بۆ دانیشتووانی ناوخۆیی دەگرێتەوە.