ژمارەی ئەو كەسانەی بەهۆی لافاو و بارانبارینی بەلێزمە لە شاری ئیستانبوڵ گیانیان لەدەستدا بۆ چوار كەس بەرزبووەوە و گەڕان بەدوای پێنج بێسەروشوێندا بەردەوامە.
داود گول، پارێزگاری ئیستانبوڵ رایگەیاند، دوای گیانلەدەستدانی كرێكارێك لە كاتی دەرهێنانی ئاوی كۆبووەوە لە شوێنی دروستكردنی خوێندنگەكەیەك لە ناوچەی بەیكۆز، ژمارەی قوربانییانی لافاوەكە لە شارەكە گەیشتە چوار كەس.
پارێزگاری ئیستانبوڵ ئاماژەی بەوەش كرد حەوت بریندار لە نەخۆشخانەكان لەژێر چارەسەردان و حەوتی دیكەش دوای وەرگرتنی چارەسەر نەخۆشخانەیان جێهێشتووە، هاوكات ئۆپراسیۆنی گەڕان بەدوای پێنج كەسی بێسەروشوێندا بەردەوامە.
لە لایەكی ترەوە، مورات كوروم، وەزیری ژینگە، شارسازی و گۆڕانی كەشوهەوای توركیا، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە ناوەندی هەماهەنگیی كارەساتەكان (ئافاد) ئاشكرای كرد، ئیستانبوڵ رووبەڕووی بەهێزترین شەپۆلی بارانبارین بووەتەوە لە ماوەی 83 ساڵی رابردوودا، بە جۆرێك لە ماوەی 24 سەعاتدا لە هەر مەتر چوارگۆشەیەكدا 186 ملیمەتر باران باریوە و كۆی گشتیی بارانبارینەكە گەیشتووەتە 273 ملیمەتر. ئەم بارانە بەخوڕە لە ماوەی تەنیا یەك رۆژدا ئاستی ئاوی بەنداوەكانی شارەكەی بە رێژەی 7% بەرزكردووەتەوە.
بەپێی وتەی وەزیری ژینگە، ئەم شەپۆلە لە 39 قەزای جیاوازی ئیستانبوڵ بووەتە هۆی روودانی 48 رۆچوونی زەوی و داڕمانی 53 دیوار. تیمەكانی فریاگوزاری توانیویانە 3 هەزار و 57 هاووڵاتی رزگار بكەن و بۆ ناوەندە گشتییەكان بیانگوازنەوە. تەنیا لە گەڕەكی ئایازئاغای ئیستانبوڵ، زیان بە 300 شوێنی بازرگانی و 200 ئۆتۆمبێل گەیشتووە، هەروەها وەك رێكارێكی خۆپارێزی هێڵی كارەبای 40 هەزار ماڵ لە هەردوو بەشی ئەوروپی و ئاسیایی شارەكە بڕدراوە.