حەیدەر عەبودی وتەبێژی حكومەتی عیراق دەڵێت، لایەنە سیاسییەكان داوای زیاد كردنی چەند وەزارەتێكیان لە حكومەتەكەی زەیدی كردووە .
حەیدەر عەبودی لە لێدوانێكدا بۆ میدیا عیراقییەكان ئاماژەی بەوەكرد، گفتوگۆ لەنێوان لایەنە سیاسی و فراكسیۆنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران لەئارادایە بۆ زیادكردنی چەند وەزارەتێك و چاكسازیكردن لە چەند وەزارەتێكی تر .
حەیدر عەبودی ئەو دەنگۆیانەی رەتكردەوەكە باس لە دروستكردنی وەزارەتێك بە ناوی وەزارەتی زیرەكی دەستكرد دەكەن و رایگەیاند،خەمی ئێستای حكومەتی عیراق تەواوكردنی كابینە وزارییەكەیە، تا ئێستا نۆ وەزارەتی ماوە لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر بدرێت و ئەو وەزارەتانەشی كە دەنگیان لەسەر نەدراوە بە وەكالەت بەڕێوەدەبرێن و دەسەڵاتی تەواوەتیان نییە.ئەوەش كێشەی بۆ كاركردنی تەواوی كابینەكە و جێبەجێكردنی بەرنامەی كابینەكە دروست كردووە.
پێشتر ئەحمەد سەعدی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی ڕەوتی حیكمە ئاماژەی بەوە كرد، عەلی زەیدی سەرۆكوەزیران سێ وەزارەت بۆ كابینەكەی زیاد دەكات ئەوانیش وەزارەتی گەشتوگوزار كە پشكی مونتەسیرونە بە سەرۆكایەتیی ئەبو ئالای وەلائی، هەروەها وەزارەتی زیرەكی دەستكرد كە پشكی خەدەماتە بە سەرۆكایەتیی شبل زەیدی و محەممەد ساحب دەراجی ئەو پۆستە وەردەگرێت، هەروەها وەزارەتی دەوڵەت كە پشكی بەرەی توركمانییە.
لە مانگی ئایاری 2026 ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق لە كۆی 23 وەزارەت، متمانەی بە 14 وەزیری كابینەكەی عەلی زەیدی بەخشی و بەهۆی نەبوونی سازان لەسەر كاندیدەكان دەنگدان لەسەر نۆ وەزارەت دواخرا.