وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق دەڵێت، لەم كاتەدا عیراق رۆژانە دوو ملیۆنو 700 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە دەكات و داهاتی مانگانەی هەناردەی نەوت و بەرهەمەكانیشی دەگاتە نزیكەی پێنج ملیار دۆلار، ئەوەش پاڵپشتێكی باش دەبێت بۆ خەزێنەی دەوڵەت.
سەلیم رووكابی، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق ڕایگەیاند، هەناردەی نەوت ئێستا دوو ملیۆن و 700 هەزار بەرمیلە، لەو بڕەش دوو ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل لەرێگەی باشووری عیراقەوە هەناردە دەكرێت، 250 هەزار بۆ 300 هەزار بەرمیل نەوتیش لە رێگەی هەرێمی كوردستانەوە و لە بەندەری جەیهانەوە هەناردە دەكرێت كە لەناو ئەم بڕەدا نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێمی كوردستانیش هەیە.
بەوتەی ڕووكابی، داهاتی مانگانەی هەناردەی نەوتی خاو و بەشێك لە بەرهەمە نەوتییەكانی دیكە هەموویان پێكەوە نزیكەی چوار ملیار و 500 ملیۆن بۆ پێنج 5 ملیار دۆلارە كە (دەكاتە شەش ترلیۆن و 750 ملیار بۆ حەوت ترلیۆن و 500 ملیار دینار)، ئەوەش پاڵپشتێكی باش دەبێت بۆ خەزێنەی دەوڵەت.