یەكەم گەشتی ئاسمانی لە فڕۆكەخانەی نەجەفەوە بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی ئیمام خومەینی لە تاران ئەنجامدرا، ئەمەش دوای بەخشینی لە سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر كەرتی فڕۆكەوانی و گەشتە ئاسمانییەكانی ئێران.
بەپێی میدیاكانی ئێران، ئەمڕۆ پێنجشەممە سەعات 7 و 30 دەقیقەی بەیانی، یەكەم فڕۆكەی هێڵی ئاسمانیی عیراقی وەك كۆمپانیایەكی بیانی، دوای راوەستانی بەهۆی سزاكانی ئەمریكاوە، لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی ئیمام خومەینی تاران نیشتەوە.
ئەم گەشتە لەسەر هێڵی (نەجەف - تاران - نەجەف) ئەنجام دەدرێت، كە نیشانەی دەستپێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییە راستەوخۆ و رۆژانەیییەكانی ئەو كۆمپانیایەیە بۆ فڕۆكەخانەی ئیمام خومەینی.
وەزارەتی گواستنەوەی عیراق ئاشكرایكردوە، پلانە نوێیەكە گەشتی بەردەوام و رۆژانە لەنێوان فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف و فڕۆكەخانەكانی مەشهەد، تاران و ئەسفەهان لەخۆدەگرێت، ئەمەش بە مەبەستی ئاسانكاری لە هاتووچۆی گەشتیاران و رەخساندنی دەرفەتی گواستنەوەی ئاسمانیی بەردەوام لەنێوان عیراق و شارەكانی ئێراندا.
لە مانگ رابردوودا، ئەمریكا زنجیرەیەك سزای توند و بەرفراوانی بەسەر كەرتی فڕۆكەوانیی ئێراندا سەپاند. بەپێی ئەم سزایانە، هەر وڵات یان كۆمپانیایەكی بیانی هاوكاری یان ئاسانكاری بۆ فڕۆكە ئێرانییەكان بكردایە (وەك دابینكردنی سووتەمەنی، خزمەتگوزاریی زەمینی یان كارگۆ)، دەكەوتە ژێر سزای قورسی دارایی ئەمریكاوە. لەبەر ئەمە، حكومەتی عیراق لە كۆتایی مانگی ئەیلوولدا ناچار بوو سەرجەم گەشتە ئاسمانییەكانی لەگەڵ ئێراندا رابگرێت بۆ ئەوەی خۆی لە سزاكان بەدوور بگرێت. راگرتنی گەشتەكان زیانێكی زۆری بە كەرتی ئابوری و گەشتیاریی عیراق گەیاند، بەتایبەت لە شاری نەجەف كە ناوەندێكی سەرەكیی گەشتیاریی ئاینییە و ساڵانە ملیۆنان زیارەتكاری ئێرانی سەردانی دەكەن.
ئەم بڕیارە ناڕەزایەتییەكی زۆری لە ناوخۆی عیراق (بەتایبەت لەلایەن لایەنە شیعەكان) و حكومەتی ئێرانیشەوە لێكەوتەوە. لەبەر ئەمە، حكومەتی عیراق بە سەرۆكایەتی عەلی زەیدی هەوڵێكی چڕی دیپلۆماسی دەستپێكرد بۆ بەدەستهێنانی لێخۆشبوونێكی مرۆیی و مەدەنی لە ئەمریكا. وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا لەسەر داوای بەغداد رەزامەندی نیشان دا لەسەر پێدانی بەخشینێكی تایبەت و كاتی، بەڵام بە چەند مەرجێكی دیاریكراو، لەوانە: سنوورداركردنی گەشتەكان و گرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنیی توند.