ناوەندی ئەکادیمیی توێژینەوەی نیشتمانی ، لە بارەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عیراق و لێکەوتەکانی هۆشداری دەدات لە هەموو هەنگاوێکی ناهاوسەنگ یان خێرا کە بۆشایی ئەمنی و سیاسی لە وڵاتدا دروستبکات، دووپاتیشی دەکاتەوە، ئەزموونی مێژوویی و پێشوو نیشانیداوە، لە نەبوونی گەرەنتیی نێودەوڵەتیدا، مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێنە ئامانجی گوشاری سیاسی یان پێشێلکاریی سیستماتیک.
ناوەندی ئەکادیمیی توێژینەوەی نیشتمانی، لە راگەیەندراوەکەیدا، ئاماژەی بەوەکردووە:لە قۆناغێکی هەستیاری سیاسی و ئەمنیدا، کە ناوچەکە و عیراق و هەرێمی کوردستان بەخۆیەوە دەبینێت، کشانەوەی هێزەکانی ویلاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عیراق، بووەتە پرسێکی هەستیار و هەنووکەیی گۆڕەپانی سیاسی.
ناوەندەکە، هۆشداری دەدات لە هەموو هەنگاوێکی ناهاوسەنگ یان خێرا کە بۆشایی ئەمنی و سیاسی لە وڵاتدا دروستبکات، بەتایبەتی لەسایەی قەیرانە بەردەوامەکان و ململانێ مێژووییە تائیفی و مەزهەبییە ناوخۆییەکاندا.
دەشڵێت: مەترسیی هەرە لەپێش لە بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان و جێبەجێکردنی، بریتییە لە دروستبوونی بۆشایی ئەمنی، کە ڕەنگە لەلایەن گرووپە پەڕگیر و پاشماوەکانی داعشەوە بقۆزترێتەوە.
هەر لە راگەیەندراوەکەیدا، ناوەندی ئەکادیمیی توێژینەوەی نیشتمانی، ئاماژە بەوە دەکات،عیراق کۆمەڵگەیەکی فرەپێکهاتەیە و سەقامگیرییەکەی لەسەر بنەمای هاوسەنگییەکی ناجێگیر و پڕ لە کێشمەکێشی سیاسی ڕاوەستاوە. لەم چوارچێوەیەدا، پێکهاتەی کورد ترسی بابەتی و ئارگیۆمێنتی خۆی هەیە، لەوەی کە بەکشانەوەی هێزە نێودەوڵەتییەکان، بێلایەنی و گرەنتییە دەستوورییەکانی لاواز ببن.
روونیشی دەکاتەوە، کە ئەزموونی مێژوویی و پێشوو نیشانیداوە، لە نەبوونی گەرەنتیی نێودەوڵەتیدا، مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان و مافە سیاسی و ئابوورییەکانی دەکرێنە ئامانجی گوشاری سیاسی یان پێشێلکاریی سیستماتیک لەلایەن ناوەندە دەستڕۆیشتووەکانی پرۆسەی سیاسیی عیراقەوە.
ناوەندی ئەکادیمیی توێژینەوەی نیشتمانی ACNS ، بۆ پاراستنی سەقامگیریی وڵات و مافی پێکهاتەکانی، بەتایبەتیش گەلی کورد، جەخت لە چەند خاڵێک دەکاتەوە، لەوانە بڕیار لەسەر بنەمای لێکدانەوەی ستراتیژی و مامەڵەکردن لەگەڵ قۆناغی دوای کشانەوەدا، ستراتیژی و نیشتمانی بێت، هەروەها دەبێت حکومەتی فیدراڵی پابەندبوونی خۆی بە بنەماکانی هاوبەشیی ڕاستەقینە، تەوافوق و جێبەجێکردنی ماددە دەستوورییەکان (وەک ماددەی 140 و مافە ڕەواکانی هەرێمی کوردستان) دووپات بکاتەوە.
لە کۆتایشدا، ناوەندی ئەکادیمیی توێژینەوەی نیشتمانی ،دووپاتی دەکاتەوە کە پێویستە لایەنە سیاسییەکانی عیراق کۆدەنگ بن لەسەر دروستکردنی میکانیزمێکی نیشتمانی بۆ پاراستنی پێکهاتەکان و ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێک کە ببێتە هۆی پەراوێزخستنیان، یان زیانگەیاندن بە ماف و بەرژەوەندییەکان وجەختیش دەکاتەوە کە کۆی ڕووداوە گڕگرتووەکانی ئێستای ناوچەکە و جیهان، ئەو خواستە لای گەلانی عیراق و بەتایبەتی گەلی کورد بەهێزتر دەکەن، کە عیراق بەگشتی لەم قۆناغە بەدواوە پێویستی زیاتری بە پاڵپشتیی نێودەوڵەتی هەیە و ناکرێت کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لەعێراقدا واتای پاشەکشەی ئەو پاڵپشتییە بگەیەنێت.