لە نۆیەمین ساڵیادی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال؛ ڕابەری نیشتمانی و دامەزرێنەری زانکۆی کۆیە

کوردستان 09:46 PM - 2026/10/02

نۆ ساڵ بەسەر ماڵئاوایی یەکجارەکیی سەرکردەی مەزن و هێمای ئاشتی و تەبایی، سەرۆک مام جەلال تێدەپەڕێت. کەسایەتییەکی مێژوویی و دەگمەن کە تەمەنێکی پڕ لە خەبات بۆ ئازادی و سەرفرازیی گەلەکەی تەرخان کرد، و ژیانی خۆی کردە چرایەک بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی نەتەوەکەمان و بنیاتنانی ئەزموونێکی نوێ و پێشکەوتوو لە کوردستان و عێراقدا.
سەرۆک مام جەلال، خەبات و بەرخودانەکەی تەنیا لە سەنگەری شۆڕش و ململانێی سیاسیدا قەتیس نەدەکرد؛ بەڵکو باوەڕێکی قووڵ و نەگۆڕی هەبوو بەوەی سەروەریی ڕاستەقینە و ئایندەی گەش، لە ڕێگەی زانست، ڕۆشنگەری و پەروەردەی سەردەمییانەوە بەدی دێت. ئەو هەمیشە جەختی لەوە دەکردەوە کە پێشکەوتنی هەر گەل و نیشتمانێک بە پلەی یەکەم پەیوەستە بە توانستی ئەکادیمی و پێگەیاندنی نەوەیەکی وشیار، ڕەخنەگر و داهێنەر.
لە چوارچێوەی ئەم دیدگا فراوان و ستراتیژییەدا، بڕیاری دامەزراندنی "زانکۆی کۆیە" لە شارێکی پڕ لە مێژوو، ئەدەب، هونەر و شۆڕشگێڕی، وەرچەرخانێکی گرنگ و مێژوویی بوو. سەرۆک مام جەلال بە دەستی خۆی بەردی بناغەی ئەم ناوەندە ئەکادیمییەی دانا، بەو ئامانجەی ببێتە قەڵایەکی زانستیی پێشەنگ لە ناوچەکە و دەروازەیەکی زێڕین بۆ پێگەیاندنی کادر و پسپۆڕانی بوارە جۆراوجۆرەکان، تا بەشدار بن لە ئاوەدانکردنەوە و خزمەتکردنی نیشتمان. لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تا دوا ساتەکانی ژیانی، سەرۆک مام جەلال هەمیشە وەک پشتیوان و ڕابەرێکی دڵسۆز، چاودێریی گەشەکردن و هەنگاوەکانی ئەم زانکۆیەی دەکرد.
ئەمڕۆ، زانکۆی کۆیە کە میراتێکی زانستی و نیشتمانیی سەرۆک مام جەلالە، لە قۆناغێکی پڕ لە گەشەکردن و بەرەوپێشچووندایە. سەرۆکایەتیی زانکۆی کۆیە لەگەڵ مامۆستایان، فەرمانبەران و خوێندکارانی زانکۆ، لەم یادە پڕ لە شکۆیەدا دووپاتی دەکەنەوە کە وەفاداری بۆ ڕێبازی سەرۆک مام جەلال، لە بەردەوامیدایە بە بەرزڕاگرتنی ئاستی زانستی، ئەنجامدانی توێژینەوەی بە کوالیتیی بەرز، خزمەتکردنی کۆمەڵگە و پاراستنی ژینگە لە ڕێگەی دەستپێشخەرییە ئەکادیمی و نیشتمانییەکانەوە.
لە نۆیەمین ساڵیادی کۆچیدا، سڵاوی وەفا و پێزانین بۆ گیانی پاکی سەرۆک مام جەلال دەنێرین، و یادی پڕ لە وانە و ئەزموونی ئەو لە ناخی هەموو دڵسۆزێکی زانست و نیشتماندا زیندوو دەمێنێتەوە.
سڵاو لە گیانی پاکی شکۆی گەل و نیشتمان، سەرۆک مام جەلال
سەرۆکایەتیی زانکۆی کۆیە

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو