نۆ ساڵ بەسەر ماڵئاوایی یەکجارەکی ڕابەری نەتەوەیی و نیشتمانیی سەرۆک مام جەلال تێپەڕدەبێت و ئەمڕۆ لەهەر کاتێک زیاتر بەها مەزنەکانی کە تێکۆشانی لە پێناودا کرد، وەک رێگای درەوشاوەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و عیراق دووپات دەبێتەوە، رێگای سەرکەوتنی وڵاتێکی دەستووری و فیدراڵی کە هاوبەشی و هاوسەنگی حکومڕانی ڕێنوێنی خەباتی سیاسییان بێت.
سەرۆک مام جەلال بە بەرچاو ڕوونی وتێگەیشتنێکی قووڵەوە لە هەموو قۆناغەکانی گۆڕانکاری سیاسی ناوچەکە و جیهان ، نزیکەی حەوت دەیەی لە تەمەنی پڕ بەرەکەتی خۆی لە خەباتێکی هەمەلایەنەی حزبایەتی ، فیکری ، ڕوناکبیری و پێشمەرگایەتی، بەتایبەتیش لە ڕێبەرایەتی کردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و شۆڕشی نوێی گەلەکەمان، ئینجا لەسەرخستنی ئەزموونی کوردستان و لە دوای پرۆسەی ئازادی عیراقیش لە ڕەگداکوتینی بناغەی وڵاتێکی دەستوریدا خستەگەڕ. لە ترۆپکی ئەم خەباتە درێژخایانەشدا مام جەلال وەک یەکەم پێشمەرگەو یەکەم ڕابەری دیموکراتی، سەرۆکایەتی کۆماری عیراقی فیدراڵی گرتەئەستۆ و بووە پارێزەری دەستووریی لە مافەکانی گەلی کورد و هەموو پێکهاتەکان، بووە سەممام ئەمانی وڵاتێک کە سەرەنجام بەسەر دژوارییەکانی حوکمی دیکتاتۆریی زاڵ دەبێت و ڕوو لە سیستمێکی پەرلەمانی و حکومەتێکی سەربەخۆ و فیدرال دەکات.
بە جۆرێک هەتا ئەمڕۆش ئەندێشە مەزنەکانی سەرۆک مام جەلال ستوونی پتەوی ئەزموونەکەمان و بەردی بناغەی ئەم پرۆسە سیاسییەی عیراقیشە.
بێگومان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆک بافل جەلال تاڵەبانی هەم شانازیی بەم پێگە سەربەرزەی سەرۆک مام جەلالەوە دەکات و هەمیش وەفاداری درێژەپێدانی کەلتورەکەیەتی لە هەلومەرجی تازەی ناوچەکەدا. بۆیە سەر لەنوێ پابەندبوونی خۆی بەو ڕێبازە ئاوەدانە دووپات دەکاتەوە کە تێکۆشانی گەلی کوردستانی پایەدار کرد، عیراقی لە دیکتاتۆری رزگارکرد و نەخشەڕێی چارەسەری دەستووری کێشەکانی داڕشت، بە کێشەی ناوچە دابڕاوەکانی کوردستانیشەوە، بەتایبەتی کەرکوک ، وەک شاری برایەتی و پێکەوەژیان.
لەم بۆنە سەنگینەی
یادی نۆساڵەی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلالدا
درود بۆ گیانی بەرزەفڕی ڕابەری گەورەی نەتەوەیی و نیشتمانیمان.
ڕۆحی گشت شەهیدانی رێی ئازادی کوردستان و عیراق شاد و ئاسوودە بێت.
مەکتەبی سیاسیی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان