مەلا ئیدریس ژاڵەیی: (سەرۆک مام جەلال تاڵەبانی)یادەوەری نیشتیمان و گەلێکی زیندووە

کوردستان 02:23 PM - 2026/10/02

لە ساڵیادی کۆچی دواییی سەرۆک مام جەلال تاڵەبانی دا .
با ڕێزگرتن لە زانایان و پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیان هەمیشە زیندوو بمێننەوە.
هەندێک مرۆڤ کاتێک کۆچی دوایی دەکەن تەنها ناویان لە پەڕەکانی مێژوودا دەمێنێتەوە ! بەڵام کەسانێک هەن لە دوای کۆچکردنیان دەبن بە بەشێک لە یادەوەریی گەل و نیشتمان ، بێگومان  (سەرۆک مام جەلال تاڵەبانی)یادەوەری نیشتیمان و گەلێکی زیندووە .
لە ساڵیادی کۆچی دواییی ئەو سەرکردە نیشتیمانییەدا زۆر لایەنی ژیانی سیاسی و خەباتی مام جەلال بۆ ڕزگاری گەل و نیشتمان شایانی ئەوەن هەمیشە مەشخەڵی ڕونککەرەوەی ڕێگاکانی سەروەری بن، بەڵام من دەمەوێت لەم بۆنەیەدا چەند دێڕێک لە ڕوانگەیەکی تایبەتیی کەسایەتیی ئەوەوە بنوسم کە ئەویش ڕێز و خۆشەویستی بوو بۆ زانایانی ئایینی و مەلای کورد، خۆشەویستیی ئەو بە شێوەیەکی گشتی بۆ ئاینداران و بەتایبەتی ئیسلامەتی کوردەواری هەمیشە لە باوەڕی قووڵی بە ئاشتی و پێکەوەژیان دا ڕەنگی دەدایەوە ٠
مام جەلال لە ژینگەیەکی دینی و خێزانێکی ئاینپەروەری کوردیدا گەورە بوو  بۆیە پەیوەندیی ئەو لەگەڵ مەلا و شێخ و کەسایەتیە ئاینیەکان تەنها پەیوەندییەکی سیاسی و فەرمی نەبوو، بەڵکو پەیوەندییەکی مرۆیی و کۆمەڵایەتی و  ڕێز و خۆشەویستی بوو،
لە کتێبی (مام جەلال - دیداری تەمەن لە لاوێتییەوە بۆ کۆشکی کۆماری) لەوەڵامی پرسیاری سەرەتای قوتابخانە و لاوێتیت لە کوێ بردۆتە سەر؟ 
دەفەرموێت: ( چەند ساڵێک لە دێی کەلکان ماینەوە، پاشان مامێکی گەورەی باوکم لە کۆیە شێخی تەکیەی تاڵەبانی بو، ئەمری خوای بەجێهێنا و باوکمی لە جێی خۆی دانا، ئەو بووە مورشیدی تەکیەکە. لەبەرئەوە ماڵمان چووە کۆیە، لەبیرم نییە چ ساڵێک چوینە کۆیە، بەڵام ئەزانم کە ئێمە چوینە کۆیە ، باری ژیانمان بەتەواوی گۆڕا، لەلادێوە ڕومان کردە شار.
تەکیە ساحەیەکی زۆر گەورەی هەبوو، باخ و سەوزایی لێبوو، هەموو ڕۆژێ زیکر و تەهلیلە و نوێژی لێ ئەکرا. نوێژی جەماعەت و بانگی پێنج وەختە، هەموو ئەوانە ئێمەی خستە جەوێکی دینی و جەوێک کە دەروێش و تەکیە و قورئان خوێندن و تەهلیلە و زیکر گرتبویەوە، من لە یادمە هەر لەمناڵییەوە ئەچومە ئەو ئەڵقانەوە.
واتە لە زیکر و تەهلیلە و خودا پەرستی بەشداریم ئەکرد و لە پێش ئەوەی بچینە قوتابخانەش لە حوجرە دایانناین کە ئەبێ قورئان بخوێنین و فێربین.)" مام جەلال - دیداری تەمەن لە لاوێتییەوە بۆ کۆشکی کۆماری، ئامادەکردنی سەڵاح ڕەشید، چاپی پێنجەم2023، ناوەندی ڕۆشنبیری ئەدیبان، بەرگی یەکەم ،لاپەڕە،21-  22"٠ 
مام جەلال ئەوحەقیەتەی باش دەزانی کە مەلا لە کۆمەڵگای کوردیدا تەنها ئیمامی مزگەوت و وتاربێژ نییە! بەڵکو مامۆستا و ڕێنوێن کار و دڵسۆزی خەڵک و گیانفیدای نیشتمانە، ئاشتیخواز و چاکسازە و لە زۆر کاتیشدا پەنای دڵە تۆراو وخەمگینەکانە.
لەبەر ئەوە ڕێزی مام جەلال بۆ مەلا تەنها ڕێزگرتن لە کەسێکی ئایینی نەبوو! بەڵکو ڕێزگرتن بوو لەو پەیوەندییە قووڵەی کە زانای ئایینی لەگەڵ کۆمەڵگا و خەڵک و کوردایەتی و نیشتمان پەروەریدا هەیەتی ،
مام جەلال باوەڕی وابوو کە زانای ئایینی دەتوانێت مینبەر بکاتە شوێنی ڕەحمەت و خۆشەویستی دوور لە کینە و دابڕان! هەمیشە لە دیدارەکانی لەگەڵ زانایانی ئایینی جەختی لەسەر ڕۆڵی ئەوان لە بڵاوکردنەوەی ئاشتی و لێکتێگەیشتن و یەکڕیزی و یەکتر قەبوڵکردن و ڕەدکردنەوەی توندڕەوی و توندوتیژی کردووەتەوە.
ئەم تێڕوانینەش ڕۆحی پەیامی ئاینە  چونکە ئاین بانگەوازی ڕەحمەت و داد و لێبوردەیی و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤە.
مام جەلال زۆر باش دەیزانی کە کوردستان و عێراق نیشتمانی پێکهاتە و ئایین و کەلتوورە جیاوازەکانە بۆیە پێکەوەژیان لای ئەو تەنها دروشمێکی سیاسی نەبوو ، بەڵکو بنەمایەکی گرنگی ژیانی هاوبەش و ئارامی و گەیشتن بە ئامانجە سەرەکیەکان بوو.
 هەر ئەم تێگەیشتن و دیدگایەیەش بوو دەبووە هۆی ئەوەی مام جەلال هەمیشە لە گفتوگۆکان سەرکەوتوو دەبوو و هەمیشە بە ڕووخۆشی و وشەی شیرین و دڵنەرمی دەناسرایەوە، هەمیشە لەگەڵ سەرکردە و زانا و مەلا و هاووڵاتیی ئاسایی بە زمانێکی نزیک و دۆستانە دەدوا، زمانێک کە دڵی بەرامبەرەکەی دەکردەوە و ڕادەکێشا بۆ لای خۆی .
لە کەلتووری کوردیدا "مام" تەنها بۆ برای باوک بەکارناهێنرێت وشەیەکە پڕ لە نزیکی و متمانە و خۆشەویستی! بۆیە هەر لە سەرەتاوە ئەو بە مامی هەمووان ناسرا پێش ئەوەی بە سەرۆک بناسرێت .
ئەمڕۆ کە یادی نۆ ساڵەی کۆچی دووایی مام دەکەینەوە ڕاستە مام جەلال لەنێوماندا نییە بەڵام باشترین شێوەی وەفاداری و گرنگیدان بە یاد و میراتەکەی ئەوەیە کە ئەو بەهایانە بپارێزین کە بۆیان ژیا و لە پێناویدا خەباتی کرد، بۆ نمونە :
بەپێشەوا زانینی زانایان،
ڕێزگرتن لە ئایین و ئاینزاکان ،
سازش نەکردن لە مافە ڕەوا و خواداوەکان،
گفتوگۆ لە بری ناکۆکی،
سۆز و خۆشەویستی لە جێگەی ڕق و کینە،
لێبوردەیی لەبری توندڕەوی،
پێکەوەژیان لەبری دابڕان.
ئەم پەیامانەش دەکرێت جوانترین پەیامگەلێک بن کە بە شانازیەوە لە ساڵیادی کۆچی دواییی مام جەلالدا بۆ نەوەکانی داهاتوومان ئاماژەی پێبدەین.
مام جەلال کۆچی کردووە بەڵام ئەو پەیامە جوانانە هەمیشە زیندوون،
مرۆڤەکان دەمرن بەڵام کردار و پەیامە بەسودەکان دەمێننەوە.
خوای گەورە لە سەرۆک مام جەلال خۆش بێت و هەمیشە ڕۆحی شاد بێت  و خەبات و خزمەتەکانی بۆ گەل و نیشتمان لە تەرازوی چاکە و خێردا قەبوڵ بفەرموێت.

مەلا ئیدریس ژاڵەیی

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو